نەتانیاهۆ داوا لە ئەمریکا دەکات نەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران

نوچه‌نێت

بنایمین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەمیانەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوای لە واشنتۆن کرد نەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ڕادیۆ زەمانە" بڵاوی کردەوە، نەتانیاهۆ گوتویه‌تى، "هیوادارم ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی. ئێمە لەو بڕوایەداین ئەو ڕێککەوتنە ڕەوایی نێودەوڵەتی بۆ ئێران دەستەبەر دەکات بۆ ئەوەی دەستی بگات بە جبەخانەی چەکی ئەتۆمی".

نەتانیاهۆ لە درێژەی کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەیدا لەگەڵ بلینکن گوتیشى،  "ئێمە بە ئاشکرا ڕایدەگەیێنین ئیسرائیل بە مافی خۆی دەزانێت لە بەرانبەر ڕژێمێکدا بەرگری لە خۆی بکات کە وێرانکاری کردووەتە سیاسەتی لەپێشینەی خۆی و بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دەیەوێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات".

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕاستەوخۆ وەڵامی سەرۆک کۆماری ئیسرائیلی نەدایەوە. بلینکن تەنیا ئاماژەی بەوە کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئیسرائیل درێژە بە گفتوگۆکانی دەدات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "ئێمە بە هەموو جۆرێک پابەندی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیلین و پەرەیان پێ دەدەین و زۆر لە نزیکەوە لە پەیوەندیدا دەبین، بەو جۆرەی ئێستا لە گفتوگۆکانی ڤیێنا ئەو پەیوەندییەمان پێکەوە هەیە".

چەند کاتژمێر پێش سەردانی بلینکن لە تەلئەبیب، خولی پێنجەمی گفتوگۆکانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیێنا کۆتایی هات. عەباس عەراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کە سەرپەرشتی شاندی ئێرانی لە ئەستۆیە، دەربارەی گفتوگۆکان گوتی، " ئەو پرسانەی کە یەکلا نەکراونەتەوە و پێویستە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، پرسی جدین. هەڵبەت کەم بوونەتەوە و لە خولەکانی پێشوودا سەبارەت بە نووسینی دەقی ڕێککەوتنەکەیش تا ڕادەیەک پێشکەوتن هەبوو. لەم خولەشدا دەکرێ پێشکەوتنمان هەبێ، بەڵام چەند پرسی سەرەکی ماونەتەوە و پێویستە یەکلایی ببنەوە".

بلینکن لە کۆنفڕاسە ڕۆژنامەوانییەکە لەگەڵ نەتانیاهۆ و لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دەربارەی گەڕانەوەی واشنتۆن بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، گوتی، "ئەوە شتێکی نهێنی نییە و ئێمە سەبارەت بە ڕێگاچارەکە جیاواز بیر دەکەینەوە بەڵام هەوڵ دەدەین باشترین ڕێگاچارە بدۆزینەوە. ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ڕێککەوتنێکی ئێجگار گرنگە و ڕێگر بوو لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات. بەڵام لەو کاتەوە ئێمە لەو ڕێککەوتنە چووینەتە دەرەوە، ئێران بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکرد و ئێستا زیاتر لە هەموو کات لە چەکی ئەتۆمی نزیک بووەتەوە".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە یەکەمین گەشتی خۆی بۆ ئیسرائیل لە چەند دیداری جیاوازدا لەگەڵ گابی ئەشکنازی وەزیری دەرەوە و بەنی گانتس، وەزیری بەرگری و هەروەها لەگەڵ ریۆڤین ریڤلین، سەرۆک کۆماری ئیسرائیل، جەختی لەسەر پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل کردەوە.

ئەنتۆنی بلینکن ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی ئایار بە مەبەستی دیدار لەگەڵ پاشای ئوردون و سەرۆک کۆماری میسر سەردانی عەمان و قاهیرە دەکات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین