گەورە کۆمپانیاکانی فەڕەنسا دوای ڕێککەوتنی ئەتۆمیش ناگەڕێینەوە بۆ ئێران شیکاری ئابوری

نوچه‌نێت

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لە ڤیێنا بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و سەرهەڵدانەوەی هیواکان لە ئێران بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیاکان و سەرمایەگوزارانی دەرەکی، کۆمپانیا فەڕەنسەییەکان لەم ڕۆژانەی دواییدا ڕایانگەیاندووە گومانیان هەیە تەنانەت دوای هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکاش چالاکییەکانیان لە ئێران دەست پێ بکەنەوە.

ڕۆژی شەممە ٢١ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "یورۆنیوز" بڵاوی کردەوە، لەو نێوەدا کۆمپانیای تۆتاڵ لە بواری نەوت و گاز و کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی پیجۆ- سیترۆئێن (پی ئێس ئەی گروپ)کە لەم دواییانەدا بووەتە بەشێک لە گرووپی چەند-ڕەگەزی کۆمپانیای "ستالنتیس"، ڕایانگەیاندووە لە ترسی سزاکانی ئەمریکا نایانەوێت لە ئێراندا سەرمایەگوزاری بکەن.

هەندێ لە شرۆڤەکارانی کەرتی پیشەسازیی لە ئێران دەڵێن کۆمپانیا فەڕەنسەییەکان بازاڕی خۆیان گەرم دەکەن و بۆیە ئەو هەڵوێستەیان زۆر جدی نییە. 
بەڵام ترسی ئەو کۆمپانیانە لە سزاکانی ئەمریکا ئەوەندەش بێ بنەما نییە، چونکە لە ساڵی ٢٠١٤دا، " بی. ئێن. پی پاریبا" کە دەوڵەمەندترین بانکی فەرەنسایە، بە هۆی ئاڵوگۆڕی نایاسایی دارایی لەگەڵ چەند وڵاتێک و لەوانە ئێران، سزای پێدانی نۆ ملیار دۆلار پێبژاردنى ئەمریکای بەسەردا سەپا. ئەوە گەورەترین سزاى دەرەکی ئەمریکا لە پەیوەندی لەگەڵ پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئێران بوو.

پیجۆ: لە ساڵی ٢٠٠٧وە لە ئێران چالاکیمان نەبووە

لە چەند ڕۆژ لەمەوبەرەوە لە ئێران چەند دەنگۆیەک سەبارەت بە پاشگەزبوونەوەی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی پیجۆ- سیترینی فەڕەنسا لە دڕیژەدان بە چالاکییەکانی لە ئێران بڵاو بووەتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە جۆرە جیاوازەکانی پیجۆ ماوەی چەندین دەیەیە لە شەقامەکانی شارەکانی ئێران دەبینرێن و تەنانەت لە لووتکەی گەمارۆکانیشدا کەلوپەلی دەست دووەمی ئەو ئۆتۆمبێلانە زۆرجار لە ڕێگای کۆمپانیا چینییەکانەوە دابین کراون.

دەنگۆکان سەبارەت بە ئامادەبوونی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ئێران هەندێ جار هێندەی هەواڵە ڕاستەقینەکان گرنگن، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە لەسەر نرخ و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکانی ناوخۆیش کاریگەری دابنێت. 
سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیای پیجۆ- سیترینی فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠٠٧وە بەهۆی گەمارۆکانەوە کۆتایی بە چالاکییەکانی خۆی لە ئێران هێنا. ئێران هێشتا لە بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێلی پیجۆ بەردەوامە. فرانسواز پیمە موازان، گوتەبێژی نووسینگەی پەیوەندییەکانی کۆمپانیای پی. ئێس. ئەی فەڕەنسا لەو بارەوە بە هەواڵنێری یورونیۆزی فارسی گوتووە ئەو کۆمپانیایە لە ساڵی ٢٠٠٧ بەملاوە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا بە کردەوە کۆتایی بە چالاکییەکانی خۆی لە ئێران هێناوە.

بازاڕی ئەمریکا یان بازاڕی ئێران؟

یەکێک لە دەنگۆکان لە ئێران دەربارەی پیجۆ ئەوەیە کە ئەو کۆمپانیا فەڕەنسەییە لە لایەکەوە بەهۆی ئەوەی کە هەوڵ دەدات دەستی بە بازاڕی ئەمریکا و پەیداکردنی سەرچاوەی داهاتی زیاتر لەو وڵاتەدا بگات و لە لایەکی ترەوە بە هۆی نەبوونی ئاسایش لە بواری سەرمایەگوزاری لە ئێراندا، تەنانەت لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانیش، مەیلێکی بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو بازاڕە گەورەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە.

ئۆتۆمبێلەکانی پیجۆ وسیترین لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا نین چونکە بەرهەمەکانی گرووپی پی. ئێس. ئەی لەو وڵاتەدا بەرهەم نایێن و نافرۆشرێن. بەڵام کۆمپانیای ستلانتیس کە پی. ئێس. ئەی لەم دواییانەدا تێکەڵی بووە و بووتە بەشێک لەو کۆمپانیا، ١٦ برەندی هەیە کە پێنجیان ئەمریکین. ئەو کۆمپانیا زەبەلاحەی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل کە دوای تێکەڵبوونی دوو گرووپی پی. ئێس. ئەی و فیات- کرایسلێر پێک هات، گرووپێکی چەند ڕەگەزی کە بنکەی لە ئه‌مستردام لە هۆڵەنددایە. 
بۆیە ڕەنگە ئاسایی بێت کە پی. ئێس. ئەی وەک هاوبەشێکی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی ئەمریکیی نەتوانێ لە سەردەمی گەمارۆکان و تەنانەت دوای گەمارۆکانیش لەگەڵ ئێران هاوکاری بکات. 
سەلیمە ڕەحماوی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە کۆمپانیای پی. ئێس. ئەی فەڕەنسا لە وەڵامی پرسیارێکی یورۆنیوزدا، وێرای پشتڕاستکردنەوەی کۆتاییهاتنی هاوکاریی لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند، "کۆمپانیاکەیان بە مەبەستی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو یاسایانە کە ئێستا جێبەجێ دەکرێن، لە کاتی گونجاودا هەنگاوی ناوە و کۆتایی بەو بەشەی چالاکییەکانی خۆی هێناوە کە پێچەوانەی گەمارۆکانە".

ڕەحماوی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا پی. ئێس. ئەی دوای هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان دەگەڕێتەوە بۆ ئێران یان ئەوەی کە بەهۆی هاوکارییە نوێکانی لەگەڵ ئەمریکا نایەوێت بگەڕێتەوە، گوتویەتی، "ناوی پیجۆ وەک برەندێکی جیهانی دێتە بەرچاو کە لە هەموو کیشوەرەکاندا بە مەبەستی خزمەتگوزاری بە کڕیارانی خۆی چالاکی دەکات".
ئەو وەڵامە گشتییە، یەکلایی ناکاتەوە کە ئایا پیجۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئێران یان نا، بەڵام ئاماژەکردن بە "هەموو کیشوەرەکان" ڕەنگە ئەو پەیامە شاراوەیە تێدا بێت کە پیجۆ نایەوێت لەبەر ئێران، بازاری ئەمریکا پشتگوێ بخات.

تۆتاڵ: ناگەڕێینەوە بۆ ئێران

کۆمپانیای فەڕەنسەیی تۆتاڵ کە لە بواری نەوت و گاز چالاکی دەکات و هەمیشە یەکێک بووە لە گەورەترین سەرمایه‌گوزارە دەرەکییەکان لە ئێران، زۆر بە ئاشکراتر بڕیاری خۆی سەبارەت بە نەگەڕانەوە بۆ ئێران ڕاگەیاند. 
جان پیێر ئێسبرێز، بەرپرسی بەشی دارایی تۆتاڵ نزیکەی ٢٠ ڕۆژ پێش ئێستا لە میانەی کۆنفڕانسێکی تەلەفۆنی لەگەڵ شرۆڤەکاراندا ڕایگەیاند تۆتاڵ بەهۆی دڵنیانەبوون لە گەمارۆکانی ئێران، لە ئێستادا نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتە. 
هەواڵنێری ڕۆیتەرز بە گێڕانەوە لەو بەرپرسە ڕایگەیاندبوو ئەو کۆمپانیا فەڕەنسەییە لە ئێستادا لە هەڵوەشانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا دڵنیا نییە. 
سێ هەفتە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو قسانە، ئاناستازیا جیولینا، بەرپرسی کاروباری میدیایی تۆتاڵ وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە گوتی، "قسەیەکی نوێی سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ ئێران پێ نییە و لە ڕاستیدا هەڵوێستی تۆتاڵ لەو بارەوە نەگۆڕدراوە".

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین