لە ئێران داوای ئازادکردنی کرێکاره‌ گیراوه‌كان ده‌كرێت ئێران

نوچه‌نێت

سەندیکای ئازادی کرێکاران و ئەنجومەنی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە دوو ڕاگەیێندراوی جیاوازدا داوای ئازادکردنی کرێکاران و چالاکانی کرێکاری دەکەن و داوایان لە بەرپرسانی حکومەت کردووە دەست لەدادگاییکردنی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژی جیهانیی کرێکار هەڵگرن.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی دەنگی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، لە کاتێکدا چەندین هەواڵ سەبارەت بە نەبوونی بیمەی کرێکاری لە ئێران و دەرکردن کرێکاران و دواخستنی مووچەکانیان لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بڵاو بوونەتەوە، دەستەیەک لە کرێکاران دوای کۆبوونەوەکانی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، لەلایەن دامودەزگاکا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەرکراون. هەروەها چەند چالاکێکی کرێکاری دۆسیەی دادگایان بۆ کراوەتەوە.

سەندیکای ئازادی کرێکارانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیێندراوێک وێرای ئاماژەکردن بە دەستبەسەرکردنی لانیکەم ٣٠ چالاکی کرێکاری، دەرکردنی فەرمانی دادگاییکردنی چەند چالاکێک و کردنەوەی دۆسیەی دادگا بۆ ئەو چالاکانە، ڕایگەیاندووە ئەو دەستبەسەرکردنانە و کردنەوەی دۆسیەی دادگا لە دژی کرێکاران و دەستبەسەرکراوانی کۆبوونەوەی یەکی ئایاری بە توندی ئیدانە کردووە و داوای ئازادکردنی خێرا و بێمەرجی دەستبەسەرکراوانی کردووە.

هەروەها ئەو سەندیکایە وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە هۆکاری بەردەوامبوونی ئەو سەرکوتکردنانە و تۆڵەی دەسەڵات لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکانی ڕۆژی کرێکار، دەگەڕێتەوە بۆ ترسی ئەو دەسەڵاتە لە پەرەسەندنی زیاتری خۆپیشاندان و کۆبوونەوە سەرانسەرییەکان کرێکاران و باقی مووچەخۆران، داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی کردووە کۆتایی بە دادگاییکردنی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژی جیهانی کرێکار بێنێت.

هاوکات ئەنجومەنی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیێندراوێک وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە جیاکاریی و هەلاواردن لە دژی کرێکاران و سەرکوتکردنیان مێژوویەکی دوورودرێژی لە کۆماری ئیسلامیدا هەیە، سەرکوتکردن و دەستبەسەرکردنی و ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی کرێکاران و فشار بۆ سەر لایەنگران و چالاکانی کرێکاریی ئیدانە کرد.

ئەو ناوەندە کە لە بواری مافەکانی مرۆڤ چالاکی دەکات، هەروەها وێرای دەربڕینی پشتیوانی خۆی لە دامەزراوە و سەندیکاکان و کۆبوونەوە کرێکارییەکان، داوای ئازادکردنی خێرا و بێمەرجی کرێکاران و چالاکانی بواری کرێکاری لە ئێراندا کردووە و داوای لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە نێودەوڵەتییە کرێکراییەکان لە سەرانسەری جیهان کردووە وێرای دەربڕینی پشتیوانی و پاڵپشتی خۆیان لە کرێکارانی ئێران، لە توندبوونەوە و بەردەوامی سەرکوتکردنی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ئێران ڕێگری بکەن.

هەموو ساڵێک لە ڕۆژی جیهانی کرێکار(١ی ئایار)، لە هەموو جیهاندا کۆبوونەوەی بەربڵاو بە مەبەستی ڕێزگرتن لە کرێکاران بەڕێوە دەچێ.

کرێکارانی هەموو جیهان لەو ڕۆژەدا هەوڵ دەدەن لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوە ئاشتیخوازانەکاندا دەنگی خۆیان بگەیێننە گوێی ڕابەران و بەرپرسانی وڵاتان و داواکارییەکانیان بخەنە ڕوو، بەڵام لەو ساڵانەی دواییدا کۆبوونەوەی کرێکارانی ئێران ڕووبەڕووی سەرکوت بووەتەوە و چالاکانی کرێکاری ڕووبەڕووی دادگا بوونەوە.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین