ئۆجەلان: خەباتی چەكداریی كۆتایی هاتووە تورکیە

نوچەنێت

شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، دوای ئەو کۆبوونەوەیەی رۆژی هەینی رابردوو لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئەنجامدرا، راگەیێندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

 ئەمڕۆ سێشەممە (2026/3/31) شاندی ئیمراڵی راگەیێندراوێكیان بڵاوكردەوە، لە راگەیێندراوەكە هاتووە،  عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە گوتوویەتی پرۆسەکە گەیشتووەتە "قۆناخێکی گرنگ" و ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە چارەسەر لەسەر بنەمای دانوستاندن، ویستی دیموکراسی و بەرپرسیارێتیی مێژوویی بێ.

 رۆڵی پەرلەمانی تورکیا گرنگە

 ئۆجەلان سەرنجی خستووەتە سەر ئەو بەرپرسیارێتییەی پەرلەمانی تورکیا لە پرۆسەکەدا لە ئەستۆی گرتووە و بە شاندەکەی راگەیاندووە، ئەو هەنگاوانەی دوای راپۆرتی کۆمیسیۆن دەنرێن، زۆر گرنگە بەبێ دواکەوتن بخرێنە چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیرەوە.

 لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، بۆ بەهێزبوونی ویستی چارەسەری، پێویستە کەناڵەکانی دیالۆگ کراوە بن و سیاسەتی دیموکراسی بەهێز بکرێت، هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە نابێت "دەرفەتە مێژووییەکان لەدەست بدرێن".

 کۆمەڵگەی دیموکراسی، گەرەنتیی داهاتووی هاوبەشە

 ئۆجەلان بە شاندی دەم پارتی راگەیاندووە، کۆمەڵگەی دیموکراسی زامنی داهاتووە بۆ هەموو گەلان و پێکهاتەکانی نیشتەجێی تورکیا و ئاماژەی بەوەدا، هەرکەسێک بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا بکات، نەک تەنیا ئەمڕۆ، بەڵکو داهاتووی هاوبەشیش بەدەست دەهێنێت.

 ئۆجەلان: سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتاییهاتووە

 لە راگەیێندراوەکەدا بە فراوانی ئاماژە بە هەڵسەنگاندنەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا کراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە ئۆجەلان گوتوویەتی، پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بایەخی پرۆسەکەیان زیاد کردووە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی پەیوەندیدار بە ئێران هاتووەتە پێشەوە.

 ئۆجەلان باسی لەوە کردووە کە لە ناوچەکەدا سێ هێڵی جیاواز دەرکەوتوون: تەوەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل، هێزە نێودەوڵەتییەکانی پارێزەری دۆخی ئێستا و رێگەی سێیەم کە بە "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" ناوی بردووە.

 ئۆجەلان رایگەیاندووە: "وەک لە بانگەوازی 27ـی شوباتیشدا ئاماژەم پێکرد، سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتاییهاتووە. چی دیکە گەڕانەوە بۆ دواوە ئەستەمە" و جەختی لەوە کردوەتەوە کە پرۆسەکە "گواستنەوەیە بۆ ئاشتی لەگەڵ کۆماری دیموکراسیدا".

 بەهێزکردنی دیموکراسی

 ئۆجەلان رایگەیاندووە کە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کۆماری تورکیادا نییە و پرسی سەرەکی کەموکوڕییە لە دیموکراسییدا و رایگەیاندووە: "دیموکراسی تاکە چارەسەرە کە بەهێزبوونی کۆمار مسۆگەر دەکات."

ئۆجەلان باسی لەوە کردووە کە پێویستە تێڕوانینێک پەرەی پێبدرێ کە پەیوەندیی کورد لەگەڵ دەوڵەت لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە دەوڵەتیش ئەم پرۆسەیە وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی نەبینێت.

 بەشداریکردن لەسەر بنەمای ناسنامە و ئازادی

 ئۆجەلان گوتوویەتی، بەشداریکردن لە کۆماردا دەبێت لەسەر بنەمای ناسنامە، ئازادیی رادەربڕین، مافی رێکخستن و ئازادیی ژنان بێت و رایگەیاندووە، ئەم مافانە تەنیا بۆ کورد نیین، بەڵکو بۆ تەواوی کۆمەڵگەن.

 ئۆجەلان هەروەها سەرنجی خستوەتە سەر گرنگیی گەیاندنی بۆچوونەکانی سەبارەت بە پرۆسەکە بە شێوازی دروست بە رای گشتی و رایگەیاندووە، چارەسەری دەتوانێت بە مۆدێلێکی یەکگرتنی دیموکراسیی کۆمەڵگە بێت و گوتی، ئەمەش پێویستی بە دیموکراسیی گشتگیر و بەکۆمەڵی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان هەیە.

 عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەر و رێبەری پەکەکەیە لە ساڵی 1999ـەوە لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی لە دەریای مەڕمەڕە، سزای زیندانی تاهەتایی قورسکراو بەسەر دەبات.

 لە یەکی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەی زیندانیکراوی پەکەکە پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکرد.

 باخچەلی لە لێدوانێکیدا لە تشرینی یەکەمی 2024دا داوای چەکدانانی پەکەکە و پێدانی "مافی هیوا"ـی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد.

 دوای ئەمە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 ـدا بانگەوازێکی ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە و دانانی چەکی کرد.

 پەکەکەش بە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، زنجیرەیەک هەنگاوی هاویشت.

 رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. لە 11ـی تەممووزدا، گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە چەکیان دانا. 

 پەکەکە لە 26ـی تشرینی یەکەمدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدا دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە تورکیا کردووە و ئەم بڕیارەش بە شێوەیەکی تاکلایەنە دراوە. رێکخراوەکە لە 16ـی تشرینی دووەمیشدا رایگەیاند، بەهۆی "مەترسیی پێکدادان" ـەوە لە ناوچەی زاپ ـی هەرێمی کوردستان کشاوەتەوە.

لەگەڵ راگەیاندنی بێدەنگکردنی چەکەکان، لە پەرلەمانی تورکیا "کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" پێکهێندرا و لە پێنجی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین