ئه‌مریكا بارى له‌ناكاوى له‌ 17 ویلایه‌ت راگه‌یاند عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌هۆى ئه‌و هێرشه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ى كراوه‌ته‌ سه‌ر كۆمپانیاى كۆلۆنێل پایپلاینى ئه‌مریكى بۆ گواستنه‌وه‌ى سووته‌مه‌نى، كۆشكى سپى ئه‌مریكا بارى له‌ناكاوى له‌ 17 ویلایه‌ت راگه‌یاندووه‌، به‌گوێره‌ى زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان گرووپێكى مافیایى به‌ ناوى دارك ساید له‌ پشت هێرشه‌كه‌وه‌یه‌.

ماڵپه‌ڕى سكاى نیوز ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 10ى ئایار بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، كۆشكى سپى ئه‌مریكا له‌ بوارى گواستنه‌وه‌ى سووته‌مه‌نى بارى له‌ناكاوى له‌ 17 ویلایه‌تى راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ فرجینیا و ماریلاند و دویلاویر و ئه‌ركنساس و فلۆریدا و جۆرجیا و كنتاكى و لویزیانا و نیوجیرسى و نیویۆرك و كارۆلیناى باكوور و پنسلڤانیا و كارۆلیناى باشوور و تینیسى و تێكساس و ئه‌له‌باما.

ئه‌مه‌یش به‌هۆى هێرشێكى ئه‌لیكترۆنییه‌ كه‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر كۆمپانیاییه‌كى گواستنه‌وه‌ى سووته‌مه‌نى بۆ ئه‌و شارانه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێت ئه‌وا ناوچانه‌ تووشى قه‌یران ده‌بن، چونكه‌ 45% سووته‌مه‌نى له‌ رێگه‌ى ئه‌و كۆمپانیایه‌وه‌ دابین ده‌كرێت.

رۆژى هه‌ینى رابردوو هێرشێكى ئه‌لیكترۆنى كراوه‌ته‌سه‌ر كۆمپانیاى كۆلۆنێل پایپلاین colonial pipeline ، وه‌ك شاره‌زیان باسیان كردووه‌، هێرشه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ به‌ پرۆگرامى  رانسۆم وێر Ransomware  ئه‌نجامدراوه‌، به‌گوێره‌ى ئه‌و پرۆگرامه‌ ڤایرۆسێك له‌ سیسته‌مى داتاى كۆمپانیاكه‌ ده‌دات و خاوه‌نى كۆمپانیا ناتوانێ ده‌ستى به‌ داتاكانى خۆى بگات و ته‌نیا ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ سه‌رانه‌ ده‌دات.

ماڵپه‌ڕى حوڕه‌ى ئه‌مریكى ئه‌مڕۆ پوخته‌ى راپۆرتێكى ئاژانسى ئاسۆشێتید پرسى ئه‌مریكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌ گرووپێكى مافیاى به‌ ناوى "دارك ساید" له‌ پشت هێرشه‌كه‌وه‌ن، ئه‌و گرووپه‌یش له‌ مانگى ئابى رابردووه‌وه‌ چه‌ندان چالاكییان كردووه‌.

وه‌ك له‌ راپۆرته‌كه‌ى ئاژانسه‌ ئه‌مریكییه‌ هاتووه‌، دوو زانیارى له‌سه‌ر ئه‌و گرووپه‌ مافیایه‌ هه‌یه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ دامه‌زراوه‌ مرۆییه‌كانى وه‌ك نه‌خۆشخانه‌ و ده‌زگا خێرخوازییه‌كان ناكاته‌ ئامانج، خه‌سڵه‌تێكى تریشى ئه‌وه‌یه‌ رێكخراوه‌كانى یه‌كێتى سۆڤیه‌تى جاران، به‌ ئامانج وه‌رناگرێت. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین