بلینكن: سه‌پاندنى سه‌دان سزاى سه‌ر ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت ئێران

نوچه‌نێت

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری داوە کە تەنانەت لە ئەگەری زیندووبوونەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، "سەدان گەمارۆ" لە دژی کۆماری ئیسلامیی وەک خۆیان دەمێننەوە. بلینکن هەروەها بە سیناتۆرەکانی گوتووە راوەستاندنی خێرایی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەبێ هەنگاوی یەکەم و ئامانجی لەپێشینەی واشنتۆن بێت، چونکە رەنگە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو دۆخەی ئێستا ئێران زۆر خێراتر لەوەی پێشتر پێشبینی دەکرا، دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

ئەمڕۆ چوارشەممە نۆی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، بلینکن بە نوێنەرانی ئەنجومەنی پیرانی گوتووە "چاوەروانی ئەوە دەکەم تەنانەت لە ئەگەری گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی، سەدان گەمارۆی ئەمریکا لە دژی ئێران وەک خۆیان بمێننەوە". 

بە گوتەی بلینکن هەندێ لەو گەمارۆیانەش کە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دانراون، وەک خۆیان دەمێننەوە. 

بلینکن گوتی ئەگەر گەمارۆکان " لەگەڵ رێککەوتنی ئەتۆمی نەتەبا نەبن، تا کاتی گۆڕانی ڕەفتاری ئێران دەمێننەوە". 

بلینکن کە ڕۆژی سێشەممە هەشتی حوزەیران، لە کۆبوونەوەی سیناتۆرەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا ئامادە ببوو لە وەڵامی باب مەندز، سیناتۆری دیموکراتی نیوجێرسی کە لە رەخنەگرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمییە گوتی: لە روانگەی منەوە ئامانجی یەکەمی گفتوگۆکان دەبێ گەڕانەوەی ئێران بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بە پێی ئەو رێککەوتنە بێت، بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بە پیتاندنی یورانیۆمی ٢٠٪ی و ٦٠٪ی لە تەکنۆلۆژیای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیکتر نەبێتەوە. 

بلینکن گوتی: "ئەگەر ئێمە بتوانین ئێران بگەڕێنینەوە بۆ ئەو خاڵەی بە پێی رێککەوتنەکە بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، ئەوە تازە هەنگاوی یەکەمە نەک دوایین هەنگاو. ئێستا ئێمە کێشەیەکی گەورەمان لەبەر دەمە. ئێستا بەرنامەی ئەتۆمی ئێران زۆر بە خێرایی دەچێتە پێش. ئەو وڵاتە سەرقاڵی پیتاندنی ٢٠٪ی و ٦٠٪یە و تا ئاستێکی کەمیشدا لە ئامێرە پێشکەوتووەکان کەڵک وەردەگرن... پێشتر راپۆرتەکان باسیان لەوە دەکرد کە ئێران لە یەک ساڵدا دەگاتە چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێستا باس لە چەند مانگ دەکرێت. ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت رەنگە ئەو ماوەیە کورتتر بێتەوە بۆ چەند هەفتە. بۆیە ئەوە کێشەیەکی جدی و راستەقینەیە. لە قازانجی ئێمەدایە کە سەرەتا ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین. چونکە دەزانین ئێرانێکی ئەتۆمی دەتوانێ رۆڵێکی زۆر خراپتر لە بوارەکانی تردا بگێڕێت. سەرەڕای هەموو ئەوانە، من لەگەڵ ئێوە (سیناتۆر مەنندز) هاوڕام کە گەیشتن بە رێککەوتن بۆ جێبەجێکردنەوەی بەڵێنە ئەتۆمییەکان دەبێ هەنگاوی یەکەم بێت نەک خاڵی کۆتایی و دواجار بە پێی ئەو هەنگاوە بڕۆینە پێش". 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا واشنتن دەتوانێت چاوەڕوانی رێککەوتنێکی هەمەلایەنەتر بێت، گوتی: "پێویستە سەرنج بدەینە هەموو لایەنەکان و لێکدانەوە بکەین بزانین پێویستە ئێران دەبێ چ بەڵێنێکی تر بدات. هەڵبەت پێویستە سەرنج بدەین ئەگەر ئێمە چاوەڕوانی ئەو جۆرە گۆڕانکارییە بین، دەبێ چاوەڕوانی ئەوەش بین کە ئێران داوای ئیمتیازی زیاتر بکات و ئەو کات پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکەین لە بەرانبەر ئەوەیدا کە داوای دەکەین چی دەدەین. دەبێ ئەو خاڵەیش لەبەرچاو بگرین لە چەند بوارێکدا گەمارۆکان هێدی هێدی هەڵدەوەشێنەوە، گرنگترینیان رێگریکردن لە پیتاندنی زیاتر لە ٣.٦٧٪ و هێشتنەوەی ئاستی یورانیۆمی پیتێندراو لەژێر ٣٠٠ کیلۆگەرەمە کە ئەوە تا ساڵی ٢٠٣٠ درێژەی دەبێت...".

شەشەمین خولی گفتوگۆکانی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەم زووانە لە ڤیێنا دەست پێدەکەنەوە. نوێنەرانی ئێران و ئەمریکا لەو گفتوگۆیانەدا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان گفتوگۆ دەکەن. 

عەباس عەراقچی، یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوە و دیپلۆماتکاری باڵای ئێران لە ڤیێنا لە سەرەتای ئەو گفتوگۆیانەدا گوتبووی پێویستە ئەمریکا ١٥٠٠ گەمارۆ کە لە دژی ئێران داسەپاون هەڵبوەشێنێتەوە و ئەگەر ئەوە ئەنجام نەدات دۆخەکە "دژوارتر" دەبێت. 

بلینکن ڕۆژی دووشەممە هەفتی حوزەیرانیش گەشبینی چەند بەرپرسێکی ئێران و ئەوروپا دەربارەی داهاتووی ڕێککەوتنی ئەتۆمی رەت کردبووەوە. 

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران چەندین جار رایگەیاندووە ناکۆکییە سەرەکییەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە گفتوگۆکانی ڤیێنا چارەسەر کراون و کێشە تەکنیکی و وردەکان ماونەتەوە. 

بلینکن وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو قسانە گوتی: "هێشتا دیار نییە ئێران بڕیاری پێویستی بۆ هەڵگرتنی هەنگاوە پێویستەکان داوە یان نا". 

ئەو هۆشداریە نوێیەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە مانەوەی سەدان گەمارۆ لە دژی ئێران لە کاتێکدا دێت کە عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامیی چەندین جار جەختی کردووەتەوە ئێران کاتێ بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ دەکاتەوە کە سەرەتا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو گەمارۆکان هەڵبوەشێنێتەوە. 

خامنەیی گوتبووی ئێران دوای ئەوەی لە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان دڵنیا بووەوە، بەڵینەکانی جێبەجێ دەکات. 

لە لایەکەی ترەوە، ڕۆژی سێشەممە ئەمریکا رایگەیاندووە پێویستە ئێران رێگا بدات ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی چاودێری چالاکییە ئەتۆمییەکانی بکات، چونکە گفتوگۆکانی ڤیێنا دەکەونە مەترسییەوە. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین