ئەمریکا: پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتوگۆکانی ڤیێنا هاتوونەتە ئاراوە ئێران

نوچه‌نێت

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتویەتی پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتوگۆکانی ڤیێنا بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی هاتووەتە ئاراوە، بەڵام هێشتا لەسەر چەند پرسێک ناکۆکی جدی لە ئارادایە و پێویستە ڕێگاچارەیان بۆ بدۆزرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە ٢١ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا" بڵاوی کردەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی واشنتۆن ئەگزمیز دەربارەی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و لایەنەکانی تری ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە گوتی دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا لە دوایین خولی ئەو گفتوگۆیانەدا دەستکەوتی بەرچاویان هەبووە.

ئەو بەرپرسە کە ئاماژە بە ناوی نەکراوە ده‌ڵێ،  "دوایین خولی گفتوگۆکان ئه‌رێنى بوون و ئێمە هەستمان بە پێشکەوتنی بەرچاو کردووه‌، بەڵام سەبارەت بە چەند پرسی سەرەکی ناکۆکی لە ئارادان و پێویستە چارەسەر بکرێن".

ئەو بەرپرسە هەروەها گوتویەتى، "هەڵوێستی ئەمریکا بەردەوام ئەوە بووە کە ئێمە ئامادەین ئەو گەمارۆیانە کە پێچەوانەی ڕێککەوتنی ئەتۆمین هەڵبوەشێنینەوە، بەڵام ئەوە تەنیا لە کاتێکدا دەبێت کە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە دوو لایەنە بێت".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە: یەکێک لەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکاندا باسی لەسەر کراوە، دیاریکردنی ئەو هەنگاوانە بوون کە ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان پێویستە بیانهاوێژێت.

خولی چوارمی کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و وڵاتانی تری ئەندامی ئەو ڕێککەوتنە، واتە بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، چین و ڕووسیا وەک خولەکانی پێشوو لە ڤیێنا پایتەختی نەمسا بەڕێوەچوو و ڕۆژی چوارشەممە کۆتایی پێهات و دیپلۆماتکاران بە مەبەستی ڕاوێژ گەڕانەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.

عەباس عەراقچی سەرۆکی شاندی دیپلۆماتکاری ئێران لە ڤیێنا، لەو بارەوە گوتی، "ئێمە توانیمان لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا تا ڕادەیەکی زۆر پێشکەوین و ئێستا دەتوانین بڵێین لە چوارچێوەیەک بۆ ڕێککەوتن نزیک بووینەتەوە. دەقی سەرەکی ڕێککەوتنەکە دیاری کراوە. هەڵبەت گفتوگۆکان سەبارەت بە دەقی کۆتایی درێژەیان هەیە و هێشتا سەبارەت بە چەند خاڵێک سەرقاڵی گفتوگۆین".

عەراقچی ڕایگەیاند، "هێشتا دەربارەی چەند پرسێکی سەرەکی ناکۆکی لە ئارادەیە و نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن، بۆیە لیژنەکان بڕیاریان دا چەند ڕۆژێک پشوو بدەن و بۆ ڕاوێژ و گفتوگۆی پیویست بگەڕێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان".

عەراقچی لە دیمانەیەکدا جەختی کردەوە: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکا بڕیارە دژوارەکەی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و جێبەجێکردنەوەی مەرجەکانی ئەو ڕێککەوتنە بە تەواوەتی بدات و هەموو گەمارۆکان هەڵبوەشێنێتەوە.

کۆماری ئیسلامیی خوازیاری ئەوەیە ئەمریکا وەک لایەنێک کە ڕێککەوتننەکەی جێهێشتووە و بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە، سەرەتا هەنگاوی یەکەم بۆ گەڕانەوە هەڵبگرێت و هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبوەشێنێتەوە.

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین