مالیكى خۆى له‌ هێزه‌ شیعه‌كان جیا ده‌كاته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

نورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاساى ده‌یه‌وێ رۆڵى میانڕه‌وى له‌ نێوان شیعه‌كان ببینێت و لایه‌نگرى هیچ به‌ره‌یه‌كیان نه‌كات و هه‌ردوو لایان رازى بكات. سه‌رچاوه‌كانیش ده‌ڵێن هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ مالیكى ده‌یه‌وێ جارێكى تر ببێته‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30ى ئایار نورى مالیكى ئه‌میندارى گشتى حزبى ده‌عوه‌ و سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاساى تویتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌ندێك لایه‌ن هه‌بووه‌ ویستوویه‌تى حه‌شدى شه‌عبى بخاته‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هێزه‌ عێراقییه‌كان به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه‌یان شكستى هێناوه‌.

نورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا له‌ تویتێكدا ده‌ڵێ، "هه‌وڵى هه‌ندێك لایه‌ن بۆ راكێشانى حه‌شدى شه‌عبى بۆ به‌ره‌یه‌ككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك هێزى عێراقى شكستى هێنا" دواتر هۆشدارى به‌ هێزه‌كان ده‌دات له‌وه‌ى خۆیان بگرن له‌ كه‌سانى ئاژاوه‌گیر.

دوێنێ  رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌ راپۆرتێكدا باسى له‌وه‌ كرد بوو، به‌هۆى رووداوه‌كانى 25ى ئه‌م مانگه‌ كه‌ هێزه‌ میلیشیاكان هێرشیان كردبووه‌ سه‌ر ناوچه‌ى سه‌وز، هێزه‌ شیعه‌كان بوونه‌ته‌ دوو به‌ره‌، یه‌كێكیان پشگیرى حكومه‌ت ده‌كات و ئه‌ویتریان دژى حكومه‌ت ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

راپۆرته‌كه‌ سه‌رنجى دابووه‌ ئه‌وه‌ كه‌ نورى مالیكى له‌ رووداوه‌كان بێده‌نگ بووه‌ و خۆى له‌ هه‌ر دوو به‌ره‌ به‌دوور گرتووه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت هه‌وڵى داوه‌ هێزه‌كانى حه‌شد رازى بكات له‌ ناوچه‌ى سه‌وز بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.  به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه‌ ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ى مالیكى به‌هۆى ئه‌وه‌یه‌ به‌نیازه‌ جارێك تر ببێته‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران.

ئه‌مڕۆیش ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ له‌ هه‌واڵێكدا باسى له‌وه‌ كردووه‌ رۆژى پێنجشه‌مى رابردوو كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ماڵى هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح كراوه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانى شیعه‌ ره‌خنه‌یان گرتووه‌ و گوتوویانه‌ باشتر بوو شیعه‌كان پاڵپشتى حكومه‌ت بكه‌ن و سه‌ركۆنه‌ى پێشیلكاریى و نمایشى هێزى میلیشیاكان بكه‌ن. یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ عه‌بدولحه‌لیم زوهه‌یرى بووه‌ كه‌ كه‌سایه‌تیه‌كى حزبى ده‌عوه‌ و نزیك له‌ مالیكییه‌.
 

نورى مالیكى ئێستا سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا و ئه‌میندارى گشتى حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامییه‌ كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ كۆنترین حزبه‌ شیعه‌كانى عێراق داده‌نرێت. له‌ نێوان 2006 تا 2014 به‌ دوو خول سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بوو. دواتر تا ساڵى 2015 بوو به‌ جێگرى سه‌رۆك كۆمارى عێراق.
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین