تووشبوانی کۆرۆنا لە ئێران چوار هێنده‌ى ژماره‌ى راگه‌یه‌نراوه‌ ئێران

نوچه‌نێت

بەڕێوەبەری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا له‌ ئێران وتی: بە لەبەرچاوگرتنی کەموکۆڕییەکانی پشکنینەکان و هەڵەکان، لێکدانەوەمان ئەوەیە کە لە بەرانبەر هەر کەسێکدا کە تووشبوونی بە کۆرۆنا ڕادەگەیەندرێت سێ کەسی تر تووشبوون بەڵام تاقیکارییان بۆ نەکراوە و ڤایرۆسەکە دەگوازنەوە.

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "اخبار روز"، حەمید سوری به‌ڕێوه‌به‌رى لیژنه‌كه‌ ڕۆژی چوارشەمە ١٧ی ئادار، ڕایگەیاند خاڵی سەرەکی لە کۆنتڕۆڵکردنی پەتادا، دۆزینەوەی کەسانی تووشبووە. بەڵام ناسینەوەی ئەو کەسانەی هیچ نیشانەیەکیان پێوە دیار نییە ئێجگار دژوارە و زۆر جار لە بەرانبەر هەر یەک تووشبوویەکدا کە دەناسرێتەوە سێ کەسی تر تووش بوون و ناناسرێنەوە و لە نێو خەڵکدا دەگەڕێن. لە ڕاستیدا ژمارەی ڕاستەقینەی تووشبوانی ڕۆژانە چوار ئەوەندەی ئەو ژمارەیە کە ڕادەگەیەندرێ. ئەوانە ناناسرێنەوە، هەمان ئەو کەسانەن کە دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە. 
وتیشی: سەبارەت بە پشکنینەکان لە هیچ شوێنێکی جیهاندا پشکنینی پی.سی.ئار بۆ هەموو خەڵک ئەنجام نادرێت، بەڵکو زیاتر سوود لە پشکنینی خێرا وەردەگیرێت بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی پەتاکە لە ناوچە جیاوازەکاندا، چونکە پشکنینی پی.سی.ئار هەم نرخی زۆرە و هەم بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو جۆرە پشکنینە پێویستی بە کەلوپەلی تاقیگە هەیە لە هەموو شوێنێکدا ناکرێ ئەنجام بدرێ. هەڵبەت پشکنینە خێراکانیش لەوانەیە هەڵەی زۆریان تێدا بێت و بۆیە ئەگەر پێویست بێ دەبێ دووبارە ئەنجام بدرێنەوە. 
بەڕێوەبەری لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا سەبارەت بە سەفەری نەورۆزی وتی: هەر جۆرە سەفەرێک مەترسیدارە و دەتوانێ ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە. وەزارەتی تەندرووستی بە رژدى هۆشدار دەدات کە لە نەورۆزدا سەفەر نەکرێت بەڵام بەرپرسانی وڵات گەیشتنە ئەو ئەنجامە کە سەفەرەکان بە گشتیی قەدەغە نەکرێن. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین