زەریف لە باشوور و بلینکن لە باکووری ئەوروپا: ئایا ڕێککەوتنی ڤیێنا نزیکە؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

محەمەد جەواد زەریف و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئەمریکا لە ڕۆژی یەکشەممەوە بەشێوەی هاوکات لە ئەوروپان. زەریف لە باشوور و لە شاری ڕۆما و بلینکن لە باکوور و لە شاری کۆپێنهاگنه‌.

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژاسی هەواڵی "ئێندێپێندێنت" بڵاوی کردووەتەوە، ئامادەبوونی هاوکاتی بلینکن و زەریف لە ئەوروپا، لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکانی ڤیێنا بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەنێوان نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی وڵاتانی ترى ئەندامی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە (بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، چین و ڕووسیا)  ئەمریکا، سەرەڕای خولی نوێی دەرگیرییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، واتە ئەو قەیرانەی کە کۆماری ئیسلامیی بە پشتیوانیکردن لە حەماس و جیهادی ئیسلامی وەک لایەنێکی دەناسرێتەوە، لە ئارادان.

هەواڵی گەشتی زەریف بۆ ئەوروپا بە بێ ڕاگەیاندنی ناوی ئەو وڵاتانەی کە سەردانیان دەکات، هەفتەی ڕابردوو لە میدیاکاندا بڵاو بووەوە. دەقی هەواڵەکەی ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا" نیشاندەری ئەوە بوو کە "زەریف دوای سووریا، بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپا دەڕوات و ئەو گەشتە کە پێشتر پلانی بۆ داڕێژراوە، پەیوەندی بە گفتوگۆکانی ڤیێناوە نییە".

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت پێش هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ئێران
گفتوگۆى ڤیێنا به‌ رێككه‌وتنى سنووردار بگات

 

لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو هەواڵی گەشتی بلینکن بۆ دانیمارک و پاشان ئایسلەند و گرینلاندی بڵاو کردەوە. بڕیارە بلینکن لەو گەشتە پێنج ڕۆژەدا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتانی باکووری ئەوروپا بەشداری بکات.

هەرچەندە زەریف لە دەستپێکی گەشتەکەی بۆ ئەوروپا دوای سەردانی لە ئیسپانیا، بەرنامەی سەفەر بۆ نەمسا، شوێنی بەڕێوەچوونی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی هەبوو، بەڵام بە هۆی پشتیوانیکردنی ڤیێنا لە ئیسرائیل سەفەرەکەی خۆی هەڵوەشاندەوە. عەباس عەراقچی، جێگری سیاسیی زەریف، بە بڵاوکردنەوەی تویتێک لە ئەکاونتی تویتەری تایبەت بە خۆی، تەنیا ئیدانەی بەرزکردنەوەی ئاڵای ئیسرائیلی لەسەر باڵەخانە حکومییەکانی نەمسا کرد و بە مەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆکان لە پایتەختی ئەو وڵاتە مایەوە.

عەراقچی، جێگری زەریف بۆ کاروباری سیاسیی و ئەندامی باڵای شاندی دیپلۆماتکاری ئەتۆمیی ئێران، پێشتر ڕایگەیاندبوو لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، تاران ئامادەیە مەرجەکانی پڕۆتۆکۆلی پاشکۆ جێبەجێ بکاتەوە و دەیەوێت ئەوە تا ٢١ی ئایار ئەنجام بدرێت.


چوار ڕۆژی تر، مۆڵەتی سێ مانگەی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە درێژەدان بە چاودێری بەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، کۆتایی پێدێت. واتە ئەو چاودێریانەی کە بە پێی یاساییه‌كى پەسەندکراوی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامیی دەبێ لە ئەگەری هەڵنه‌وەشاندنەوەی گەمارۆکاندا، کۆتاییان پێ بێت.

بۆیە بەرپرسانی تاران، مۆسکۆ، واشنتۆن و ئەوروپا هیوادارن بە پێشکەوتنی گفتوگۆکان، ڕێککەوتنەکەی نێوان ئێران و ئاژانسیش درێژ بکرێتەوە.

ئەگەری زۆرە ئەنجامی گفتوگۆکانی ڤیێنا پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران لە ڕۆژی ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سنووردار بێت. ئەوەش دەبێتە بنەمایەک بۆ گفتوگۆکانی داهاتوو.

واتە ئەو پلانەی کە جیک سۆلیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیدارەی بایدن و یەکێک لە ئەندامانی شاندی دیپلۆماتکار لە سەردەمی ئۆباما، پێشنیاری کردبوو و بەو پێیە لە جیاتی ڕێککەوتنێکی گشتیی و هەمەلایەنە، چەندین ڕێککەوتن سەبارەت بە پرسە جیاوازەکان لەگەڵ ئێران ئەنجام بدرێت.

ڕەخنەگرانی ئەو پلانە لەو بڕوایەدان کە ئەگەر تاران سوود لە ئیمتیازەکانی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، و لەوانە ئازادکردنی بەشێک لە پارەکانی کە دەستیان بەسەردا گیراوە و ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان، وەربگرێت، ئیتر پاڵنەرێکی نابێت بۆ ئەوەی گفتوگۆی بەربڵاوتر سەبارەت بە پرسەکانی ناوچە و بەرنامە مووشەکییەکەی ئەنجام بدات.

ئەو بۆچوونە جارێک دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە سەردەمی ئۆبامادا سەلمێندرا.

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت، لە میانەی یەکەمین گفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، بەڵێنی پێدابوو کە "دوای چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی کار لەسەر پرسەکانی تر دەکەین". بەڵام ئەو بەڵێنە، هەرگیز نەچووە بواری کردەوە.

سەرەڕای ئەوەی هێشتا دیار نییە گەشتەکەی زەریف بۆ چ وڵاتانێک دەبێت، چاوەڕوان دەکرێ لە ڕۆژانی داهاتوودا درێژە بە گەشتەکەی لە ئەوروپا بدات. لە لایەکی ترەوە بلینکنیش تا کۆتایی ئەم هەفتە لە شوێنێک کە زۆر لە ڤیێنا دوور نییە، واتە لە ناوەندی ئەوروپا دەمێنێتەوە.  

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین