دەم پارتی: لە (27)ـی شوباتدا ئۆجەلان پەیامێکی نوێ بڵاودەکاتەوە تورکیە

نوچەنێت

دەم پارتی ئاشکرای دەکات، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ساڵیادی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی (27)ـی شوباتی (2025)، بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکەی پەیامێکی نوێ بڵاودەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (2026/2/26) ماڵپەڕی (جمهوریەت) بڵاوی کردەوە، پرۆسەی ئاشتی نوێ لە تورکیا بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتی مەهەپە و بانگەوازی ئۆجەلان لە (27)ـی شوباتی (2025) دەستیپێکرد، دەم پارتی رایگەیاندووە، ئۆجەلان سبەی لە ساڵیادی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی پەیامێکی نوێ بڵاودەکاتەوە.

هاوکات بانگەوازی ئۆجەلان بۆ رێكخراوەکەی لە (27)ـی شوباتی (2025)، لەلایەن هەریەک لە پەروین بوڵدان و سری سووریا ئۆندەر و ئەحمەد تورک بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە ئەنقەرە بە ڕایگشتی راگەیێندرا و تیایدا ئۆجەلان لە بانگەوازەکەیدا داوایکرد پەکەکە و درێژکراوەکانی رێکخراوەکە پابەندی بانگەوازەکەی بن بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەیان. 

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەم پارتی سبەی لەلایەن ئەم پارتەوە وەکو پشتیوانییەک بۆ پرۆسەکە کە وەک دووەم ساڵە بەردەوامە، لە رێورەسمێکدا لەگەڵ خوێندنەوەی پەیامە نوێکەی ئۆجەلان چەند لایەنێکی سیاسی و ڕۆشەنبیران و نوسەر و ڕۆژنامەنووسان ئامادە دەبن. 

جێگەی باسە، لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەکە حکومەتی تورکیا دوای چەکدانانی پەکەکە کۆمسیۆنێکی دامەزراند بە بەشداری لایەنە سیاسیەکانی تورکیا بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەکە و لە ئێستادا ڕاپۆرتی کۆتایی کۆمسیۆن ئامادەکراوە و بڕیارە دوای جەژن لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە چەند ڕێسایەکی تایبەت لەچوارچێوەی پرۆسەکە دەربکرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین