ئێران پەیوەندی ئیسرائیل و ئیمارات بە قومارێکی گەمژانە ناودەبات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەردانێکی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئیمارات لە کاتی جەنگدا وڵاتانی کەنداوی نیگەران کردووە، ئێران لەبارەی ئەو پەیوەندییە نهێنیە هەڕەشە دەکات و دەڵێت، "ئەوانەی هاوپەیمانی نهێنیان هەیە باجەکەی دەدەن."

ڕۆژی پێنجشەممە (2026/5/14) ماڵپەڕی (سی ئێن ئێن) بڵاوی کردەوە، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بە سەردانێک لە چینە، بڵاوبوونەوەی دەنگۆی سەردانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئیمارات وڵاتانی کەنداوی عەرەبی ڕووبەڕووی یەکتر کردۆتەوە. بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ناتانیاهۆ لەکاتی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران بە نهێنی سەردانی ئیماراتی کردووە، بەڵام هەر زوو ئیمارات ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە و گووتی، ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستیەوە.

لە بەرامبەردا عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس لەپەیامێکدا دەڵێت، "هێزە ئەمنییەکانمان دەمێکە بەرپرسانی ئێمەیان لەم هەواڵە ئاگادار کردتەوە، بەڵام ناتانیاهۆ ئێستا ئەو هەواڵە ئاشکرا دەکات، بەدڵنیاییەوە ئەو وڵاتانەی بەهاوکاری هەوڵی دابەشبون و هاوپەیمانییەتی دژی ئێمە دەدەن، دەبێت باجەکەی بدەن و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەین."

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو پەیوەندییە نهێنییەی ئیمارات و ئیسرائیل لەدژی خۆیان بە "قومارێکی گەمژانە" ناوبردوو گووتیشی، "هەرگیز لەو وڵاتانە خۆشنابین ئەوانەی بەنهێنی تۆی دووبەرەکی دەچین لەگەڵ ئیسرائیل."

جێگەی باسە، لەسەرەتای دەستپێکردنی هێرشی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران، وڵاتی ئیمارات یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کەنداو کە ئێران زۆرترین هێرشی مووشەک و درۆنی ئاراستەیانی کرد و زیانێکی ماددی زۆری بەو وڵاتە گەیاند.   

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین