سۆماڵیلاند هەوڵی رێككەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل دەدات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

سەرۆكی هەرێمی سۆماڵیلاند رایگەیاند، دەسەڵاتی وڵاتەكەی هەوڵ دەدات رێككەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ بكات و ئیسرائیل مافی سوودوەرگرتن لە سامانی ژێر زەوی ئەو هەرێمە وەربگرێت.

چوارشەممە (2026/2/4) ماڵپەڕی (زەمانی توركی) بڵاوی كردەوە، عەبدورەحمان محەمەد عەبدوڵڵا، سەرۆكی هەرێمی سۆماڵیلاند رایگەیاند، لەو نزیكانە لەگەڵ ئیسرائیل رێككەوتن واژۆ دەكەن و ئامادەن مافی سوودوەرگرتن لە سامانی ژێر زەوی بدەن بە تەلئەبیب.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی روونی كردەوە، لەگەڵ ئیسرائیل نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی دوولایەنە، ئێستاش هیچ بازرگانیەك یان وەبەرهێنانێكی ئیسرائیل لە وڵاتەكەمان نییە، بەڵام ئێمە گەشبینین لە وەبەرهێنان و بازرگان لەگەڵ ئەو وڵاتە، دەشخوازین لە نزیكترین كات لەگەڵ حكومەتی تەلئەبیب و بزنسمانەكانیان پەیوەندیمان ببێت.

سەرۆكی هەرێمی سۆماڵیلاند جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، وڵاتەكەمان زۆر دەوڵەمەندە كانزاكانی نەوت و گاز و سامانی دەریایی و وەبەرهێنان و وزە و كەرتەكانی دیكەمان هەیە، ئیسرائیل پێویستی بە گۆشت و ماسی و كانزاكانمان هەیە، بارزگانیش لەو كەرتە بنەڕەتییانە دەست پێ دەكات، بۆ ئەوەش هیچ سنوورێك نییە. سەرۆكی هەرێمی سۆماڵیلاند دەخوازێت ئیسرائیل لەبەرانبەر ئەو شتانە تەكنەلۆژیاییان پێ ببەخشێت.

عەبدورەحمان بەهۆی دانپێدانانی تەلئەبیب بە سەربەخۆیی هەرێمەكەی ستایشی رۆڵی ئەو وڵاتە دەكات، هیواخوازیشە لە داهاتوو هەماهەنگی سەربازیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، دەشلێت، تاوەكوو ئێستا گفتوگۆیان لەسەر كردنەوەی بنكەی سەربازیی ئیسرائیلییلن لە هەرێمەكەیان نەكردووە.

بەگوتەی خۆی بڕیارە لەو نزیكانە سەردانی هەریەك لە ئیمارات و ئەمەریكا بكات ئەوانیش هەمان بڕیاری ئیسرائیل بارەت بە هەرێمەكەیان بدەن.

لە كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو حكومەتی ئیسرائیل بە فەرمی دانی بە سەربەخۆی هەرێمی سۆماڵیلاند دانا، ئەوەش كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین