ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ترەمپ لە لوتكەی هاوپەیمانیی ناتۆ شیکاری

نوچە نێت

ئا: دنیا ئەحمەد

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە لاهای پایتەختی هۆڵەندا لە کۆبوونەوەی لووتکەی هاوپەیمانیی ناتۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کۆبووەوە.

ئاژانسی (بی بی سی) بڵاویکردەوە، ترەمپ لەو کاتەوەی کە بۆ دووەم جارە وەک سەرۆکی ئەمەریکا هەڵدەبژێردرێتەوە ئەردۆغان یەکەم جارییەتی رووبەڕوو لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە. بەمەش دوای شەش ساڵ جارێکی دیکە کۆبوونەوە.

سەرۆکی ئەندامانی ناتۆ لەسەر بانگهێشتی ویلیەم ئەلێکساندەر، پاشای هۆڵەندا بەشدارییان کرد لە خوانێکی نانخواردن، هەروەها ئەردۆغان و ترەمپ لەسەر یەک مێزی نان خواردن دانیشتن، لەسەر هەمان مێز جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا و مارک روتە، سکرتێکری گشتی ناتۆ و پیتر پاڤیڵ، سەرۆککۆماری چیک دانیشتبوون.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکەیان سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی کۆشکی کۆماریی تورکیا ڕایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکە هەردوو سەرۆک سەرنجیان خستە سەر ئاگربەستی ئیسرائیل و ئێران و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهانیان."

بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکە بە ترەمپی ڕاگەیاندووە، بە سوپاسەوە پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکات، هیواخوازە ئاگربەستەکەی هەردوو وڵات بۆ هەمیشەیی بێت و زۆر گرینگە کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنرێت و ڕێگە بە گەیاندنی هاوکارییەکانیش بدرێت و چارەسەرێک بدۆزرێتەوە بۆ بە دەستهێنانی ئاشتی لەنێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بۆ کۆتایهێنان بەم جەنگە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانیان بریتی بووە لە، پرسەکانی بەردەوامی هاوکاری نێوان تورکیا و ئەمەریکا و بوارەکانی وەبەرهێنان و وزە و پیشەسازی و بەرگریی. وە فراوانکردنی ئەم بوارانە دەبێتە هەنگاوێک بۆ زیادکردنی قەبارەی بازرگانی بۆ (100) ملیار دۆلار لە ساڵێک.

سەرکردەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ لە دوای گەیشتنیان بە هۆڵەندا لەگەڵ شا و شاژنی ئەو وڵاتە لە بەردەم کۆشکی شاهانەی هۆڵەندا وێنەی یادگارییان گرت و ترەمپ و ئەردۆغان لە تەنیشت یەک وەستابوون.

جگە لەمەش، ئەردۆغان بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ هۆڵەندا لە فڕۆکەخانە ڕەخنەی لە ئەندامانی هاوپەیمانانی ناتۆ گرت و گوتی،"ئێمە بەئامانجی بەهێزکردنی بواری سەربازیی و بەرگریی وڵاتەکەمان دەستمان بەو ڕێگایە کردووە، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا چەند هاوپەیمانێکمان بەردەوامن لە ڕێگریکردن لە بازرگانیکردنی بەرهەمە بەرگرییەکان لەگەڵ تورکیا، ئێمە ئەو رێگرییانە بە دروستی نازانین و هیواخوازم سزاکانی سەر وڵاتەکەمان هەڵبگیرێت."

سەرۆکی تورکیا نیگەرانییەکانی خۆی راگەیاند و دەشڵێت، "ئامانجی تورکیا بەهێزکردنی ئاسایشی ئەوروپایە، دەمانەوێت لەو رێگەیەوە بەرگریی وڵاتەکەمان فراوانتر بکەین."

سەبارەت بە بەردەوامی پرۆسەی چارەسەری پرسی پرۆسەی ئاشتی ئەردۆغان بە ڕۆژنامەوانی ڕاگەیاند، "لە چواردەورمان هەرچی روودەدات با ڕوویدات، ئامانجی گەیاندنمان بە تورکیایەکی بێ تیرۆر بەردەوامە. ئێمە وەک کێشەیەکی سیاسی وڵاتەکەمان ئەو پرۆسەی دەستمان پێکردووە بەسەرکەوتووی تەواوی دەکەین."

ئەردۆغان لەبارەی هەڕەشەکانی هێرشی ئیسرائیل دەڵێت، "بەهێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەڕەشەی بۆ سەر ناوچەکامان دروستکردبوو، ئەم هەوڵە بێبەهانانە بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت، زۆر گرینگە سەرکردە جیهانیەکان ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بەرامبەر بەو دەستدرێژییانەی ئیسرائیل ئەگەرنا هەموو جیهان باجەکەی دەدات." 

جێگەی ئاماژە پێدانە، تورکیا بە فەرمی لە ساڵی (2017) ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئێس (400) لە ڕووسیا دەکرێت و لەساڵی (2019) ئەو سیستەمەی گواستەوە بۆ وڵاتەکەی. ئەمەش بووە سەرەتایی سەرهەڵدانی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا، لەدوای ئەمەش سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر بواری بەرگریی تورکیا دەستپێکرد، ئەمەریکا تورکیای تۆمەتبارکرد بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی ئەمریکا لە ڕێگەی سزاکانی (CAATSA)، هەروەها تورکیایان دورخستەوە لە بەرنامەکانی  فڕۆشتنی فڕۆکەی جەنگی نەوەی پێنجەمی (ئێف 35). ئەمەریکا گەورەترین سوپای هەیە لە نێو ئەندامانی ناتۆ تورکیاش بە هەڵنەگرتنی ئەو سزایانە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە لە فراوانکردنی بواریی بەرگریی وڵاتەکەی.

هەرچەندە ئەردۆغان لەهەر کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا بە ڕاستەوخۆ ڕایگەیاندووە کە دەبێت سزاکانی سەر تورکیا هەڵبگیرێت و بگەرێنەوە بۆ نێو بەرنامەکانی فڕۆکەی جەنگی نەوەی پێنجەمی (ئێف 35). ئەمەریکاش پێشوتر ڕایگەیاندبوو بۆ هەڵگرتنی سزاکان پێویستە تورکیا دەستبەرداری سیستمی بەرگریی ڕووسیا بێت. لە کاتێکدا تورکیا بۆ جارێکیش ئەو سیستەمانەی بەکارنەهێناوە. 

لەلایەکی دیکە، دەسەڵاتدارانی تورکیا چاوەروانیان دەکرد لەو کۆبوونەوەیە وادەی سەردانی فەرمی  سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ئەمەریکا دیاریبکرێت، بەڵام بەگوێرەی راگەیێندراوەکان باس لەو تەوەرە نەکراوە.

هەروەها لەو کاتەی ترەمپ بۆ جاری دووەم هەڵبژێردرایتەوە بۆ سەرۆکی ئەمەریکا، بە باش باسی تورکیا دەکات و بە هاوپەیمانییەکی گرینگ ناوی دەبات و دەشڵێت، خۆشحاڵم بە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ئەردۆغان.

تورکیا لەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەفەرمی سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد، بەڵام کاتێک ئەمەریکا لە هێرشەکەیدا بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران بەشێوەیەکی نەرمتر لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە نیگەرانییەکانی خۆی لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕاگەیاند.

ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا لە (23)ـی حوزەیرانی (2025)، ناوی ئەمەریکای بە راستەوخۆ نەهێنا و ڕایگەیاند، "هەر هێرشێک بۆ سەر یەک پارچەیی ئێران و ناوچەکەمان لەلای ئێمە جێگەی قبووڵ نییە، بێ ئەوەی بزانیین لە کوێ هاتووە کاردانەوەمان دەبێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین