پزیشکیان ڕەخنە لە کارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەگرێت ئێران

نوچە نێت

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ماکرۆن، پزیشکیان ڕەخنەی لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گرت بەوەی کە دوو باسکردنی جیاوازی هەیە لە ڕاپۆرتەکانیدا سەبارەت بە ئەتۆمی ئێران.

ڕۆژی دووشەممە (30/حوزەیران/2025) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆکی فەڕەنسای ڕاگەیاند، ناڕازین لە ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی چونکە ڕاپۆرتەکان لایەنگیرییان هەیە سەبارەت بە کاروباری ئەتۆمی ئێران و ئیدانەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. 

بە گوێرەی گوتەکانی پزیشکیان، ئەو ڕەفتاری ئاژانسەکە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان بەهۆی ئەوەی، "ئەم جۆرە ڕاپۆرتانە ئاڵەنگارییەکی جددی بۆ ئاسایشی ناوچەکە و نێودەوڵەتی دروست دەکەن". داواشی لە ئاژانسەکە کرد، "ڕێز لە مافەکانی وڵاتانی ئەندام بگرێت و خۆی لە کرداری جیاکاری لە نێوان وڵاتان بەدوور بگرێت".

پزشکیان نیگەرانی خۆی لە راپۆرتەکانی ئەم دواییەی ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی دەربڕی و وتەکانی بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی ناوبرد و دەڵێت، "پێویستە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پابەند بێت بە ڕێنماییەکانی خۆی و کارەکانی تاوەکو متمانە پێکردنی بۆ بگەڕێتەوە و بێلایەنی ئاژانسەکە بوونی هەبێت". 

لە بەرامبەردا، ئیمانوێل ماکڕۆن، سەرۆکی فەڕەنسا سەرەخۆشی لە زیانەکانی ئێران کرد و ڕایگەیاند، "فەڕەنسا یەکێک بوو لە ئەو وڵاتانەی هەر زوو هێرشە هاوبەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلی ئیدانە کرد و پشتیوانی بۆ هەڵوێستی ئێران دەربڕی سەبارەت بە جێبەجێکردنی دادپەروەرانە و بەردەوامی ڕێنماییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و تیشکی خستە سەر گرنگی بەردەوامی هاوکاری و دیالۆگ بۆ بەردەوامی هەماهەنگییەکان".

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین