ئێران ناوى كاندیده‌كانى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار ئاشكرا ده‌كات ئێران

نوچه‌نێت

هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی قۆناغی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە شیاوی و لێهاتوویی کاندیده‌کانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران، میدیاکان باس لەوە دەکەن کە زۆربەی کەسایەتییە ناسراوەکانی بەرەی ڕیفورمخواز و محافیزەکار، جگە لە ئیبراهیم ڕەئیسی، ڕەت کراونەتەوە و مۆڵەتیان پێ نادرێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بەشداری بکەن.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ئایاری٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "فارس" نزیک لە سوپای پاسداران، بڵاوی کردەوە کە دەستی گەیشتووە بە دوایین لیستی کاندیده‌ پەسەندکراوەکان لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە.

بەگوێرەی "فارس"، ئیبراهیم ڕەئیسی، موحسێن ڕەزایی، موحسێن مێهر عەلیزادە، سەعید جەلیلی، عەلیرەزا زاکانی، هێمەتی و  هاشمى قازی زادە  دوایین کاندیدا پەسەند کراوەکانن و دەتوانن لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بەشدار بن.

ئەگەر هەواڵەکەی ئاژانسی هەواڵنێری فارس پشتڕاست بکرێتەوە، بەو واتایە دێت کە عەلی لاریجانی (سەرۆکی پێشووی پەرلەمان)، ئیسحاق جەهانگیری (جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێستای ئەو وڵاتە)، مەحمود ئەحمەدی نەژاد (سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران) و مستەفا تاجزادە (ناسراوترین کاندیدای بەرەی ڕیفۆرمخوازان) ڕەت کراونەتەوە و ئیبراهیم ڕەئیسی تاقە کاندیدی ناسراوی هەڵبژاردنەکانی ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە ئێران دەبێت.

بەڵام ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" لەو بارەوە بڵاوی کردەوە، ڕوحۆڵا جومعەیی، ڕاوێژکاری وەزیری ناوخۆی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کلاب هاوس وێرای ڕەتکردنەوەی ئەو هەواڵە گوتی هێشتا هیچ لیستێک ڕادەستی ئەو وەزارەتە نەکراوە.

بڕیارە ئەمڕۆ (سێشەممە) وەزارەتی ناوخۆی ئێران، بە فەرمی لیستی کۆتایی کاندیداکان بڵاو بکاتەوە.


 



 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین