سه‌نگه‌ر زرارى: له‌ دۆخى فه‌رهه‌نگى ئێمه‌ مافى ته‌واوى نووسه‌ر نادرێت کولتوور

لاڤین عومەر:تایبەت بە نوچەنێت

سه‌نگه‌ر زرارى نووسه‌ر و وه‌ڕگێڕ و به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌زگاى "فام" بۆ چاپكردنى كتێب له‌ دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ "نوچه‌نێت" باس له‌ واقیعى چاپكردنى كتێب له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، وێراى ئه‌وه‌ى خوێنه‌ر له‌ كوردستنا زۆره‌ به‌ڵام چاپكردنى كتێب زۆرتره‌ و پێیوایه‌ چاپكردنى كتێبى خراپ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر پرۆسه‌ى خوێندنه‌وه‌ دروست ده‌كات.

رۆژ لە دوای رۆژ دەزگاکانی چاپ لە کوردستان زیاد دەبێ ئەو دەزگایەی ئێوە چ تایبەتمەندییه‌کی هەیە و بە چى هەوڵدەدەن جیاواز بن؟

ئێمەش هاوشانی دەزگاكانی دی كار دەكەین و پڕۆژەی خۆمان هەیە، هەوڵ دەدەین لە ئاستی كوالێتیی ناوەڕۆك و چاپەوە كارێكی وا بكەین بە دوور بێ لەو گوێپێنەدانەی زۆرێك لە دەزگاكانی گرتوویانەتە بەر، هەوڵ دەدەین وەرگێڕانەكانمان لە ئاستی پێویستدا بن و خوێنەران و زمانزانان لێی ڕازی بن. دوا جار دەبێ خوێنەر تایبەتمەندی و جیاوازییەكانی ئێمە لەگەڵ دەزگاكانی دی ببینێت.

ژمارەی دەزگا لە کوردستان زۆرە ، ئایا هێندە خوێنەرمان هەیە؟

لە ڕووی خوێنەرەوە زۆر هەژار نین، بەڵام كتێبگەل و دەزگای زۆریش هەن، ئێستا سەردەمی خێراخوێندنەوە و كورتخوێندنەوەیە، ئەویش بە هۆی كاریگەرییە تەكنەلۆژییەكان و سۆشیالمیدیا، لێشاوی كتێب لە ژمارەی خوێنەران زیاترە، بەڵام لەگەڵ ئەو لێشاوە كتێبەش دەبێ ئەوە بڵێین كە كتێبی خراپ گەلێك زۆرە، ڕەنگە هەندێ جار ئەمەش مەترسیی لەسەر خوێندنەوە دروست بكات و خوێنەرانێكی زۆر سارد بكاتەوە، بۆیە هەموو دەزگاكان دەبێ بە بەرپرسیارێتییەوە كار بكەن و كتێب چاپ بكەن، ئێمە لەم ڕووەوە هەوڵ دەدەین بەوپەڕی ئاگاریی و بەرپرسیارێتییەوە كار بكەین.

دەزگای چاپی کتێب دەتوانێت خۆی بەرێوە ببات لە ڕێگەی چاپی کتێبەوە؟ 

هه‌ندێك كتێبى گرنگ هه‌ن
خوێنه‌ریان نییه‌ و ده‌بێ بۆ كۆگا چاپ بكرێن

 

دەتوانێ بەڵام بە زەحمەت و بە مەرجێك ئەگەر هەموو جۆرە كتێبێك چاپ نەكات، چونكە هەندێ كتێب هەن تەنیا دەبێ بۆ كۆگا چاپییان بكەیت و ڕەنگە كتێبی زەرووری و گرنگیش بن، چونكە كتێبی دەستەبژێرن، واقیعی ئێمە وایە هەندێ جۆر كتێب ژمارەی خوێنەرانیان ئێجگار كەمە و كەچی گرنگیشن. بۆیە ئەم جۆرە كتێبانە تەنیا ئەو دەزگایانە دەتوانن چاپی بكەن كە یارمەتییەكی داراییان لە سەرچاوەیەكەوە بۆ دێت و چاوەڕێی ئەوە ناكەن داهاتی كتێبەكانیان بۆ بگەڕێتەوە.

بۆچی زۆربەی دەزگاکان هەوڵدەدەن کاری وەرگێران بڵاوبکەنەوە بۆچی زیاتر بایەخ بە تێکستی خۆمان نادرێ؟

ئێمە وەكو دەزگای خۆمان بایەخ بە هەردوو لایەن دەدەین، بۆ نموونە لە دوازدە كتێبی نوێ كە لە ماوەیەكی كەمی ڕابردوو بڵاومان كردەوە تەنیا دوو دانەیان وەرگێڕانە و یەكێكیش لەوان نووسەرەكەی بە بنەچە كوردە، ئەویش بیرەوەرییە گرنگەكانی مووسا عەنتەرە. بەڵام هەمیشە دەبێ ئەوە بزانین وەرگێڕان بایەخێكی گەلێك زۆری هەیە، چونكە تۆ كولتوور و فەرهەنگی هەموو جۆرە وڵاتێك دەهێنیت و دەیگوازیتەوە نێو بواری فەرهەنگیی خۆت، كەواتە لەم حاڵەتەدا بێگومان وەرگێڕان بایەخ و ژمارەی زیاتر دەبێت، چونكە نووسەرانی ناوەخۆ ژمارەیان دیاریكراوە، بەڵام نووسەرانی زمانی دیكە ژمارەیان زۆر زۆرە و پێویستە لە بەشێكی زۆریان ئاگادار بین.

زۆرجار لەلای نوسەرو وەرگێرەکە گلەیی ئەوە هەیە کە مافی ماددیان پێنادرێت، پێت وانیە بۆ نەهێشتنی ئەو گلەییانە یاسایەک هەبێت باشترە؟

ئەمە دەگەڕێتەوە سەر ئەو گرێبەستەی لە نێوان دەزگا و نووسەر، یان وەرگێڕەكە هەیە، دۆخیی فەرهەنگی لە كوردستان لە ئاستێكدایە كە ڕەنگە نەتوانرێ مافی تەواو بە نووسەر و وەرگێڕەكان بدرێت، كەم نووسەریش هەیە بتوانێ لەسەر نووسین و وەرگێڕانەكانی بژی، بەداخەوە ئەمە واقیعەكەیە، سەبارەت بە یاساش، خۆ لە هەموو بوارێك یاسا هەبێ گرنگە و كاروبارەكانی پێ ڕێك دەخرێ.

هەندێک دەزگا هەیە بێبەرنامە لەکارەکانیاندا دیارە، بەرای ئێوە باشتر نییە هەر دەزگایەک ستراتیژی و پسپۆری خۆی هەبێ باشتر بێت؟

بێگومان هەر دەزگایەك ستراتیژییەتی كاركردنی نەبێت، تووشی گێرمەوكێشەی زۆر دەبێت، بۆیە بەرنامەی كار زۆر پێویستە، هەر دەزگایەك دەبێ كارەكانی ڕوون بێت كەچی دەكات و چی ناكات. بەم شێوەیە وێنەی دەزگاكە لای خوێنەرانیش ڕوون دەبێتەوە كە ئەم دەزگایە خەریكی چ جۆرە كارێكە و ئایا بەرهەمەكانی بە كەڵكی ئەو دێن یان نا. بۆ نموونە ئەگەر دەزگایەك تایبەت بوو بە چاپكردنی كتێبی یاسایی، لەو حاڵەتەدا خوێنەر ئەمەی لا ڕوون دەبێتەوە و خوێنەرێكی ڕۆمان ناچێ لەوێ بە دوای ڕۆمانێكدا بگەڕێت، ئەمە بۆ تایبەتمەندی، دەزگاش هەیە بابەتەكانی هەمەجۆرن، بەڵام بە كوالێتیی باشی كارەكانی دەناسرێتەوە، ئێمە خۆمان هەوڵی جۆراوجۆریی بەرهەم و كوالێتیی باش دەدەین.

ده‌بێ سه‌رۆكى ده‌زگاى چاپكردنى كتێب
نووسه‌ر و ئیدارى بێت

 

وەک دەزگای فام پێوەری سەرەکیتان بۆ چاپی کتێب چییە؟ ناوی نووسەر، یان بازاڕ، یان ناوەڕۆکی بابەت؟

هەرسێكیان بە لای ئێمەوە گرنگن، هەم نووسەر، هەم بازاڕ و هەمیش ناوەڕۆك، كتێب هەیە نووسەرەكەی گرنگە و لای خوێنەران خۆشەویستە، ئەمە حەقی خۆیەتی گرنگیی پێ بدرێت. كتێب هەیە نووسەرەكەی نەناسراوە و تازەیە، بەڵام ئێمە وەكو دەزگا هەڵیدەسەنگێنین و كتێبەكەمان پێ باشە، بۆیە چاپی دەكەین و زۆرێكیش لەوانە سەركەوتوو بوونه‌، كتێبیش هەیە لە بازاڕی خوێنەران داوای لەسەرە و ئێمە چاپی دەكەین، ئەمە بە زۆری بۆ كتێبە وەرگێڕدراوەكان ڕاستە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی بازاڕ داوای دەكات، هێشتا ئێمە باشی و خراپیی ناوەڕۆكی كتێبەكەمان لەبەرچاوە و كتێبێك باش نەبێ، چەندەش بازاڕ داوای بكات، هێشتا ئێمە چاپی ناكەین.

خۆتان وەکو دەزگای کتێب ده‌ستنیشان دەکەن بۆ نووسەر وەریانده‌گێرن یاخود ئەوان؟

هەندێ جار ئێمە دیارییان دەكەین و چەند وەرگێڕێكمان هەیە داوایان لێ دەكەین فڵان كتێب وەربگێڕێ، هەندێ جاریش وەرگێڕێك خۆی پەیوەندیمان پێوە دەكات كە كتێبی وەرگێڕاوە و ئێمە بۆی چاپ بكەین، ئەگەر كتێبەكان لەگەڵ دەزگاكەی ئێمە بگونجێت و بەگوێرەی پێوەرەكانی دەزگا و ئاستی وەڕگێرانەكە، چاپی دەكەین.

چەند گرنگە ئەو کەسەی دەزگا بەرێوە دەبات خۆی کەسێکی رۆشنبیر بێت؟ ئەو پرسیارە بۆیە دەکەم چونکە هەندێ دەزگا هەیە، دەگوترێ خاوەنەکان تەنیا وەک کاڵایەک سەیری  کتێب دەکەن و مامەڵەی پێ دەکەن؟

ئەمە زۆر گرنگە، هەر كەسێك لە هەر بوارێك كار دەكات دەبێ شارەزایی تەواوی لە بوارەكە هەبێت، بۆ دەزگای چاپ دوو خاڵی گرنگ هەن كە دەبێ بەرپرسی دەزگا ئەم دوو خاڵەی تێدا بێت و لەبەرچاویان بگرێت، یەكەم: دەبێ كەسێكی نووسەر بێت و سەروكاری تەواوی لەگەڵ نووسین هەبێت، دووەم: دەبێ كەسێكی ئیداریی بێت و بتوانێ كاروباری كتێب و كتێب چاپكردن بەڕێوە ببات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین