ئێران : گفتوگۆکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشکەوتنیان هەبووە ئێران

نوچه‌نێت

عەباس عەراقچی، جێگری وەزیری دەرەوە و دیپلۆماتکاری باڵای ئەتۆمی ئێران دەڵێت لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە ڤیێنا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، "هەندێ پێشکەوتن" هاتوونەتە ئاراوە بەڵام چەند پرسی سەرەکی ماونەتەوە و پێویستە چارەسەر بکرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، ئەو گفتوگۆیانە بە هۆی قەدەغەکردنی دیداری ڕاستەوخۆی بەرپرسانی ئێرانی لەگەڵ ئەندامانی شاندی ئەمریکا لە لایەن عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامییەوە، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوە دەچن.

عەراقچی گوتویەتی بەم زووانە بۆ "دوایین ڕاوێژەکان" لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی دەگەڕێتەوە بۆ تاران. ماوەی دوو هەفتەیە خولی سێیەمی گفتوگۆکان بە شێوەی بەردەوام لە ڤیێنا بەڕێوە دەچن. ئەمریکاش بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەو گفتوگۆیانەدا بەشدارە.

هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکان لە ڤیێنا، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیڕان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەی کابینەکەی گوتویەتی "بەڵێن بە گەلی ئێران دەدەم ئەنجامی گفتوگۆکانی ڤیێنا سەرکەوتنی گەلی ئێرانە و تا ئەمڕۆش هەنگاوی باشمان هەڵگرتووە".

ڕۆحانی گوتویەتی بە هۆی گەمارۆکانی سەر ئێران "هاوردەی ٢٠٠٠ جۆر کاڵا قەدەغە کراوە و پێویستە ئەو قەدەغەیە هەڵوەشێتەوە و کاڵاکان هاوردە بکرێن".

ڕۆحانی گوتویەتی "ئێمەش لە ماوەی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوودا هەوڵمان دا گەمارۆکان پێشێل بکەین و پێداویستییەکانمان دابین بکەن و کاری باشیشمان کرد، هەر کەس هەوڵی داوە گەمارۆکان پێشێل بکات، دەبێ دەستی ماچ بکەین". 
دوێنێ میخاییل ئولیانۆڤ نوێنەری ڕووسیا لە ڤیێنا گوتوبوی ڕەنگە ئەمڕۆ هەواڵێکی گرنگتر بڵاو بکرێتەوە. 
نوێنەری ڕووسیا لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، کە لە گفتوگۆکانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیێنا بەشدارە، بە ئاژانسی "بی بی سی" گوتویەتی "گفتوگۆکان پێشکەوتنی بەرچاویان هەبووە و ڕەنگە چوارشەمە [ئەمڕۆ] هەواڵی گرنگتر بڵاو بکرێتەوە". 
ئولیانۆڤ دوای ئەو لێدوانە بۆ بی بی سی، لە تویتێکدا دەربارەی ئەو قسانەی گوتی "ڕووداوێکی سەیر و سەمەرە نەهاتووەتە ئاراوە. بەڵام بە بڕوای من، پێشکەوتنێکی بەرچاو هاتووەتە ئاراوە. ئەوە ڕاستە. بەڵام هێشتا چەندین پرسی سەرەکی ماونەتەوە کە چارەسەر نەکراون و دیپلۆماتکارانیش پێویستییان بە کات و هەوڵی زیاترە بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام". 
چاوەڕوان دەکرێ ڕێککەوتنی کاتیی سێ مانگەی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کە هاوکات لەگەڵ کەمبوونەوەی ڕێژەی پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا ئیمزا کرابوو، درێژ بکرێتەوە. 
ئەو ڕێککەوتنە هەفتەی داهاتوو کاتی بەسەر دەچێت. بە پێێ ئەو ڕێککەوتنە کامێراکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێراندا درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن بەڵام تەنیا کاتێ وێنەکان ڕادەستی ئاژانس دەکرێن کە گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئێران هەڵبووەشێنەوە. 
ئێران هەڕەشەی کردووە ئەگەر ئەمریکا گەمارۆکان هەڵنەوەشێنێتەوە، وێنە و فیلمی ئەو ڤیدیۆیانە دەسڕێتەوە. 
لایەنەکانی ئەو گفتوگۆیانە پێشتر ڕایانگەیاندبوو بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان پێویستە ئەو ڕێککەوتنە درێژ بکرێتەوە. ئێران پێشتر ڕازی ببوو کە ئەگەر پێویست بێت ئەو ڕێککەوتنە درێژ دەکاتەوە و عەباس عەراقچی ڕایگەیاندبوو ڕەنگە داوا لە ڕافائیل گروسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بکرێت لە گفتوگۆکانی لیژنەی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا بەشدار بێت. 
یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاندووە ئەمڕۆ [چوارشەممە] کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەش بەڕێوە دەچێت. 
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا سێ ساڵ پێش ئێستا، بە چوونەدەرەوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەموو گەمارۆکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە. ئەوەش بووە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی ئێران، بە جۆرێک کە بە گوتەی یەکێک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە، داهاتانی نەوتی لە ١٠٠ ملیار دۆلار لە ساڵدا دابەزی بۆ ٨ ملیار دۆلار. 
لە ئێستادا گفتوگۆکانی ڤیێنا بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی گه‌مارۆکانی سەردەمی ترەمپ و گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێککەوتنەکە بەڕێوە دەچن. 
بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ پێویستە ئێران دەست لە پیتاندنی یورانیۆم بە ڕێژەی ٢٠٪ و ٦٠٪ هەڵبگرێت، یەدەکی یورانیۆمی پیتێندراو کەم بکاتەوە و ڕێگا بدەت ئاژانسی نێودەوڵەتی پشکنینی زیاتر لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانیدا ئەنجام بدات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین