تورکیا هەوڵی نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمەریکا دەدات تورکیە

نوچەنێت

بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی تورکیا بکات، بەگوێرەی زانیارییەکان تورکیا لە کۆبوونەوەی سبەی ئامادەیی پیشاندەدات کە دەتوانن وەک نێوەندگیر لەرێگەی دیالۆگ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان کۆشکی سپی و تاران بکەن، هەروەها تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتییە لە ڕووبەرووبوونەوەی ئێران دژ بە هێزەکانی بژاک دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (2026/1/29) ماڵپەڕی (بیرگون) بڵاوی کردەوە، لە (30)ـی کانوونی دووەم کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان عەباس عێراقچیوەزیری دەرەوەی ئێران  و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیان سبەی لە ئەنقەرە بەرێوەدەچێت، تورکیا ئامادەیە بۆ کۆتایهێنان بە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا وەک نێوەندگیر کار بکات. هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەنقەرە هەوڵ دەدات میوانداری کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و مەسعود پزیشکیان سەرۆکی ئێران رێک بخات.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەبارەت بەو سەردانە ئاشکرای کردووە، چاوەروان دەکرێت لە کۆبوونەوەکە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و دوایین پێشهاتەکانی جیهان و ناوچەکە تاوتوێ بکرێت، تەوەررێکی دیکەی کۆبوونەوکە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە بوارەکانی وزە و گواستنەوە و ناوەندەکانی بازرگانی نێوان هەردوولا دەبێت.

هاوکات وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هاوتا ئێرانییەکەی دووپات دەکاتەوە، کە تورکیا دژی هەموو دەستوەردانێکی سەربازیی و هێزی دەرەکییە لە ئێران و ئامادەیە وەک نێوەندگیر بەرێگەی دانوستاندن کێشەکان چارەسەر بکرێت، هەروەها لەم چوارچێوەیەدا باس لە ئاسایشی هەردوو وڵات دەکرێت بەتایبەت ڕووبەرووبوونەوەی ئێران دژی هێزەکانی بژاک کە تورکیا پێیوایە دەبێتە دەرفەتێک بۆ بەرقەرابوونی ئاسایشی و سەقامگیری ناوچەکە، جگە لەمانە گفتوگۆ لەبارەی ئاگربەستی سووریا دەکرێت.

جێگەی ئاماژە پێدانە، تادێت هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران زیاتر دەبێت و بەرپرسانی باڵای ئیرانیش بەتوندی وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ دەدەنەوە، تورکیا وەک وڵاتێکی دراوسێ لە ناوچەکە دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان و تێکچوونی بارودۆخی ناوخۆی ئێران پشتیوانی بۆ حکومەتی ئێران دەربری و راشیگەیاند کە دژی هەموو دەستوەردانێکی سەربازیی دەرەکین لە ئێران. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین