تورکیا هەوڵ دەدات ببێت بە ناوەندێکی ستراتیژیی دابەشکردنی گاز
نوچە نێت: تایبەت
ئا: ژیوار سلێمان سەلكە
مێژووی نەوت و گاز لە وڵاتی تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە سەدەیەک، هەر لە دەستێکی گەڕان بە دوای وزەدا سەردەمی عوسمانییەکانەوە تاوەکو گۆڕانی بەناوەندێکی ترانزێتی فرە سنووری، وێرای ئەوەی کە خاوەنی سەرچاوەیەکی کەمی وزەیە، بەڵام ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێرێت لە جیهانی وزەدا.
دوای پەسەندکردنی سیاسەتی نیشتیمانی وزەی تورکیا لە (2017)دا، ئەو وڵاتە گۆڕانکارییەکی گەورەی کرد و دووبارە سیاسەتی دابینکردنی گازی داڕشتەوە، لەو ڕوانگەوە ماوەی چەندین ساڵە هەوڵ دەدات ببێت بە ناوەندێكی سەرەكی بۆ دابەشكردنی وزە، بەتایبەت دوای جەنگی ئۆكرانیا و ڕووسیا هەنگاوەكانی خێراتركرد، لە ڕووی ژێرخانەوە توركیا خاوەنی ژێرخانی پێویستە بۆ كڕین و عەمباركردن و هەناردەكردنی وزە لە وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، ماوەیەکی زۆرە تورکیا بەردەوامی داوە بە واژۆکردنی رێککەوتنەکانی لەگەڵ وڵاتان لەبوارەکانی گەڕان و دۆزینەوەی نەوت و گاز، کە ئەمەش لە چوارچیوەی فروانکردنی هەژموونی وڵاتەکەیەتی لە کەرتی وزەدا.
هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێگەی تورکیای وەک ناوەندێکی دابینکردنی گاز لە جیهاندا بەهێزترکرد، داخرانی گەرووی هورمز کە بوو بە هۆی کورتهێنانی (20%) دابینکردنی وزەی جیهانی، دەرفەتێک بوو بۆ تورکیا بۆ زیاتر بەرفروانبوونی سنوری هەناردەکردنی وزە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا.
هەوڵەکانی تورکیا بۆ دابینکردنی گاز
خاڵی وەرچەرخانی ستراتیژی تورکیا لە نێوان (2017-2016) سەریهەڵدا، وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەکان دەستی بە سیاسەتی "خۆجێیکردن و هەمەچەشنکردن" کرد، ئامانجەکەیان لە سێ لایەنەدا خۆی دەبیننەوە:
یەکەم: زۆرترین بەکارهێنانی سەرچاوە ناوخۆییەکان (وزە نوێبووەکان و دواتر، گازی دەریای ڕەش).
دووەم: هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی هاوردەکردن بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە یەک دابینکەر.
سێیەم: وەبەرهێنان لە ژێرخانێک کە ببێت بە دابینکەر بۆ جیهانی وزە.
تورکیا (99%) گازی سروشتی خۆی هاوردە کردووە، زۆرینەی لە ڕێگەی بۆرییەکانیەوە لە ڕووسیا (بلو ستریم، ترانس باڵکان و، دواتر تورکستریم)، ئێران (تەبرێز-ئەنقەرە) و ئازەربایجان (باکو-تبلیس-ئەرزروم) دەگەیەنرێت.
لە دوایین ڕاپۆرتدا ئاماژە بەوەدراوە، کۆمپانیای بۆرییەکانی نەوتی تورکیا (BOTAŞ) رێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ کۆمپانیاکانی SOCARی ئازەربایجانی، TotalEnergiesی فەرەنسی و ADNOCی ئیماراتی واژۆ کرد. بەپێی رێککەوتنەکە لە ساڵی 2029وە بۆ ماوەی 15 ساڵ، تێکڕا 33 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی لە کێڵگەی (ئەبشەرۆن)ی ئازەربایجانەوە هەناردەی تورکیا دەکرێت.
بەپشت بەستن بە گووتەکانی ئەردۆغان لە ئێستادا تورکیا خاوەن ژیرخانێکی بەهێزی وزەیە، توانیویەتی گاز لە (50) کۆمپانیا لە (39) وڵات هاوردەبکات. جۆری گرێبەستەکانی تورکیا بە گرێبەستی درێژخایەن هەژمار دەکرێت واتە نزیکەی بە بیست بۆ بیست و پێنج ساڵ زیاتر دەخایەنێێت.
تورکیا لە (2025)دا رێژەی هاوردەکردنی گازی گەیشتۆتە بەرزترین ئاست، گازی سرووشتی لەو وڵاتانەوە دابین کردووە (رووسیا 36.5٪)، (ئازەربایجان 20.6٪)، (ئەمریکا 15.7٪)، (ئێران 13.5٪)، (جەزائیر 7.7٪)، (وڵاتانی دیکە 6.1٪)، ئەم ڕێژەیە بۆ (2026) بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و وڵاتانی نوێش گرێبەستی درێژخایەنیان لەگەڵ تورکیا واژۆکردووە، لەوانە سۆماڵ و سووریا، کە تورکیا بە تەکنیکی گەڕان و دۆزینەوەی وزە لە وڵاتانەدا هەوڵ دەدات ئاسایشی وزەی ولاتەکەی بەرزتر بکاتەوە، هەروەها وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەو هەنگاوەی تورکیاشکردووە کە بەستنەوەی ئازەربایجان و جۆرجیا و بولگاریا لەسەر پڕۆژەی بەستنەوەی سێ قۆڵی دەست پێكردووە.
ئامانجی تورکیا بۆ بوون بە ناوەندی دابەشکردنی گاز
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکیدا لە لووتکەی "ئاسایشی وزە لە جیهانی گۆڕدراودا" کە ڕۆژی هەینی (2026/05/22) بەڕێوەچوو، گرنگی تورکیای لە دابینکردنی وزە بۆ جیهان خستەڕوو، ئاماژەی بەوەدا توركیا بەهێزترین پرد و خاڵی تێپەڕین و بە یەكگەیاندنی ناوچە جوگرافییە دەوڵەمەندەكانی سەرچاوەكانی وزە و وڵاتانی پێویست بەو سەرچاوانەیە. سەرەڕای هەموو ئەو كارانەی بەرانبەر توركیا كرا، بەڵام لە رێگەی مانەوەی لە دەرەوەی ئەو جەنگانە توانی رۆڵی هاوسەنگ ببینێت و لایەنی دیپلۆماسی و گفتوگۆ زاڵ بكات، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی ببێت بە یاریكەرێكی سەرەكی لە ئاشتی و گواستنەوەی وزە، هەروەها سەرۆکی تورکیا لە بارەی پێگەی تورکیاوە ئاماژەی بەوەدا ،توركیا وڵاتێكە لەبواری دابینكردنی ئاسایش بۆ وزە، ناتواندرێت دەستبەرداری بن، هەنگاوەكانی حكومەت لە (23)ی مانگی رابردوو رۆڵی گەورەی لەسەر ئاسایشی وزە هەبوو، توركیا لە رێگەی پێنج هێڵەوە گازی سرووشتی دابین دەكات، دوو هێڵ لە رووسیا، دوو هێڵ لە ئازەبایجان، هێڵێك لە ئێران.
هاوکات ئاڵپ ئارسلان بایراکتار وەزیری وزەی تورکیا لە لووتکەی ئاسایشی وزە لە جیهانی گۆڕاودا ئەوەی خستەڕوو، پێشهاتە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی جیهان مەترسی لەسەر دابینکردنی ئاسایشی وزە بۆ گشت جیهان دروستکردووە، پێشنیازی بایراکتار بۆ کەمکرندەوەی مەترسیەکان بەکارهێنانی تەواوی ژێرخانی ئێستایە کە لەبەردەستە بە ئامانجی بەستنەوەی هێڵی باکۆ بە تەبلیس و دواتر بە جیهانەوە، هەروەها پیویستە سوود لە توانای ئەو هێلانە وەربگیرێت کە بە ئاندۆڵدا تێدەپەڕن، هەروەها وەزیری وزەی تورکیا ئەوەیشی خستەڕوو ئەنقەرە پێشنیاری كردووە، هێڵێكی گواستنەوەی نەوتی خام لە عێراقەوە بۆ توركیا رابكێشرێت، كە بەسڕە بە بەندەری جیهان ببەستێتەوە،بە لای كەمی رۆژانە دەتوانێت یەك ملیۆن و (500) هەزار بەرمیل نەوت بگوازێتەوە.
دوایین هەوڵی تورکیا لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ ئەوروپا
ڕۆژی هەینی (2026-5-15)، ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند، تورکیا پێشنیاری دروستکردنی بۆرییەکی سووتەمەنی سەربازیی بە بڕی یەك ملیار و (200) ملیۆن یۆرۆ کردووە، بۆ ئەوەی یارمەتی دابینکردنی پێداویستییەکانی وزەی هاوپەیمانەکانی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بدات، ئەم هەنگاوەی تورکیا وەک ئەوە پێشان دەدرێت کە تورکیا ئامانجی بوون بە پردێکە بۆ گەیاندنی سووتەمەنی بۆ ناتۆ و ئەوروپا بەمەش هەژموونی ئێران و ڕووسیا تارادەیەکی بەرچاو لاواز دەکاتو ڕۆڵیان لە دابینکردنی گاز بۆ ئەوروپا بەرەو کاڵبوونەوە دەبات.
دەرئەنجام
یەکەم: تورکیا ئامانجی بەهێزکردنی پێگەی وڵاتەکەیەتی وەک ناوەندێکی سەرەکی دابەشکردنی وزە لە جیهاندا.
دووەم: تورکیا دەیەوێت باڵادەست بێت و هەژموونی وڵاتەکەی لە ڕێگەی سووتەمەنی بەهێزتر بکات.
سێیەم: تورکیا لە ڕێگەیی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی هاوردەکردنی گاز، پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەراست و ئەوروپا بەهێزدەکات.
چوارەم: تورکیا هەوڵ دەدات جێگرەوەیەکی بەهێزی جیهانی بێت لە ئەگەری پەککەوتن یاخود داخستنی هەر ڕێرەوێکی دیکەی جیهانی.
پێنجەم: تورکیا ئامانجی لاوازکردنی پێگەی ئێران و ڕووسیایە کە چەندین ساڵە ناوەندێکن بۆ دابینکردنی گاز بۆ ئەوروپا.
شەشەم: تورکیا ئامانجیەتی پارێزگاری لە نرخی وزەی جیهانی بکات بە بەردەوامیدان بە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وڵاتان.
سەرچاوەکان:
ــــ تورکیا رێککەوتنێکی نوێی گازی سرووشتی لەگەڵ ئازەربایجان واژۆ کرد.
ـــــ وەزیری وزەی توركیا: فرەكردنی سەرچاوەكانی وزە چارەسەرە بۆ قەیرانی وزە.
ــــ ئەردۆغان: ناتوانن بۆ دابینكردنی ئاسایشی وزە دەستەبەرداری توركیا بن.
ــــ تورکیا بۆڕی هەناردەکردنی سووتەمەنی بۆ ئەوروپا دابین دەكات.
Turkey’s gas diversification strategy and rising share of LNG - Atlantic Council ــ
Turkey's quest to become a regional energy hub: Challenges and opportunities - PMC ــ
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment