دابه‌شكردنى مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت کوردستان- عێراق

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ "نوچه‌نێت"یان راگه‌یاند، دابه‌شكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌رده‌وام ده‌بێت به‌ڵام به‌ به‌راورد به‌ مانگه‌كانى رابردوو پرۆسه‌كه‌ سستر ده‌بێت. رێباز حه‌ملان یاریده‌ده‌رى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان بۆ كاروبارى دارایى ده‌ڵێ، "وه‌زاره‌تى دارایى خشته‌ى دابه‌شكردنى مووچه‌ راده‌گه‌ینێت".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 26ى ئایار سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ نوچه‌نێتى راگه‌یاند، به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى هه‌مانه‌ بڕێك پاره‌ بۆ به‌رده‌وامبوونى پرۆسه‌ى دابه‌شكردنى مووچه‌  دابینكراوه‌ و  سبه‌یش مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌وانه‌یه‌ تا ناوه‌ڕاستى هه‌فته‌ى داهاتوو ته‌واوى وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكان مووچه‌یان پێ بدرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ به‌ دوورى نه‌زانى، "رۆژى هه‌ینیش" مووچه‌ دابه‌ش بكرێت.

 

سه‌رچاوه‌یه‌ك:
حكومه‌ت خشته‌یه‌كى مووچه‌ راده‌گه‌ینێ
بۆ ئه‌وه‌ى گرژییه‌كانى دوێنێ بڕه‌وێته‌وه‌ 

 

هاوكات رێباز حه‌ملان یاریده‌ده‌رى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ لێدوانێكدا به‌ ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى رووداوى راگه‌یاندووه‌، وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی مووچە رادەگەیێنێت. له‌ به‌شێكى ترى لێدوانه‌كه‌ى رێباز حه‌ملان گوتوویه‌تى، "سیولەی بانکەکانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، دڵنیایی دەدەمە خەڵکی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت و 30 رۆژ جارێک مووچە دەدرێت، لە دوێنێوە سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران هاتوونەتە سەر هێڵ و ئەو کێشانەیان چارەسەرکردووە"

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایى هه‌فتانه‌ بكات، به‌گوێره‌ى راگه‌یێندراوێكى فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیارى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان یه‌كه‌م ته‌وه‌رى كۆبوونه‌وه‌كه‌  ئه‌م  بابه‌ته‌ ده‌بێت،  "خستنەڕووی بابەتی داهاتی ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا و ڕۆڵی وەزارەتە تایبەتمەندەکان لە برەودان و هەمەچەشنکردن و زیادکردنی داهاتی ناوخۆیی هەرێم و سەرچاوەکانی، و ڕادەی پابەندی وەزارەتەکان لەم بارەیەوە".

به‌ڵام له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ نه‌كراوه‌، باس له‌ دواكه‌وتنى مووچه‌ ده‌كرێت یان نا.  
سه‌رچاوه‌یه‌كى تر بۆ "نوچه‌نێت" كه‌ ئه‌ویش زانیارى به‌رده‌وامبوونى مووچه‌ى دا، وتیشى، "هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵ ده‌درا دابه‌شكردنى مووچه‌ 30 رۆژ جارێك به‌شێوه‌یه‌ك به‌رده‌وام بێت كه‌ پێویستى به‌ راگه‌یاندنى خشته‌ نه‌بێت، به‌ڵام  له‌وانه‌یه‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ خشته‌یه‌كى دابه‌شكردنى مووچه‌ رابگه‌یێنرێت، بۆئه‌وه‌ى ئه‌و گرژییانه‌ بڕه‌وێنێته‌وه‌ كه‌ دوێنێ له‌ لێدوانى په‌رله‌مانتاران دروست بووه‌"

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئایا خشته‌ى مووچه‌ى ئه‌م مانگه‌ وه‌ك مانگه‌گانى تر ده‌بێت، محه‌مه‌د سه‌عده‌دین بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان به‌ "نوچه‌نێت"ى راگه‌یاند ئاگادارى هیچ خشته‌یه‌ك نییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گوتى " حکومەتی هەرێم بڕیاری داوە هەر سی مانگێک جارێک مووچە بدات، هەتا ئێستاش سەرکەوتووبووە، سەرەڕای ئەوەی کە حکومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی نەناردووە و بودجەی ٢٠٢١ی جێبەجێ نەکردووە، چونکە لە ماددەکان پێویست بوو بودجەی هەرێم بنێرێت حکومەت هەوڵدەدات بە گوێرەی داهاتەکان هەموو مانگ مووچە دابین بکات".

له‌ چه‌ند مانگى رابردوودا 25ى هه‌ر مانگێك مووچه‌ دابه‌ش ده‌كرا، به‌ڵام ئه‌م مانگه‌ ئه‌مه‌ دوو رۆژه‌ ته‌نیا مووچه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى دراوه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین