ترەمپ: هێزی سەربازی و سەرکردایەتی ئێران بە تەواوی لەناوچووە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

دۆناڵد ترەمپ، لە کۆنفڕاسێکدا چەندین زانیاری لە بارەی ئۆپراسیۆنەکانیدا بۆ سەر ئێران دەخاتەروو و دەڵێت، کە سەرکردایەتی و توانای سەربازیی ئێرانی لەناوبردووە و ئێستا فڕۆکە ئەمریکییەکان بێ هیچ مەترسییەک لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا دەفڕن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (2026/3/19) دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ساناى تاکایچى، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە کۆشکی سپی گوتی، "ئێمە هێزی دەریایی ئەوانمان سڕییەوە. ئێمە هەموو شتێکی ئەوانمان سڕییەوە، لەنێویاندا سەرکردایەتییەکەیان، ئێستا نە هێزی دەریایی، نە هێزی ئاسمانی و نە هیچ چەکێکی دژەفڕۆکەیان نەماوە."

 ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بە تەواوی باڵادەستن بەسەر ئێران و ڕایگەیاند، "ئێمە لە هەر شوێنێک بمانەوێ دەفڕین و تەنانەت کەس تەقەشمان لێ ناکات." سەبارەت بە سەرکردایەتیی ئێرانیش، ترەمپ بە تەنزەوە گوتی: "سەرکردە نوێیەکانیشیان نەماون و ئێستا جارێکی دیکە بەدوای سەرکردەی دیکەدا دەگەڕێن."

 سەبارەت بە ئەگەری ناردنی هێزی زەوینی بۆ نێو ئێران، دۆناڵد ترەمپ ڕەتیکردەوە کە هیچ سەربازێک بنێرێت و گوتی، "سەربازەکانمان نانێرم بۆ هیچ شوێنێک." لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان سەقامگیریی بازاڕە و گوتی، "هەر شتێک پێویست بێت دەیکەین بۆ ئەوەی نرخەکان بە نزمی بهێڵینەوە."

هەر لە لێدوانەکەیدا  ترەمپ باسی لە دوورگەی خارکی ئێران لە کەنداو کرد و بە "دوورگە بچووکە بێ بەرگرییەکە" ناوی برد، ڕاشیگەیاند، هەر کاتێک ویستیان هەبێت، دەتوانن دووبارە هێرش بکەنەوە سەری، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە ستراتیژییەکی تایبەتیان هەیە و گوتی ئێمە هەموو شتێکی ئەو شوێنەمان لەنێوبردووە جگە لە بۆرییەکان، ئێمە بۆرییەکانمان خۆش دەوێن، چونکە بونیادنانەوەیان چەندین ساڵ دەخایەنێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین