چاودێرانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئێران چی دەڵێن؟ وەرگێڕان

و: نوچەنێت

دوای ڕاگەیاندنی لیستی کۆتایی کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران، چاودێران و شرۆڤەکارانی میدیا نێودەوڵەتییەکان ڕوانگەی خۆیان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە و زۆربەیان هەمان ڕوانگەیان هەیە کە چاودێرانی ناوخۆی ئێران هەیانە، واتە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە شانۆیەکە بۆ ئەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی بکرێتە سەرۆک کۆمار.

زۆر کەس پێیان وایە، تا پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی دەبێ گفتوگۆکانی ڤیێنا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بگەنە ئەنجام، بەڵام هەندێکیش لەو بڕوایەدان کۆماری ئیسلامیی بە هۆی قەیرانە ئابوورییەکان تەنانەت بە دەسەڵاتگرتنی ئیبراهیم ڕەئیسیش درێژە بە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ناوچە دەدات.
 

دەیڤید ئەندلمەن، لە ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵی "سی ئێن ئێن" نووسیویەتی: "خامنەیی کە ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور، واتە ئەو ناوەندە کە شیاوی و نەشیاوی کاندیدەکان دیاری دەکات، لەژێر ڕکێفی خۆیدایە، لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ گرەو ناکات. جاری پێشوو، ڕابەری کۆماری ئیسلامی ڕێگای دا کاندیدە میانڕەوەکان لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن و ئەوەش بووە هۆی شکستی ڕەئیسی لە بەرانبەر ڕۆحانیدا".

ئەندلمەن وێرای ئاماژەکردن بە پەرەسەندنی بانگهێشتەکان بۆ بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، "پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکاندا کەم بێت"  دەنووسێت "ئەمجارە ئیتر پێویست ناکات دەسەڵات دەستوەردانی دەنگەکانیش بکات چونکە هیچ کەس لە ناو کاندیدەکاندا نییە کە خوازراوی خەڵک بێت و خەڵک لەبەر ئەو بڕۆنە سه‌ر سندووقی دەنگدان".

-باربارا سلۆڤین، بەڕێوەبەری بەشی "داهاتووی ئێران" لە ناوەندی ئەنجومەنی ئەتلەنتیک لە واشنتۆن دەڵێت، "هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆک کۆماریی لە ئێران گاڵتەجاڕییە، ئەگەر ڕابەری کۆماری ئیسلامیی پێداچوونەوە بە ڕوانگەی خۆیدا نەکات و ڕێگا نەدات  کاندیدەكانى ترى متمانه‌پێكراو لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بەشدار بن، ئاستی بەشداریکردن زۆر لە خوارەوە دەبێت و ئەوەش بۆ حکومەت شەرمەزارییە".

خامنه‌یى له‌به‌رانبه‌ر ره‌خنه‌كان خۆى نابیست كردووه‌
 



ئەندلمەن لە ئاژانسی CNN، ئاماژە بە کارنامەی ڕەئیسی وەک ئەندامی لیژنەی مەرگ لە کاتی ڕەشکوژیی زیندانیانی سیاسیی لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨ و توندڕەوییەکانی تری ئەو بەرپرسەی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی دەکات. ئەندلمەن هۆشداری دەدات کە "ڕەئیسی وەک خامنەیی ئۆگرییەکی ئەوتۆی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی نییە".

ئەو نووسەرەی CNN لە درێژەدا دەڵێت، "دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا بە ئاشکرا لەوە ئاگادارن ئەگەر پێش ئەوەی کابینەی ڕۆحانی کۆتایی پێبێت نەگەنە ڕێککەوتنێکی جدی، ڕەنگە ئیتر هیچ ڕێککەوتنێک نەکرێت".

هەر لەو بارەوە، ڕۆژنامەی ئیسرائیلی "هارتێس" لە ڕاپۆرتێکی شیکارایدا نووسیویەتی "هەم خامنەیی و هەم بایدن هیوادارن پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی بگەنە ڕێککەوتن". بە گوتەی نووسەری ئەو ڕاپۆرتە، خامنەیی هیوادارە سەرۆک کۆماری داهاتوو بتوانێت بارودۆخی ئابووری ڕێک بخاتەوە.

بەڵام بە بڕوای ئەندلمەن نیشانە تاڵەکانی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن هەر لە ئێستاوە دەرکەوتوون: لە لایەکەوە، ناکۆکی ئێران و ئەمریکا هەر ئێستا بە هۆی ڕەوانەکردنی دوو بەلەمی ئێرانی (بەلەمێکی سەربازی و کەشتییەکی گەورە بە ناوی مکران) بەرەو ئاوەکانی ڤێنزۆیلا پەرەیان سەندووە. لە لایەکی ترەوە، ئەگەر نەفتالی بنت جێگای بنیامین نەتانیاهۆ بگرێتەوە، بەو واتایە دێت کە کەسیک لە ئیسرائیل دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێت کە پێشتر ڕایگەیاندووە پێویستە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەرگیر بین نەک لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە".

ئەندلمەن لە کۆتایی وتارەکەیدا هۆشداری دەدات و دەڵێت: "بە هەموو پێوەرەکان، ئەو دۆخی ئێستا، خراپترین دۆخە".

شرادا بهانداری، وتارنووسی ئاژانسی هەواڵی CNNی ئەمریکیی و بەرپرسی کۆمپانیای "ڕاوێژکارانی ڕیسک ئینتلیجنستیا" کە ئەویش وەک ئەندلمەن لیستی بڵاوکراوەی کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران بە واتای ڕۆیشتنی کۆماری ئیسلامیی بەرەو تۆندڕۆیی زیاتر و شانۆیەک بۆ بە دەسەڵات گەیاندنی ڕەئیسی دەزانێت، هەڵبژاردنەکان پەیوەند دەداتەوە بە پرسی جێنشینی ڕابەری ئێران و بەو جۆرە شیکاریی بۆ دەکات. بهاندرای دەنووسێت، "هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی بۆ داهاتووی ڕژێم گرنگن. هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە دەتوانن پرسی جێنشینی عەلی خامنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی یەکلایی بکەنەوە. تا ئێرە، پێدەچێت دەسەڵاتداران هەموو هەوڵی خۆیان خستووەتەگەڕ لە داهاتوودا توندڕۆتر بن. داهاتوویەک کە پێدەچێت خۆپیشاندانەکانی خەلک لە دژی ڕژیم بەرفراوانتر بن".

ئەو نووسەرە لەو بڕوایەدایە، عەلی خامنەیی بە دەستوەردان لە کاروباری ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور بۆ ڕەتکردنەوە و پەسەندکردنی کاندیدەکان ویستوویەتی دڵنیا ببێتەوە کە کاندیدە دڵخوازەکەی [واتە ڕەئیسی] تووشی شکستێکی تر نابێت. بەڵام بهانداری بە پێچەوانەی شرۆڤەکارەکەی CNN، هەڵبژاردنی ڕەئیسی وەک هەڕەشەیەک لەبەردەم گفتوگۆ ئەتۆمییەکان نازانێت.

شرادا بهانداری وێرای ئاماژە کردن بە ڕۆڵی ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕەشکوژیی زیندانیانی سیاسیی لە هاوینی ١٩٨٨دا دەنووسێت، "دوورە دیمەنی خۆپیشاندانەکان لە ئێران ڕەنگە ئاڵۆزتر بن. سڕینەوەی خەڵک و پشتگوێخستنی خواست و دەنگیان زیاتر دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت بەشداریکردنی کەم لە هەڵبژاردنەکاندا ڕەوایی و شەرعییەتی ڕژیم کەمتر بکاتەوە... سووڕی خۆپیشاندان و سەرکوتکردن و خۆپیشاندانی زیاتر دەتوانێ بە شێوەیەکی کاریگەر پەڵەیەکی ڕەش بێت بۆ پرسى ناوچەیی و جیهانیی ڕژیمی ئێران و گفتوگۆ ئەتۆمییەکان و گفتوگۆ نهێنییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچە ئاڵۆزتر بکات".

بەڵام ئەو نووسەرە هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات کە " گۆڕانکارییەکانی ناوچە، گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤیێنا یان شەڕە بەوەکالەتییەکان ناگۆڕدرێن، گفتوگۆکانی ڤیێنا درێژەیان دەبێت چونکە ڕێژیمی ئێران لەوە تێگەیشتووە کە ئەگەر پرسی بێکاری و گرانی چارەسەر نەکات، خۆپیشاندانەکان پەرە دەستێنن".

 

هه‌ڵبژاردنى داهاتووى ئێران سیناریۆیه‌كه‌ بۆ سه‌رخستنى ره‌ئیسى
 

-یان برمر، شرۆڤەکاری ئەمریکیش لە گۆڤاری "تایم"، وێرای ئاماژەکردن بە کارنامەی ڕەئیسی لە ڕەشکوژییەکەی ساڵی ١٩٨٨دا و دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکان بۆ سەرکەوتنی ئەو کەسایەتییە، دەڵێت ڕەنگە دوای گەیشتنی ڕەئیسیش بە دەسەڵات گفتوگۆکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان بەردەوام بن. برمر لەو بارەوە دەنووسێت: "ڕەئیسی سەبارەت بە کێشە ئابوورییەکانی ئێران ڕایگەیاندووە نابێ تەنانەت چرکەیێکیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان بەفیڕۆ بدەین... ئامارەکان ترسناکن. هەر بە بینینی نرخەکان دەتوانین لە دەرد و ئازاری خەڵک تێبگەین، ڕێژەی گرانی لە ١٠٪وە لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ ٤٠٪ لە ساڵی ٢٠١٩ بەرز بووەتەوە". بۆیە ڕەنگە ئەمساڵ گفتوگۆکان بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوام بن. 

-لە وڵاتانی تری ڕۆژئاوایشدا چەند شرۆڤەیەکی هاوشێوە بڵاوبوونەتەوە. "ئەسکاتزمەن"، ڕۆژنامەی ڕاستگەرای سکۆتلەند دوای بڵاوبوونەوەی لیستی کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران، هەواڵێکی بڵاو کردەوە کە ئەوە سەردێڕەکەی بوو، " سەرۆک کۆماری ئەمجارەی ئێران کە بڕیارە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە کارتۆنییەکان، ئیبراهیم ڕەئیسی دڵڕەق بێت، ڕەنگە دوایین سەرۆک کۆماری ڕێژیمی مەلاکان بێت".

-ئاژانسی هەواڵی "فەرەنسا" دەنووسێت: "خامنەیی لە بەرانبەر ڕەخنەکاندا خۆی کەڕ کردووە" و ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور ڕێگای بۆ دەسەڵاتگرتنی ڕەئیسی هەموار کردووە.

هەروەها لە ناو میدیاکانی وڵاتانی عەرەبی کە خۆیشیان هەڵبژاردنی ئازادانە بەڕێوە نابەن، هەڵبژاردنەکانی ئێران بە "کارتۆنی" وەسف کراون و دەڵێن بێ گومان ئیبراهیم ڕەئیسی سەر دەکەوێت. "عەرەب نیوز"، "گولف نیوز"، عەرەب ویکلی"، "عەرەب نیوز ژاپۆن"، "شەرق ئەوسەت" هەموویان ڕاپۆرتی کەم تا زۆر هاوشێوەیان بڵاو کردووەتەوە.

-"گولف نیوز" لە سەروتارێکدا لەو بارەوە نووسیویەتی: "ئەمجارە دەسەڵاتدارانی ئێران نیشانیان داوە کە ناتوانن ڕیسکی ئامادەبوونی کاندیدێکی میانڕۆ قەبووڵ بکەن، هەرچەندە سەرۆک کۆماری ئێران دەسەڵاتێکی ئەوتۆیشی نییە".

لە درێژەی ئەو "سەروتارەدا" هاتووە: "ئێران پێشتر هەوڵی داوە خۆی وەک وڵاتێکی دیموکرات بنوێنێ. بەڵام ئەمجارە و بە لەبەرچاوگرتنی داهاتوو، بەڵام پێدەچێت ئەمجارە ڕابەری کۆماری ئیسلامیی بڕیاری داوە تەنانەت پێویست ناکات وا بنوێنێ کە هەڵبژاردنی ئازاد و شەفاف لەو وڵاتەدا هەیە. بەشداریکردنی خەڵک دەری دەخات کە ئێرانییەکان بە شوێن سیستەمێکی باشتر و حکومەتێکی ئاساییەوەن. بەڵام مەخابن بۆ ئەو گەلە، ئەو کەسانەی لەو وڵاتەدا دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە، مل بەو خواستە نادەن".

لەناو میدیاکانی ناوچەدا، کەناڵی تەلەڤزیۆنی TRTی سەربە دەسەڵاتی تورکیا گەشبینانەترین شرۆڤەی بڵاو کردووەتەوە. ڕاپۆرتەکەی ئەو کەناڵە سەرەڕای ئەوەی ڕەتکردنەوەی کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریی لە قازانجی تۆندڕۆکان و ڕەئیسی لێکداوەتەوە، گوتوویەتی خەڵک زیاتر بەرەو "‌هیمەتی"، واتە سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندیی کە کاندیدێکی میانڕۆیە ڕاکێشراون. هەڵبەت ئەوە هێشتا نادیارە و ڕوون نییە. هەر لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "سیاسەتی بیرتەسکانە و سەرکوتکەرانەی دەسەڵاتی ئێران بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی لە خۆی تۆراندووە".

پێدەچێت هەر ئێستا هەندێ لە پێشبینییەکانی شرۆڤەکاران کە پێیان وایە ئەو هەڵبژاردنانە زیان بە ڕەوایی و سیماى ئێران لە ناوچە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەگەیێنێت، هاتووەتە دی. بەڵام لەناوچوونی ئەو سیمایه‌ ، بەو جۆرەی کە ئەو شیکاریی و شرۆڤانەی سەرەوە دەری دەخەن، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی ئەوتۆی لەسەر گفتوگۆکانی ڤیێنا یان گفتوگۆکانی بەغدا [لە نێوان تاران و ڕیاز] نابێت و حکومەت لەو سیاسەتەیدا بەردەوام دەبێت. 

سەرچاوە: ڕادیۆ زەمانە
 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین