سوودان؛ قووڵایى ستراتیژیەتى تورکیا لە ئەفریقیا شیکاری

ئامادەكردنى: ئيسماعيل تەها

لادانی عومه‌ر به‌شیر له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی نێوان سوودان و توركیا كۆمه‌ڵێك لێدانه‌وه‌ی به‌دوای خۆی هێنا، به‌شێكی زۆری چاودێران پێیان وابوو په‌یوه‌ندی نێوان سوودان و توركیا هه‌مان چاره‌نووسی په‌یوه‌ندی نێوان میسڕ و توركیای هه‌یه‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو چاوه‌ڕوانییه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كان نه‌چووه‌ ئاستی پچڕان، تا دۆخی سوودان كه‌وته سه‌ر رێچكه‌ی خۆی توركیا به‌وردی چاودێری دۆخی ئه‌و وڵاته‌ی ده‌كرد، په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ هاوسه‌نگی راگرت.

ڕۆژى دووى نيسانى (2021) ئاژانسى ئەنادۆڵى توركى بەیاننامەیەكى ئەنجوومەنى سەرۆكایەتیى سوودان بڵاوكردەوە، کە تێیدا هاتووە"رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆمارى توركیا لە میانەى پەیوەندییەكى تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكى ئەنجوومەنى سەرۆكایەتى سوودان، تاوتوێى پەیوەندى دوولایەنە و پرسە هاوبەشەكانى نێوانیان لەسەر ئاستى ناوچەیى و نێودەوڵەتى كردووە".

هەروەها رۆژى (19)ى ئايارى (2021) ئەنجوومەنى کاتى سەرۆكايەتیى سوودان، بەياننامەيەكى فەرمى بڵاوكردەوە، لەو بەياننامەکەدا رايگەياند، عيرفان نەزير ئۆغلۆ باڵيۆزى توركيا لە سوودان، بەفەرمى محەممەد حەمدان دەقلۆ (حەميدەتى) جێگيرى سەرۆكى ئەنجوومەنى سەرۆكايەتیى بانگهێشتى توركياى کردووە، بۆ ئەنجامدانى كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى توركيا. 

لە بەشێكى ترى بەياننامەكه هاتووە، "حەميدەتى لە ميانەى ديدارێکى لەگەڵ باڵيۆزى توركيا لە سوودان، نامەيەكى دەستنووسى فوئاد ئۆكتاى جێگرى سەرۆك کۆمارى توركياى داوەتە حەميدەتى، لەو نامەيە بەفەرمى حەميدەتى لە رۆژانى (27 و 28)ى مانگى ئايارى (2021) بانگهێشتى توركيا كردووە". 

 لەبەرانبەردا رۆژى پێنجشەمە (27)ى ئايارى (2021)، محەمەد حەمدان دەقلۆ، لە لاپەڕەى خۆى لە تويتەر بڵاوى كردەوە" بە ياوەرى ژمارەيەك بەرپرسى سوودانى سەردانى توركيا دەكات".

هەروەها گووتیشى"لەگەڵ توركيا پەيوەندى مێژوويى و بەرژەوەندى كۆمان دەكاتەوە، دەمانەوێت زياتر پەرە بە پەيوەندييەكانمان بدەين".

حەميدەتى  (٧٥%)ى گرێبەستەكانمان لە قازانجى سوودانە.

لە لايەكى ترەوە بەگوێرەى بەياننامەى ئەنجوومەنى سەرۆكايەتى سوودانى، سەردانەكە دوو رۆژ دەخايەنێت هەريەك لە تاهير حەربى وەزيرى كشتوكاڵ و دارستان، جادين عەلى عەبيد وەزيرى وزە و نەوت، حافز ئيبراهيم عەبدونەبى وەزيرى سامانى ئاژەڵ، ميرغەنى موسا حەمەد وەزيرى گواستنەوە، عەبدوڵا يەحيا وەزيرى گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوە و رێگەوبان و ژمارەيەك بەرپرسى ترى حكوومەتى كاتى سوودان بەشدارن.

سەبارەت بە ئامانجى سەردانەكەش بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر پەرەپێدانى پەيوەندييەكانى نێوان تورکیا و سوودان لە چەند بوارێكى سياسى و ئابوورى.

 

قەبارەى ئابووریى سوودان و توركيا

دواى گەڕانەوەى حەميدەتى لە تورکیاوە بۆ وڵاتەكەى، لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەنووسى رايگەياند، "كۆنووسێكمان لەگەڵ توركيا واژۆكردووە بۆ نوێكردنەوەى رێكکەوتنەكانى پێشوو"، سەبارەت بە قەبارەى پەيوەندییە ئابوورییەکانى نێوان هەردوو وڵاتیش، گووتى" زياتر لە (10) مليار دۆلارە". 

لە بەشێكى ترى قسەكانى رايگاند، "توركيا لە پێشى ئەو وڵاتانە بوو، پاڵپشتى لەو گۆڕانكارييانە كرد کە لە سوودان روويدا، رێكکەوتنەكانيش هەميشە لە بەرژەوەندى دەوڵەتە نەك لەبەرژەوەندى كەسەكان، بۆيە پێويستە رێکكەوتنەكانمان لەگەڵ توركيا لەبەرژەوەندى سوودان نوێ بكەينەوە".

سەبارەت بە پشكى قازانجى سوودان لەو رێكکەوتننانەش، حەمدان دەقلۆ رايگەياند،"پشكى سوودان  لەو رێكکەوتننامەیە (75%)پێکدەهێنێ".

هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەنووسیيە ڕايگەياند، "ئێمە رێکكەوتنمان لەگەڵ دەوڵەت كردووە، نەك لەگەڵ كەسێكى دياريكراو، ئەمە تايبەت نيە بە توركيا، بەڵكو بۆ هەموو وڵاتانە".

سەبارەت بە پرۆژەى دروستكردنى فڕۆكەخانەى ئوم درمانيش گوتى، "پرۆژەى فرۆكەخانەى ئوم درمان لە چوارچێوەى رێكکەوتنى فرۆكەخانەى خەڕتووم بوو"، سەبارەت بە گرنگى ئەو پرۆژەيەش رايگەياند "دەستپێكردنى ئەو پڕۆژەيە دەبێتە سەركەوتنى سەردانەكەمان بۆ توركيا".

قەبارەى ئابوورى نێوان سوودان و توركيا (10) مليار دۆلارە

هه‌روه‌ها گوتیشی، " ئێستا توركيا سەرقاڵى دروستكردنى سێ فڕۆكەخانەيە لە كيشوەرى ئەفريقيا، بۆيە دەستپێكردنى ئەو فڕۆكەخانەيە زۆر گرنگە، بە هەمان سيستەمى فرۆكەخانە پێشكەوتووەكان دەست بە فڕۆكەخانەى ئوم درمان بكەن، ئەو پرۆژانە دەچنە چوارچێوەى بەرژەوەندى دوولايەنە، ئەگەر بەرژەوەنديمان تێيدا نەبێت جێبەجێى ناكەين"، له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، "وەزيرى دەرەوەى توركيا بەشدار بوو لە نووسينەوەى بەڵگەنامەى دەستوورى، ئێمە پەيوەست نين بەكەسەكان، بەڵكو لەگەڵ سوودان مامەڵە دەكەن. ئێمە دەمانەوێت جەخت لەسەر قسەى بەرپرسانى توركيا بكەينەوە، كە پێيان راگەياندين"ئێمە پەيوەست نين بە كەسە دياريكراوەكانى سوودان، ئێمە مامەڵە لەگەڵ حكومەتى سوودان دەكەين".

لە كۆتايى قسەكانى گوتى، "ئەو سەردانە بە هەموو پێوەرەكان سەركەوتوو بوو، بووە هۆى لادانى ئەو چەقبەستووە".

لە لايەكى تريشەوە، فوئاد ئۆكتاى جێگرى رەجەب تەيب ئەردۆغان رايگەياند، " توركيا ئامادەيە نێوەندگيرى كێشەى سوودان و ئه‌سیوپیا لە ناوچەى فەشقە بكات".

هەروەها "توركيا بەو رێكکەوتنەى لەگەڵ سوودان رێگە دەكاتەوە بۆ هەموو ئەو بەرهەمانەى، کە سوودان هەناردەى توركيا دەكات. ئاماژەى بەوەش كرد" زۆربەى رێكکەوتنەكانى توركيا بۆ بازاڕى ئازاد بەرهەمى كشتوكاڵى ناگرێتەوە، بەڵام لەو رێكکەوتنە ئەوە بۆ سوودانى برا دەستەبەر دەكات، لە دواى قۆناغى كاتى بازاڕى ناوخۆ و جیهانى بەڕووییدا بكرێتەوە".

لە بەشێكى ترى قسەكانى گووتى، "بەشێكى ترى گفتوگۆكانمان لەسەر هەماهەنگى دوولايەنە بوو لە بوارەكانى كشتوكاڵ و هێڵى ئاسنى و زانستەكان و پيشەسازى و تەكنەلۆژيا و كەرتى سامانى ژێر زەوى و نەوت و كارەبا". 

لەسەر ئاستى سامانى ئاژەڵى، حافز ئيبراهيم وەزيرى سامانى ئاژەڵى سوودان رايگەياند" لەگەڵ توركيا رێكکەوتين بۆ هاوكاريكردنى سوودان لە بوارى پێكوتەى تايبەت بەئاژەڵ دەداتە سوودان، هەروەها كارگەى تەندروستى ئاژەڵ و كارگەى پێستە نوێ دەكەينەوە، توركيا لەو بوارە پێشەنگە، كارگەى پێستەى كدرۆ لە خەڕتووم ئەزموونێكى سەركەوتووى توركيايە". 

 

 پەيوەنديیەكانى پێشوو

لەگەڵ هاتنى پارتى داد و گەشەپێدان بۆ سەر دەسەڵات، پەيوەندى نێوان سوودان و توركيا چووە قۆناغێكى تر، ئەوەش لەو چوارچێوەى پلانى گەشەپێدانى پەيوەندييەكان بوو لەگەڵ وڵاتانى ئەفريقيا.

لەو ماوەيە رێكخراوە مرۆيەكانى توركيا، كە ديارترينيان رێكخراوى (تيكا)يە هاوكارى مرۆى پێشكەشى هاووڵاتيانى سوودان دەكرد.

ئەو پەيوەنديانە رۆژ لە دواى رۆژ لە بەرەو پێشچوون، تا ئەوکاتی رۆژى (2017/12/24) رەجەب تەيب ئەرۆدغان بە سەرۆكايەتى شاندێكى باڵاى توركيا گەيشتە خەرتوومى پايتەختى سوودان، دواى كۆبوونەوەكان لە كۆشكى كۆمارى ئەردۆغان بە رۆژنامەنووسانى رايگەياند، “ئەنجوومەنى هاوكارى ستراتيژيمان دامەزراندووە، ساڵانە جارێك كۆدەبنەوە” سەبارەت بە رێكکەوتنەكانيش ئەردۆغان رايگەياند، "(12) رێکكەوتنمان لە بوارەكانى كشتوكاڵ و ئابوورى و سەربازى کردووە، یه‌كێكی تر له‌ رێكه‌وتنه‌كان دروستكردنی فرۆكه‌خانه‌ی خه‌ڕتووم و پەرەدان بە دورگەی سەواکین بوو.

رێککەوتن لەسەر دورگەی سەواکین، گرێبەستێك بوو بۆ بەكرێگرتنى دوورگەى سەواكين لە سەر دەرياى سوور لەگەڵ سوودان، بە مەبەستى دووبارە نۆژەنكردنەوەى بە شێوەى بيناسازى عوسمانى بە مەبەستى گەشت و گوزار، بەڵام سەردانى وەزيرى بەرگرى توركى ئەو بيرۆكەيەى بەهێزكرد بۆ دروستكردنى بنكەيەكى سەربازیى، لە پێناو پاراستنى بەرژەوەنديیەكانى توركيا و  پاراستنى سودان لە هێرشە ئاسمانیيە بەردەوامەكانى ئيسرائيل. ئەوەش دەنگدانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی ناوچەکەو جیهانیش دروست کرد.

ئاڵۆزیه‌كانی سوودان و بێده‌نگی تووركیا

رۆژى (13)ى كانوونى يەكەمى (2018) بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى كاڵاكان و قەيرانى ئابوورى، هاووڵاتيانى سوودان دەستيان بەخۆپيشدان كرد، بە درێژايى چەند مانگ خۆپيشاندانەكان بەردەوام بوو، لەو ماوەيە هەزاران خۆپيشاندەر دەستگيركران، چەندين جار لەلايەن هێزەكانى پۆليس هێرش كرايە سەر خۆپيشاندەران چەندين كەس لە خۆپيشاندەران كوژران و بريندار بوون.

رۆژ لە دواى رۆژ خۆپيشاندانەكان زياتر لەشارەكان پەرەى دەستاند، هێزەكانى پۆليس بەهەموو جۆرێك هەوڵى بڵاوەپێكردنى خۆپيشاندانەكانيان دەدا.

لەو ماوەيە كەسايەتيە ديارەكانى دژ بە عومەر بەشير هاتنە گۆڕەپانەكانى خۆپيشاندەران، لەوانە سادق مەهدى، كەسايەتى ديارى ئۆپۆزسيۆنى سوودانى، چەندين بارى تەنگەتاوى گشتى راگەياند، بەڵام نەيتوانى رێگە لەخۆپيشاندەران بگرێت.

رۆژى (11)ى نيسانى (2019)  عەوەز بن عەوف وەزيرى بەرگرى سوودان جەختى لەسەر ئەوە كردەوە ليژنەى باڵاى ئاسايش بڕيارى لادانى دەسەڵاتى داوە، سەرۆكى دەسەڵات دەستگيردەكرێت و دەيپارێزين، ئەنجومەنى سەربازى كاتى بۆ ماوەى دوو ساڵ دروست دەكرێت، سێ مانگ بارى تەنگە تاوى لە سوودان رادەيندرێت.

توركيا ماوەيەكى زۆر دواى كودەتاكەى بەسەر عومەر حەسەن بەشير بێ دەنگ بوو، تەنها ئەوەندە نەبێ کە ئەنقەرە پێشوازى لە دوو هەڵاتووى نزيك لە بەشير كرد، لە هەمان كاتيش پاڵپشتى خۆپيشاندەرانى سوودانى دەكرد.

توركيا تێگەيشتبوو كە پاڵپشتى خۆپيشاندەران دواى كودەتا ناكۆكە لەگەڵ پەیوەندییەکانی پێشووی لەگەڵ حکومەتی سودان، بەڵام لە هەمانكاتيشدا دەيزانى ئەفسەرانى سوودانى ئاراستەیان به‌ره‌و بەرەى سعووديیه‌، بۆيە پێیان وابوو پاڵپشتى حكوومەتى مەدەنى سوودانى بەشێوەيەكى ستراتيژى كارێكی گونجاوە، پێچەوانەى سعووديە و هاوپەيمانەكانی تر.

هەر لەکاتی ئەو ئاڵۆزیانە قسە هاتە سەر پەیوەندییەکانی سودان و تورکیاش، عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكى ئەنجوومەنى سەربازى سوودانى رايگەياند، "سەواكين بەشێكى دانەبڕاوە لە سوودان، لە تويتەكانى روونى كردەوە ئامادەى هەڵوەشاندنەوەى ئەو رێكکەوتنەين توركيا لەگەڵ عومەر بەشير كردوويەتى سەبارەت بە دوورگەى سەواكين".

لە تويتەکەییدا دەشڵێت، "سەواكين بەشێكى دانەبڕاوە، نرخ و مێژووەكەى بەپارە ديارى ناكرێت، ناكرێت بفرۆشێت، ئێمە سوورين لەسەر سەروەرى خاكەكانمان، رێگە بە سوپاى سەربازى دەرەكى نادەين لە خاكى سوودان". 

رۆژى (22)ى نيسانى (2019) ماڵپەڕى (بى بى سى عەرەبى) راپۆتێكى بڵاوكردەوە، لەو راپۆرتە باس لەوە دەكات، "رۆژنامه‌كانی توركيا و چالاكوانانی سوودانی گه‌نگه‌شه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و رێكکه‌وتنە‌ واژۆكراوەى نێوان عومه‌ر به‌شیری سه‌رۆكی لادراوی سوودانی و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆككۆمارى توركیا ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ (2017) ئیمزایان كرد، گفتوگۆكان سەبارەت بە چارەنووسى دوورگه‌ی (سه‌واكینی سوودانی) بوو له‌ دوای لادانی عومه‌ر به‌شیر له‌ ده‌سه‌ڵات، كە ئه‌نجوومه‌نی کاتى سه‌ربازی له‌ سوودان كاروباری به‌رێووبردنی وڵاتی له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌، گفتوگۆكان لەسەر ئەوە بوو، دەسەڵاتى تازەى سوودان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەكات، هەندێك هەواڵ بڵاوبۆوە، دەسەڵاتى تازەى سوودان ئەو رێككەوتنەى هەوەشاندۆتەوە.

تورکیا تا ئەوکاتەش بێدەنگی هەڵبژاردبو تەنها ئەوەندە نەبێ کە رۆژی هه‌ینی (26)ى نيسانى (2019)، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا بەلێدوانێکی بێ وردەکاریی، ئەو دەنگۆیانەى رەتکردەوە کە لەڕێی میدیاکانەوە بڵاوكرانەوە، باسيان لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سودان دەکەن، كە له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی کاتى سه‌ربازیى فه‌رمانڕه‌وای سوودانەوە دوای لادانی حوكمی عومه‌ر به‌شیر. لەوبارەیەوە حامی ئه‌قسه‌وی، وته‌بێژ به‌ناوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند " ئه‌و هه‌واڵانه‌ی دەربارەى هەڵوەشانەوەى رێکكه‌وتنی ئیمزاكراوی نێوان توركیا و سودان سەبارەت  (دوورگه‌ی سه‌واكن) بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ دوورن له‌ڕاستى".

هەر لەبارەی رێککەوتنەکانی نێوان تورکیاو سودان، و لەوکاتەدا محەمەد ناير پسپۆڕى بوارى ئابوورى بە ماڵپەڕى (حوڕەى) راگەياند، "وەبەرهێنانەكانى توركيا لەو ماوەى پێشوو لە كەرتى رستن و چنين و پيشەسازى بيناسازى، وەك كارگەى چيمەنتۆ تێنەپەڕييوە، بەڵام لەو ماوەى چەند ساڵى رابردوو يەكێك لە گرنگترين پرۆژەكانیان بەدەستهێنا، كە دروستكردنى فرۆكەخانەى خەڕتووم بوو، كە بڕياربوو بە گوێرەى سيستەمى(B.O.T)ى ئابوورى جێبەجێ بكرێت". هەروەها محەمەد نار پێشبينى ئەوەشى كرد، "وەبەرهێنان لە سوودان توركى بێت ياخود ئەمريكى رووبەڕووى بەربەست نەبنەوە، ئەمرۆ جيهان بەرەو ئەوەيە رەهەندە سياسييەكان لە رەهەندى وەبەرهێنان جيابكەنەوە".

دكتۆر سەمير ساڵحە مامۆستاى ياساى گشتى نێودەوڵەتى و پەيوەندييە نێودەوڵەتييەكان لە لێدوانێكى بۆ‌ ماڵپەڕى (حوڕە) راگه‌یاند، "لەوانەيە هەندێك بەرەوپێشوەچوون ببێت لەسەر ئاستى پەيوەندى توركيا و سوودان، چونكە هەندێك ئاماژە هەيە، بەڵام هەندێك فاكتەرى ناوچەيى و نێودەوڵەتیش هەن، کە دێتە ناو ئەو بەرپێشچوونانە، لەوانەيە ببێتە هۆى ئەوەى لێكتێگەيشتن و رێكکەوتنە ئابوورييەكان بە ئاراستەيەكى تر داب ببات".

رۆژى (11) نيسانى (2019) رەجەب تەيب ئەرۆدغان دواى كۆبوونەوەى لەگەڵ برۆكينى رۆك مارك كريستيان كابوورى سەرۆكى بۆركينا فاسۆ، كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانيان ئەنجامدا سەبارەت بە پەيوەنديەكانى ئەو دوو وڵاتە، لە ميانەى كۆنگرە رۆژنامەوانيە سەبارەت بە دۆخى سوودان ئەرۆدغان رايگەياند" پەيوەندى ئێمە لەگەڵ سوودان پەيوەندييەكى مێژووييە، ئێمە دەمانەوێت ئەو پێوەندييە بەردەوام بێت، هيواخوازين سوودان لەو دۆخەى ئێستا دەرچن، بە شێوەيەكى خێرا ديموكراسى كارا بكەن".

هەروەها گوتيشى" ئێمە ئاگاداربووين سوودان لەماوەى پێشوو بەدۆخێكى قورسى ئابوورى تێدەپەڕى"هيواخوزاين سوودان ئەو دۆخە ئابوورييە تێپەڕێنێت بچێتە قۆناغێكى باشتر". راشيگەياند ئێمە" هەواڵە جياوازەكانمان پێ دەگات، ناكرێت چارەنووسى عومەر بەشير نەزانين، لە ماڵەوە بێت،  يا لە شوێنێكى تر ئومێدەوارين سوودان ئەو قۆناغە ناخۆشە تێپەڕێنێت".

لە بەشێكى ترى قسەكانى گوتى" لە سوودان چەند كودەتايەك روويداوە، رووبەڕووى زيانى گەورە بۆتەوە لەو كودەتايانە، حەزناكەين دەوڵەتى سوودان دۆست جارێكى بەهۆى كودەتاوە زيانى بەربكەوێت."

دواى ئەو لێدوانانە توركيا لەسەر ئاستى فەرمى بۆ ماوەيەكى زۆر بێ دەنگ بوو، ئەو ماوەيە توركيا شێوازى مامەڵەكردنى لەگەڵ سوودان گۆڕى لە رێگەى هاوكارى مرۆيى هەوڵى دروستكردنى كاريگەرى دەدا لەسەر رايگشتى سوودان، بەتايبەت گەنجان و ئافرەتان، چونكە توركيا ئاگاداربوو ئافرەتانى سوودان ئامادەيى بەرچاويان هەبوو لە سەرپەرشتيكردنى خۆپيشاندەكانى سوودان، ئازايەتى ئەو كچە سوودانەى بەناوى كەنداكە كە سەرپەرشتى خۆپيشاندەكانى سوودانى دەكرد، جيهان بينى بەبێ ترس دروشمى ئازادى بەرزدەكاتەوە. 

گەنجانيش رۆڵى دياريان هەبوو لە لادانى عومەر بەشير و رێگريكردن لە هەوڵى لايەنە كۆنەكانى دەسەڵاتدارانى پێشووترى سوودان، بۆ ئەوەى كودەتا بەسەر ديموكراسى بكەن، بۆ رێگريكردن لەو هەوڵانە گەنجان بەردەوام بوون لە خۆپيشاندانەكان.

عيرفان نەزيرى باڵيۆزى توركيا لە خەڕتووم لەو چوارچێوەيە بۆ راكێشانى سەرنجى گەنجان و ئافرەتان لەلێدوانێكدا رايگەياند"دەرگاى باڵيۆزخانەى توركيا لە سوودان بۆ خزمەتكردنى ئافرەتان و گەنجانى سوودان و پرسەكانيان كراوەيە"

توركيا ماوەيەكى كەم بوو بژاردەيەكى نوێى ستراتيژى هەبوو، بۆ راكێشانى توێژەكانى كۆمەڵگە، لەبەر گرنگى توێژى ئافرەتان و گەنجان لە سوودان توركيا بۆ سەرنجڕاكێشانى ئەو دوو توێژە پشتى بەو بژاردە تازە بەست، بەوەش سەركەوتوو بوو لە راكێشانى سەرنجى گەنجان و ئافرەتانى سوودانى بۆلاى وڵاتەكەى.

توركيا زوو رەتى كردەوە دەوڵەتێكى ستراتيژى وەك سوودان لەدەستخۆى بدات، ئەوەش تەنيا بەهۆى پاڵپشتى رەوتە ئيسلامييەكان نەبوو، لەو ماوەى دوايى، بەڵكو كاركردن بوو لەسەر دروستكردنى پەيوەندييەكان لەگەڵ چينى گەنجان و ئافرەتانى چالاكوان.

دەكرێت بگوترێت ئەو هەوڵە تايبەتانەى توركيا سەركەوتووبوو، بەتايبەت وڵاتانى عەرەبى و كەنداو كارييان دەكرد رۆڵى خۆيان ببينن بۆ پاراستنى ئاسايشى نەتەوەيى عەرەبى، ئەوەش بە هاوكاريكردنى دەسەڵاتدارانى سوودانى بۆ پاراستنى سەقامگيرى لەرێگەى هاوكارى كردنى ئەو توێژانە و بنياتنانى دەوڵەت دوور لە سياسەت و قۆستنەوەى سياسى. هەر يەك لە ئيمارات سعووديە و ميسر گرنگى زۆريان بە سوودان دەدا، بۆ رێگريكردن لە قووڵبوونەوەى توركيا لە وڵاتێكى گرنگى وەك سوودان.

بەڵام تورکیا بەڕێگەی خۆی بەردەوام بو، لە پاڵ ئەو هەوڵە ناديارانەى توركيا خوێندنەوەى جۆراو جۆر هەبوو، بۆ داهاتووى پەيوەندييەكانى نێوان توركيا و سوودانى دواى بەشير. 

زۆربەى ئاماژەكان بۆ ئەوە بوون، پەيوەندى ئەو دوو وڵاتە كۆتايى هاتووە، حەبيب ئەسوەد رۆژنامەنووسى توونسى بابەتێكى لە رۆژنامەى (ئەلغەد)  بە ناونيشانى (كەوتنى دەسەڵاتى عومەر بەشير ئاماژەيە بۆ كۆتايیهاتنى پرۆژەى ئيسلامى سياسى) بڵاوكردەوە.

 لە بەشێكى وتارەکەدا، نووسەر ئاماژە بەوە دەكات "لادانى دەسەڵاتى بەشيرى ئيخوانى لەو ناوچەيە چۆن كاريگەرى دەبێت؟" ئەوەى دوێنێ روويدا لێدانێكى كوشندە بوو لە پرۆژەى ئيخوانى، بەتايبەت سوودان لەسەردەمى گۆشەگيركراوى دەروازەيەكى زۆر باش بوو بۆ توركيا و قەتەڕ لە بە سوپاكردن و ئاڕاستەكردنى هاوكارى و پاڵپشتى بۆ ئيخوانى ليبيا و ميسڕ، يان پڕچەككردنى ميليشیاكانى دەرەوەى ياسا، كە سەربە رێكخراوى قاعيدەن لە ناو ليبيا، هەروەها دابينكردنى هاوكارى دارايى و لۆجستى بۆ سەرجەم هێزە ئيسلامييەكان لە وڵاتانى ئەفريقيا، وەك ئه‌سیوپیا و ئەفريقياى ناوەڕاست و ئەريتريا و سۆماڵ.

لە سەر ئاستى ناوخۆى توركيا، پرسيار لە چارەنووسى پرۆژەكانى وەبەرهێنانى توركيا دەكرا لە دواى لادانى عومەر حەسەن بەشير. رۆژى (14)ى نيسانى (2019) ماڵپەڕى كەناڵى (حوڕە)ى ئەمريكى راپۆتێكى بڵاوكردەوە، سەبارەت بە چارەنووسى ئابووریى توركيا لە سوودان.

ئيلهامى ئۆزجان ئيگۆن پەلەمانتارى توركيا لە فراكسۆنى جەهەبە  پەيامێكى بۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى توركيا نارد، داواى دياريكردنى چارەنووسى رێکكەوتنى بە كرێگرتنى زەوى كشتوكاڵى دەكرد، كە  توركيا لەسەردەمى عومەر حەسەن بەشير واژۆیكردووە.

كە بەگوێرەى ئەو رێكکەوتنەى لە مانگى نيسانى (2014) واژۆكراوە، توركيا رووبەڕى (780) هەزار هێكتار زەوى لە شەش ناوچەى جۆراوجۆر بۆ ماوەى (99) ساڵ بە كرێ گرتووە، كە بڕيار بوو كۆمپانيا تايبەتەكانى توركيا وەبەرهێنان لەو زەوييانە بكەن.

ئيگۆن پرسيارى لە وەزيرى كشتوكاڵى حكومەتى توركيا كردووە، ئايا پەيوەنديت بە ئەنجوومەنى سەربازى سوودان كردووە بۆ ئاشكراكردنى چارەنووسى ئەو پڕۆژەيە؟.

پرۆژەى بەكرێگرتنى زەویيە كشتوكاڵیيەكانى سوودان، تاكە پرۆژەيە چارەنووسى ديار نييە، ليستێكى درێژى پرۆژەى توركيا لە سوودان هەيە، تا ئێستا سەرقاڵى كارتێداكردنن.

هەروەها رۆژنامەنووسى تورك كەريم ئۆلكر بابەتێكى بڵاوكردەوە پرسيارى لە چارەنووسى ئەو پرۆژانە دەكرد كە بڕەكەى ملياران دۆلارە.

كۆمپانياى سۆماى توركى لە (2018) رايگەياند، "ئامادەيە بەردى بناغەى پرۆژەى فڕۆكەخانەى خەڕتووم دابێت، دواى ئەوەى كۆمپانياكە ئەو پرۆژەى بردەوە كە بەهاكەى دەگەيشتە يەك مليار و (100) مليۆن دۆلار".

هەروەها بانكى كشتوكاڵى توركيا رايگەياند "لقێكى لە خەڕتووم دەكاتەوە بۆ بەهێزكردنى پەيوەندييە دارايیەكانى نێوان هەردوو وڵات، لەگەڵ دانانى كارگەيەكى رستن و چنينى توركى بە بڕى (100) مليۆن دۆلار".

تاکتیکی نوێی تورکیا 

بەدەمەوەچوون بۆ بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکان

دواى بڵاوبوونەوەى پەتاى كۆڕۆنا، توركيا دەستيكرد بە ناردنى هاوكارى پزيشكى بۆ سوودان. لە شەشى حوزەيرانى (2020) ئاژانسى هەماهەنگى و هاوكارى لە چوارچێوەى رووبەڕووبوونەوەى پەتاى كۆرۆنا هاوكارى پزيشكى وەك پێداويستى پزيشكى ئامێرى دياريكردنى ئۆكسجين و ئامێرى گەرمى پێو و پێداويستى پاكردنەوەى پێشكەش بە ويلايەتى باشوورى دارفۆرۆ و نەخۆشخانەى توركى سوودانى بۆ لێكۆڵينەوە و فێركردن لە شارى نيالا کرد.

ئەوە سەرەڕاى هاوكاریكردنى لەكاتى لافاوەكانى سوودان و هاوكارى خەڵكى هەژارى سوودان لە رێگەى رێكخراوە توركيیەکان، لە قۆناغى دواى لادانى عومەر بەشير بەردەوام بوو. لەپاڵ ئەوەشدا توركيا رێژەى هاوردەكردنى لە سوودان بەشێوەيەكى بەرچاو بەرزكردەوە، لەکاتێدا هەموو وڵاتەکان هەناردەیان بۆ سودا هەبوو.

لە رۆژى سێى ئازارى (2021) عيرفان نەزير ئۆغلۆ باڵيۆزى توركيا لە سوودان رايگەياند، "بەگوێرەى (لێكۆڵينەوەى پەيمانگەى ئامارى توركيا) هەناردەى سوودان بۆ توركيا لە (2020) بە بەراورد بە (2019) (28%) زيادى كردووە، ئامانجيشمان زيادكردنى ئەو رێژەيە". ئەوە لە كاتێکدايە توركيا بەبەردەوام رێژەى هەناردە بۆ وڵاتان زياد دەكات و هاوردە بۆ وڵاتەكەى كەم دەكاتەوە.

هەموو ئەوانەش بوونە هۆی ئەوەی جارێکی تر پەیوەندییەکان بەرەو ئاستێکی باشتر برۆن و سودان بگەڕێتەوە بۆ گرنگیدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا.

بۆ ڕاگرتنى پەيوەندییەکانیان لەگەڵ سوودان، توركيا هاوردەى لەو وڵاتە زيادكرد.

 

گەڕانەوەی سودان بۆ تورکیا

د.خاليد حسين محەمەد، پسپۆڕى سياسى سوودانى لە ديدارێكى ديدارێكى كەناڵى ئاسمانى (تيبەى) سوودانى، بەوردى تيشك دەخاتە سەر پرسە سياسيەكانى ناوچەكە و رۆڵى توركيا لەو ناوچەيە.

لەو ديدارە ئاماژە بەوە دەكات" بانگهێشتكردنى بورهان جێگيرى سەرۆكى ئەنجومەنى سەرۆكايەتى بۆ توركيا،  شتێكى لەناكاو بوو، كە لەسەر بەرەى ئيماراتى حيساب دەكرێت، کاتێ چووە توركيا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە".

سەبارەت بە هۆكارەكان ئاماژە بەوە دەكات، "لەسەر ئەو سەردانییە پێويستە لە دوو وێستگە بووەستين، لەبەر ئەو گۆڕانكارييانەى گەورانەى لە ناوخۆى سوودان روويان دا، لە هەمانكاتدا ئەو گۆڕانكارييانەى لە ناوچەكە و سودان رووياندا  لە (2019) ".

دەكرێت بڵێين، "ديدێكى هاوبەشى ئامانجدار بەشێوەيەكى روون لەگەڵ گۆڕانكارييەكە نەبوو، بەڕاستەوخۆ كاردانەوەيەكى راستەخۆ بەرانبەر دەسەڵاتى پێشوو هەبوو، حكوومەتى نوێ هەڵوێستێكى نەرێنى بەرانبەر ئەو لايەنانە هەبوو، لەسەرووى هەموو ئەو لايەنانە پەيوەندى نزيكايەتى لە نێوان دەسەڵاتى پێشوو و توركيا و قەتەر هەبوو، ئەگەرچى ئاگاداریی لە وردەكارييەكان ئەو پرسە ڕاست نەبوو".

 هه‌روه‌ها گوتیشی، "من بە تەواوى چاودێرى پەيوەندى توركيا و سوودانم دەكرد، لە زۆربەى ناكۆكييەكان تەنانەت ئەوكاتەى جێگرى سەرۆكى توركياش خەريك بوو بە تووڕەيى بڕواتەوە، ئەگەر لايەنەكانى سوودانى و جێگرى سەرۆكى ئەنجومەنى سەرۆكايەتى نەهاتبوونايە پێشەوە بۆ چارەسەركردنى هەندێك ئاڵۆزييەكان".

 له‌ درێژه‌ی قسه‌كانی گوتی" دوو ئاراستە دروستبوو، ئاراستەك بەرەو ئيمارات، پەيوەندييەكان زۆر بەڕوونى لەگەڵ توركيا لاواز بوو".

سەبارەت بە ناوچەكە دەكرێت باس لە دوو بەرە بكەين" توركيا هێزێكى كاريگەرە لە ناوچەكە لە پلەى يەكەمە، ئەو لێكنزيكبوونەوەى لە نێوان توركيا و ميسر دروستبوو، لەسەر حيسابى لايەنى ميسرى و ئيماڕاتى دەبێت، هەروەها "ئەو ململانێيەى لەناوخۆى ليبيا هەبوو، توركيا چووە ناو ململانێكانى ليبيا و ململانێيەكەى بە بەرژەوەندى حكومەتى هەڵبژێردار و شەرعى يەكلايى كردەوە، ئيمارات پاڵپشتى بەهێزى حەفتەرى دەكرد، يەكێك لە داواكارييەكانى ئيمارات لە حەميدەتى جێگرى سەرۆكى ئەنجوومەنى کاتى، سەرۆكايەتى شەڕكردن بوو لە پاڵ حەفتەر، ئەوە سەرەتاى ناكۆكى ئيمارات و سوودان بوو، چونكە حەميدەتى رەتى كردەوە هاوكارى حەفتەر بكات، تەنانەت دواى ئەوەش ئيمارات داواى هاوكارى لە عەبدولعزيز حەلۆی به‌رپرسی سه‌ربازی باشووری سوودان كرد بۆ يارمەتيدانى حەفتەر، بەڵام لە كۆتايى ئەو ململانێيە لە بەرژەوەندى حكومەتى ئێستاى ليبيا يەكلايى بۆوە، حكوومەتى ئێستاى ليبيا لە دەرەوەى پيلانەكانى ئيماراتە".

ئيمارات هۆكارى بنياتنانەوەى پەيوەندى نێوان سوودان و ئيمارات بوو.

 سەبارەت بەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئێستا توركيا "بۆتە ئەندازیارى ئەو ناوچەيە، هاوسەنگييەكان لەو ناوچەيە دەگێڕێتەوە، لاى كەمى ناڕازى بوونى ئيمارات لە جێگرى سەرۆكى سوودانى، سەرەكيترين هۆكار هاوكارینەكردنى حەفتەرە لە ليبيا، چونكە ئەو پرسە سەرەتاى تێكچوونى پەيوەندييەكانی نێوان ئیمارات و سوودان بوو". 

ئەو بابەتە وايكرد، "توركيا هەستيارى نەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حەميدەتى، بەڵام بابەتى دووەم زۆر گرنگە، چاودێریكردنى توركيا بۆ دۆسەى ناوخۆى سوودان، بۆ زانيارى هەواڵگرى توركيا لە ناوخۆى سوودان و هەموو جيهان زۆر بەهێزە، بە شێوەيەكى بەرچاو دۆخى ناوخۆى سوودانى دەبينى، وەك جێگرى سەرۆكى سوودان لە كۆنگرەى رۆژنامەنووسى باسيكرد، پەيوەندى توركيا و سوودان ستراتيژى و مێژووييە".

ئەنجام

لە ئەنجامى ئەو بەدواداچوونە بۆمان دەردەكەوێت، توركيا بە پێچەوانەى كودەتاى سەربازى ميسڕ، ئەمجارە بە شێوەيەكى پراگماتیانه‌ مامەڵەى لەگەڵ كودەتاكەى سوودان كرد، پەرچەکرداری لە ئاڵۆزییەکانی دوای کودەتا دژ بە تورکیا نەنواند و بە ئارامی چاودێری دۆخەکەی کردووە بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی دیکە، لەو پێیناوەش ماوەيەك بێدەنگى هەڵبژارد، دواتر لەرێگەى دەزگا خێرخوازييەكانى بەناڕاستەوخۆ هەوڵى نزيكبوونەوەى لە سوودان دا، و لە رێگەى زيادكردنى هاوردەى كاڵا لە سوودان شکۆی بە سودان بەخشییەوە و سەرنجی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی راکێشا. 

هەرچەندە ئاماژەكان لەسەرەتا بۆ ئەوە بوون، كە سوودان لە بەرەى ئيمارات نزيك دەبێتەوە، بەڵام سەركەوتنى حكومەتى ويفاقى ليبى بە پاڵپشتى توركيا لە لايەك، داواكردنى هاوكارى ئيمارات لە سوودان بۆ پاڵپشتى حەفتەر لە لايەكى تر،  و مامەڵەکردنی ئەو وڵاتانە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە نوێیە وەکو دەسەڵاتی وابەستە بەخۆیانەوە، هاوکات رێزگرتنی تورکیا لە دەسەڵاتی نوێی سودان، واى لە سوودان كرد، پەيوەندييەكانى لەگەڵ توركيا رابگرێت، بەوەش پەیوەندی و بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا ببێتەوە رێگەی ستراتیژی بۆ داهاتووی مامەڵەیان لەگەڵ یەکتر.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین