٣١ هەزار کەس لە شاری تاران بە هۆی کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە ئێران

نوچه‌نێت

ناهید خۆدا کەرەمی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی شاری تاران رایگه‌یاند، بە پێی ئاماری گۆڕستانى "بەهەشت زەهرا"، تا ئێستا نزیکەی ٣١ هەزار کەس لە تاران بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢١، ماڵپەڕی کەناڵی تەلەڤزیۆنی "ئێران ئێنتەرنەشنال" بە گێڕانەوە لە سەرۆکی لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی شاری تاران بڵاوی کردەوە، ئاماری فەرمی گۆڕستانى"بەهەشت زەهرا" دەرخەری ئەوەیە تا ئێستا ٣٠ هەزار و ٦٨٠ دانیشتووی شاری تاران کە بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە تەرمەکانیان گوازراوەتەوە بۆ ئەو گۆڕستانه‌.

لەو ژمارەیە ٢١ هەزار و ٦٩٦ کەسیان لە گۆڕستان بەهەشت زەهرا و هەشت هەزار و ٩٨٤ کەسیشیان لەسەر داواکاری خزم و کەسوکاریان گوازراونەتەوە بۆ شوێنی لەدایکبوونیان و لەوێ تەرمەکانیان نێژراون.

خۆدا کەرەمی گوتیشی، لە ٣٠ هەزار و ٦٨٠ کەس کە بە هۆی تووشبوون بە کۆرۆنا گیانیان بەخت کردووە و ناویان لە بەهەشت زەهرا تۆمار کراوە، ١٨ هەزار و ٥١٢ کەسیان پیاو و ١٢ هەزار و ١٦٨ کەسیان ئافرەت بوون.

سەرۆکی لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی شاری تاران جەختی کردووەتەوە دۆخی کۆرۆنا لە تاران هێشتا مەترسیدارە و گوتیشی، "هەڵبەت لە هەموو ئێران دۆخەکە بەو جۆرەیە بەڵام پێویستە خۆمان بپارێزین".

ئەو ئامارەی سەرۆکی لیژنەی تەندرووستی ئەنجومەنی شاری تاران ئاماژەی پێدەکات، لەگەڵ ئاماری تۆمارکراوی بەهەشت زەهرا یەک دەگرێتەوە، بەڵام عەلیرەزا زالی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە تاران دەڵێت، "ئەو ئامارە تەواو نییە و هەموو ئەو کەسانەی کە لە تاران گیانیان لە دەست داوە، لە خۆ ناگرێت".

ئەو تەرمانەی کە دەگوازرێنەوە بۆ بەهەشت زەهرا، تەنیا ئەو کەسانەیان کە نەخۆشخانەکان و بنکەکانی تەندروستی و دەرمان بە بەڵگە پشتڕاستیان کردووەتەوە مردنیان بە هۆی کۆرۆنا بووە، لە ئامارەکانی بەهەشت زەهرا تۆمار کراون.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئیرەج حەریەچی، جێگری وەزیری تەندروستی مانگی تەشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو لە میانەی دیمانەیێکدا جەختی کردەوە ئەو ئامارەی وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت نیوەی ئاماری ڕاستەقینەیە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین