عێراقیەكان: ئەردۆغان ستراتیژیەتى داگیركردنى خاكمان دادەڕێژێت شیکاری

نوچه‌نێت

توركیا تەنیا بەدەستوەردانى سەربازى لە عێراقى وازى نەهێناوە، بەڵكو لەرێگەى دۆسیەى ئاو دەستى كردووە بە ئابڵۆقه‌دانى عێراق، ئەوەش دواى ئه‌وه‌ى لە سەر حیسابى بەشە ئاوى عێراق، كە سەرچاوەكەى لە توركیایە، دەستى كرد بە پڕكردنى" بەنداوى ئیلیسو".

رەجەب تەیب ئەردۆغان چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر بەبێ سڵەمینەوە كوشتنى سەركردەیەكى سەربازى كوردى توركیاى لەناو خاكى عێراق راگەیاند، ئەوەش بەبێ هەواڵگرى بەغدا زانیارى سەبارەت بەو پرۆسەیە هەبێت. 
سیاسیەكان و چاودێرانى سیاسى عێراقى پێیان وایە" ئەردۆغان هەوڵدەدات هاوشێوەى وڵاتانى تر بوونى خۆى لە عێراق بچەسپێنێت، پێشیان وایە دراوسێى باكوورى وڵاتەكەیان مەترسى كەمتر نییە لە دراوسێى رۆژهەڵاتى وڵاتەكەیان، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئێران.



ئەردۆغان ده‌یه‌وێت وه‌ك سووریا و لبنان جێگه‌ی خۆی له‌ خاكی عێراق بكاته‌وه‌

 

نوێترین پێشێلكارى سەروەرى عێراق لە لایەن توركیاوە، سەرەتاى ئه‌م مانگە خولوسى ئاكار وەزیرى بەرگرى توركیا بەهاوڕێیەتى سەرۆكى فەرماندەى گشتى و سەرۆكى هێزە وشكانییەكانى توركیا سەردانى یەكێك لە بنكە سەربازییەكانى توركیاى كرد لە هەرێمى كوردستان، ئەو سەدرانەش دواى لێدوانەكانى سلێمان سۆیلۆى وەزیرى ناوخۆى توركیا بوو، كە ئاشكراى كرد وڵاتەكەى بڕیارى بڕیارى داوە بنكەیەكى سەربازى لە خاكى عێراق دابمەزرێنێت، لە بەرانبەردا عێراق تەنیا لە رێگەى دیپلۆماسیەوە وەڵامى ئەو لێدوانەى دایەوە.

سەرهەڵدانەوەى شه‌ڕى  ئاو

یەكەم جار نییە ئاوى رووبارى دیجلە و فوڕات لەناو خاكى عێراق بەو ئاستە دابەزێت، بەڵكو پێشترین چەندین جار ئاوى ئەو دوو رووبارە دابەزییوە، كۆتاجار لەسەردەمى حكومەتى حەیدەر عەبادى (2014-2018) بوو، لە مانگى حوزەیرانى (٢٠١٨) توركیا  دەستى كرد بە دروستكردنى بەنداوى (ئیلیسو)، ئەوەش لەسەر حیسابى پشكى ئاوى عێراق بوو.
مەهدى رەشید وەزیرى سەرچاوە ئاوییەكانى عێراق رایگەیاند، "ئەو ئاوەى لە توركیا دەڕژێتە رووبارى دیجلە و فوڕات بە رێژەى ٥٠% دابەزیوە، رێژەى زیان لە رووبارى فوڕات لە نیوە نزیك دەبێتەوە، هۆكارەكەشى پێشێلییەكانى توركیاى دراوسێیە، پابەند نابێت بڕى ئەو رێژە ئاوەىى رێكەوتنى لەسەركراوە"

عەلى رازى وتەبێژى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەكانى عێراق لە لێدوانێكى بە ماڵپەڕى (حەفریات) رایگەیاند، "لەو ماوەیە ئاوى فوڕات بەشێوەیەكى بەرچاو دابەزییوە، ئەوەش بەهۆى فراوانكردنى پرۆژەى بەنداوە گەورەكانى توركیایە" جەختى لەسەر ئەوە كردەوە" لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرى ئەو پرسە وەزارەتەكەى پەیوەندى بە وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەكانى توركیا كردووە  بۆ ئەوەى بگەن بە رێككەوتن بڕى ئاوى عێراق، بۆ كاتى كەم ئاویش بەهۆى گۆڕانكارى سروشتى زیانەكان بەسەردوولا دابەش بكرێت".

سەبارەت بەو پارێزگایانەى زیانى زۆریان بەردەكەوێت رازى گوتى، "پارێزگاى دیالە زۆرترین زیانى بەردەكەوێت، كارمان كردووە بۆ بەردانەوەى رێژەیەك لە ئاوى عەنباركراوى رووبارى دیجلە بەگوێرەى پێویستى ئەو پارێزگایە" سەبارەت چارەسەرى ئەو بێ ئاوییەش رایگەیاند" وەزارەتەكەیان كار لەسەر دەرهێنانى ئاوى ژێر زەوى دەكات"


لە كۆتایى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد" وەزارەت كار لەسەر دەرهێنانى ئاوى ژێر زەوى دەكات، لە پێناو كەمكردنەوەى بێ ئاوى" هەروەها بەناوى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەكانیش داواى كرد" پێویستە رێز لەو وڵاتانە بگیرێت كە ئاویان بۆ رەوانە دەكرێت، دەستدرێژى نەكرێتە سەر مافەكانیان، هەر ئەوەشە حكومەتى عێراقى و خودى سەرۆكوەزیران جەختى لەسەر دەكەنەوە".

دەستكەوتەكانى توركیا لە عێراق

لیژنەى كشتوكاڵ و ئاودێرى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقى پێى وایە" دەسەڵاتدارانى توركیا بۆ بەدەستهێنانى هەندێ دەستكەوت، دۆسیەى ئاو وەك كارتى فشار دژ بە عێراق بەكاردەهێنن".
عەلى بەدیرى ئەندامى لیژنەى كشتوكاڵ و ئاودێرى گوتى، " لەسەرەتاى دەستپێكردنى پڕكردنى بەنداوى ئیلیسو توركیا دەستى بەكەمكردنەوەى پشكى ئاوى عێراق كردووە" روونیشیكردەوە" توركیا هەوڵدەدات كارتى ئاو بۆ فشارخستنە سەر عێراق بەكاربهێنێت لە پێناو هەندێ دەستكەوت لە چوارچێوەى دەستبەسەرداگرتنى بەشێك لە خاكى عێراقى و پرۆسەبازییەكانى بەبێ ئاگادارى حكومەتى عێراقى، بەپاساوى شەڕكردن دژى پارتى كرێكارانى كوردستان".
لە بەشێكى ترى قسەكانى بەدرى هۆشدارى دا " كەمكردنەوەى ئاوى خواردنەوە كارەسات لە پارێزگاكانى باشوورى عێراق دروستدەكات، بەتایبەت پارێزگاى بەسڕە، كە زیاتر رووبەڕووبوونەوەى كەم ئاوى دەبێتەوە".
ئەو پەرلەمانتارە عێراقییە رەخنەى گرت، كە" هیچ جوڵەیەكى رژد لە لایەن دەسەڵاتى جێبەجێ كردن و یاسادانان نییە بۆ چارەسەرى قەیرانى بێ ئاو، كە ساڵانێكى زۆرە وڵاتەكەى پێوەى دەناڵێنێت " ئاماژەى بەوەشكرد" گرنگى دانى یەكەمى حكومەتى عێراقى نەوتە، دۆسیەى ئاو لاى حكومەتى عێراقى پلە دووە، نەك دۆسەیەكى سەرەكى".

حه‌سه‌ن مووسه‌وی: هه‌ڵوێستی حكومه‌تی عێراق دژ به‌ توركیا لاوازه‌


تۆماركردنى داوا لە دادگاى نێودەوڵەتى دژ بە توركیا

چاودێرانى عێراقى پێیان وایە، "تاكە چارەسەر بۆ وەستاندنى پێشلكردنى سەروەرییەكانى عێراق لە لایەن توركیاوە، پەنابردنە بۆ دادگا نێودەوڵەتییەكان، لە پێناو راگرتنى دەستدرێژییەكانى(دەسەڵاتى ئەردۆغان) لە ناو خاكى عێراق" جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە "پێویستە بەغدا پێداچوونەوە بە سیاسەتەكانى دەرەوە بكاتەوە لەگەڵ توركیا".
حەسەن موسەوى لێكۆڵەر لە بوارى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆى كوفە لە لێدوانێكیدا بۆ(حەفریات) داوا دەكات" پێویستە شرۆڤەكردنى هەڵسوكەوتەكانى سوپاى توركیا و حكومەتەكەى بەرانبەر عێراق لە رێگەى ئاگاداربوون لە سیاسەتى حزبى فەرمانڕەوا و بیروبۆچون و  خواستى سەركردەكانى بێت، بەتایبەت ئەردۆغانى فەرمانڕەوا" روونیشى كردەوە" قسەكردن لە چوارچێوەى نزیكبوونەوە لە كۆتایى هاتنى پەیماننامەى لۆزان لە (٢٠٢٣) پاڵى ناوە بە هەندێك چاودێرى سیاسى لەو بڕوایەدا بن، كە "سیاسەتى فراوانخوازى و پێشێلكارییەكانى سەروەرى خاكەكانى عێراق و سووریا، لە ئەنجامى بڕواى توركەكانە كە دواى كۆتایى هاتنى پەیماننامەى لۆزان مافى گەڕانەوەیان هەیە بۆ پێش دۆخى ئەو پەیماننامەیە".

لەبەشێكى ترى قسەكانى رایگەیاند" لاوازى حكومەتى عێراق ئاسانكارى بۆ حكومەتى توركیا كردووە بە سەركردایەتى پارتى دادوگەشەپێدان بەبێ هەماهەنگى هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات دەستدرێژى بكاتە سەر سەروەرى عێراق و خاكەكەى".
مووسەوى"داوایكرد عێراق لە چوارچێوەى نەتەوە یەكگرتووەكان پەنابباتە بەر دادگاى نێودەوڵەتى و پەیماننامە و رێكەوتنەكان بۆئەوەى رووبەڕووى هەڵسوكەوتە دوژمنكارییە بێ پاساوەكانى توركیا ببێتەوە، بەهەمان شێوە چاوبخشێندرێتەوە بە سروشتى سیاسەتى دەرەوەى عێراق بەرانبەر بە توركیا".

كه‌سایه‌تیه‌ عێراقییه‌كان داوا ده‌كه‌ن عێراق دژ به‌ توركیا په‌نا بباته‌ به‌ر دادگای نێوده‌وڵه‌تی

 

بۆچوونى جەواد هینداوى نووسەرى عێراقى زۆر جیاواز نەبوو لە بۆچوونى مووسەوى بۆ شیكارى رەهەندە ستراتیژیەكانى توركیا لە ناوخاكى عێراق و پێشێلكردنى بەردەوامى سەروەرى وڵاتەكەى بە پاساوى جەنگ دژى پارتى كرێكارانى كوردستانى توركیا لە ناو خاكى عێراقى.
هینداوى لە بابەتێكیدا نووسیویەتى" توركیا پێشبڕكێ لەگەڵ كات دەكات، دەیەوێت قەرەبووى دواكەوتنى هەژموونى سیاسى بكاتەوە، بە بەراورد لەگەڵ ئێران، لەرێگەى دەستوەردانى سەربازى روون و راشكاو و پێچەوانەى پەیماننامەى نەتەوە یەكگرتووەكان و یاسا نێودەوڵەتییەكان" روونیشى كردۆتەوە" سەردانى وەزیرى بەرگرى توركیا بۆ بنكەیەكى سەربازى توركى لە هەرێمى كوردستان و چاودێرى سەربازانى ئەو بنكەیە و لێدوانەكانى، كە سوكایەتى بوو بە دەوڵەتى ناوەندى عێراق و هەرێمى كوردستان، تەنیا پێشێلكارى سەروەرى خاكى عێراق نییە، بەڵكو بنیاتنانى ستراتیژیەتێكى دوژمنكارانە و داگیركردنى خاكەكانمانە بۆ ماوەیەكى درێژ".


عێراقییەكان: ئەنقەرە پیلانى ستراتیژى دادەرێژێت بۆ داگیركردنى خاكەكانمان


ئەو دیپلۆماتكارەى پێشووى عێراق رەخنەى لە بێدەنگى عەرەبى و نێودەوڵەتى گرت بەرانبەر پێشێلكارییە سەربازییەكانى توركیا لەو ناوچەیە رایشگەیاند" بێدەنگى واتە هاندان بۆ درێژەدان بەكارەكانى" داواشى كرد" پێویستە جووڵەى دیپلۆماسى عێراقى بە ئاراستەى وڵاتانى عەرەبى دەستپێ بكات بۆ ڕاگەیاندنى هەڵوێستێكى یەكگرتووى عەرەبى، دژ بە دەستوەردانەكانى توركیا، داواش بكەن توركیا لە خاكى عێراق بكشێتەوە".

بۆردومانەكانى توركیا زۆرترین زیانى بەر پارێزگاى دهۆك گەیاندووە، بەهۆى هەبوونى بنكەى سەربازى پارتى كرێكارى كوردستان لە بەرزایى چیاكانى ئەو پارێزگایە، بەردەوام دانیشتووانى ئەو پارێزگایە بەهۆى پرۆسە سەربازییەكانى توركیا دژى ئۆپۆزسیۆنى وڵاتەكەى كە لە چیاكانى كوردستانى عێراق بارەگایان هەیە رووبەڕووى زیان دەبنەوە.
نزیكەى (٢٠) ساڵە بۆردومانەكانى توركیا لە ناوچە جیاوازەكانى پارێزگاى دهۆك بەردەوامە، ئەنقڕە رایدەگەیاندوە" ئامانجى بۆردومانەكان پێگەى جوداخوازەكانە، لە سێ ساڵى رابردوو بەهۆى هێرشەكانى توركیا (٣٣) هاووڵاتى مەدەنى شەهید بووە" سەڕەراى زیانە مادییەكانیش".
هەفتەى رابردوو بەڕێوبرایەتى خۆجێیى قەزاى عەمادییە لە دهۆك رایگەیاند" لە هەفتەى رابردووە دانیشتووانى زیاتر لە (١٣) گوندى سەربەو قەزایە بەهۆى بۆردوومانى دولایەنەى پارتى كرێكاران و هێزەكانى توركیا گوندەكانیان چۆڵكردووە.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین