خامنه‌یى به‌ نه‌رێنى وه‌ڵامى رۆحانى ده‌داته‌وه‌ ئێران

نوچه‌نێت

عەلی خامنەیی لە یەکەمین لێدوانی خۆیدا دوای ڕەتکردنەوەی زۆربه‌ى کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریی لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە، سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە ڕێزیان لە بڕیارەکەی ئەو ئەنجومەنە گرتووە.

ڕۆژی هەینی ٢٨ی ئایاری ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "یۆرۆنیوز" بڵاوی کردەوە، خامنەیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی ئایار لە لێدوانێکی ڤیدیۆییدا بۆ نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران، وێرای پاڵپشتیکردن لە ڕەتکردنەوەی کاندیدەکان گوتی، "ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور بەپێی ئەرکی خۆی ئەوەی کە دەبوایە ئەنجامی بدات و بە پێویستی دەزانی ئەنجامی دا و کاندیدەکانی دیاری کرد".

خامنەیی لە درێژەدا وێرای ئەوەی سپاسی ئەو کاندیدانەی کرد کە ڕێزیان لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور گرتووە و ڕەتبوونەوەی خۆیان قەبووڵ کردووە گوتیشی، "ڕەتکردنەوە بە مانای ناشیاوبوون نییە، بەڵکو مانای ئەوەیە ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور نەیتوانیوە بەو ئەنجامە بگات ئەو کەسە شیاوە. نەک ئەوەی بەو ئەنجامە گەیشتبێت کە شیاو نییە. ڕەنگە زۆریش شیاو بێت بەڵام ئێستا ڕاپۆرتەکان، تواناکان و زانیارییەکانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور نەیانتوانیوە بەو ئەنجامە بگەن".

دوای ڕەتکردنەوەی زۆربه‌ى کاندیدەکان لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە، عەلی لاریجانی و ئیسحاق جەهانگیری دوو کاندیدی ناسراو کە لە لایەن ئەو ئەنجومەنەوە ڕەت کرانەوە، هەر یەکیان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیێندراوی جیاواز بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ناڕەزایەتی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور بکەن، بە دەربڕینێکی جیاواز ئەو بڕیارەیان قەبووڵ کرد.

هەروەها عەلی خامنەیی لە لێدوانەکەیدا داوای لە خەڵک کرد وەڵامی نەرێنی بدەنەوە بە بانگهێشتەکان بۆ بایکوتکردنی دەنگدان و لە هەڵبژاردنەکاندا چالاکانە بەشداری بکەن. خامنەیی لەو بارەوە گوتی، "گوێ بە قسەی ئەو کەسانە نەدەن کە دەڵێن سوودێکی نییە، نەڕۆین، دەنگ نادەین. ئەوانە خەمخۆری خەڵک نین. کەسێک کە خەمخۆری خەڵک بێت داوا لە خەڵک ناکات کە دەنگ نەدەن".

دوای ناردنی نامەکەی حەسەن ڕۆحانی بۆ ڕابەری ئێران سەبارەت بە پێداچوونەوە لە لیستی کاندیدە ڕەتکراوەکان، هەندێ لە سیاسەتوانانی ئێران هیوادار بوون ڕابەری ئێران بە دەرکردنی حوکمی حکومەتی، چەند کاندیدێکی ڕەتکراوە، بە تایبەت عەلی لاریجانی و ئیسحاق جەهانگیری، ڕێگایان پێبدرێ بگەڕێنەوە بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکان.  
بەڵام بەو قسانەی خامنەیی پێدەچێت ئەو لیستە بڵاوکراوە، لیستی کۆتایی کاندیدەکان بێت.

 

 



 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین