دەزگا ئەمنییەکانی ئێران بۆ رۆژى هه‌ڵبژاردن خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن وەرگێڕان

نوچه‌نێت

بڕیارە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران لەم مانگەدا بەڕێوە بچێت و هێزەکانی پۆلیس و هەموو دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە خۆیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بە بێ هیچ کێشیەک ئەو هەڵبژاردنانە بەڕێوە بچن. کۆماری ئیسلامیی خوازیاری بەشداریکردنی زۆرینەی خەڵکە، بەڵام هاوکات بە هۆشدار و هەڕەشە ترس و ڕەشبینی بڵاو دەکاتەوە.

ڕۆژی سێشەممە یه‌كی حوزەیران، ماڵپەڕی "ڕادیۆ فەرەنسا" بڵاوی کردەوە، حسێن ڕەحیمی، فەرماندەی هێزەکانی پۆلیسی تاران گوتوویەتی: ڕێگا نادەین بچووکترین بۆشایی ئەمنی لە هەڵبژاردنەکاندا بێتە ئاراوە و ڕووبەڕووی هەر کەس و لایەنێک دەبینەوە کە بیەوێت ئاسایشی کۆمەڵگە تێک بدات. 
هەرچەندە ڕەحیمی جەختی کردەوە کە ئەرکی "دابینکردنی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان بە گشتیی لە ئەستۆی پۆلیسە"، بەڵام گومانێک نییە جگە لە پۆلیس، دەزگا ئەمنییەکانی تر و لەوانە ئیتلاعات [دەزگای هەواڵگریی] و هێزەکانی ئاسایشیش خۆیان بۆ بەڕێوەبەردنی هەڵبژاردنەکان ئامادە دەکەن. 
عەلی خەلیلی، یاریدەدەری قەرارگای ثاراللە (دەزگای بەرپرسی دابینکردنی ئاسایشی تاران) هۆشداری داوە کە "دوژمنان هەموو توانای خۆیان وەگر خستووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان بە ساردی و بە بێ بەشداری خەڵک بەڕێوە بچن و هەوڵ دەدەن پەرە بە ناڕەزایەتییەکان و خۆپیشاندانەکان بدەن". 
چەندین هەواڵ کە پشتڕاست نەکراونەتەوە دەرخەری ئەوەن کە قەرارگای ثاراللە و ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسداران گوشاری خستووەتە سەر چەندین کەسایەتی سیاسیی بۆ ئەوەی بەڵێن بدەن لە هەڵبژاردنەکاندا "لە چوارچێوەی یاسا"دا دەجووڵێنەوە. 
لە ئێستادا دوو نیگەرانی گەورەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی بریتین لە گوێنەدانی خەڵک بە هەڵبژاردنەکان و هەروەها پەرەسەندنی ناڕەزاییەکان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان. ئەو دوو نیگەرانییە بوونەتە هۆی ئەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی لە لایەکەوە خەڵک هان بدەن لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن و لە لایەکی ترەوە هەڕەشە لە ناڕازییان بکەن.

مه‌ترسى هه‌یه‌ رێژه‌ى به‌شداربوون
له‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ئێران زۆر نزم بێت

فیتنەی سپی
دەزگا هەواڵگریی و ئەمنییەکانی ئێران بە جدی ئامادەن بۆ ئەوەی لێدوانەکانی هەندێ لەو کاندیدانەی کە لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە ڕەت کراونەتەوە و ڕێگایان پێ نەدراوە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بن (لەوانە ئەحمەدی نەژاد و حەسەن خومەینی) نەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ئاژاوە و فیتنە. بەشێک لە بناژۆخوازانیش (محافیزەکاران) نیگەرانی پیلانەکانی ڕیفورمخوازانن. 
جێگای ئاماژەیە کە خامنەیی دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٩، ناڕازییانی بە "فیتنە" ناساند و محافیزەکاران تا ئێستاش ڕێفورمخوازان و خۆپیشاندەران بە بەرەی فیتنە وەسف دەکەن. 
ئاژانسی هەواڵگریی فارس هۆشداری داوە کە "چەند حیزبی توندرۆی ڕەتی ڕیفۆرمخواز بە ڕێنوێنی هەندێ لەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٩دا چالاک بوون، هەوڵی ئەوە دەدەن فیتنەیەکی نوێ لەژێر ناوی فیتنەی سپی بنێنەوە". فارس دەڵێت: "حزبە ڕیفۆرمخوازە توندڕۆکان دەیانەوێت لە ڕێگای سەرمایەگوزاریکردن لەسەر کەسانی دژی کۆماری ئیسلامیی و هەروەها لایەنگرانی یەکێک لە کاندیدە ڕەت کراوەکان (کە ئاماژەی بە ناوی نەکردووە)، ژمارەی دەنگە پووچەڵەکان بەرز بکەنەوە و ناویشی بنەن ناڕەزایەتی مەدەنی". 
چەند ڕۆژ پێش ئێستا، حسێن ئەشتەری، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئاسایش بە ئاشکرا هەڕەشەی لەو کەسانە کرد کە داوا لە خەڵک دەکەن لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری نەکەن. ئەشتەری ئەو کەسانەی بە لادەران لە یاسا وەسف کرد. هەروەها عەلی قاسی، دادوەری تاران، هۆشداری بە هەموو کاندیدەکانی هەڵبژاردنەکان داوە "هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامیی" نەبەزێنن. 
سەرەڕای ئەوە، هەندێ لە کەسایەتییە سیاسییەکان نیگەرانن زمانی هەڕەشە و پەنابردن بۆ زەبری هێز، ئەنجامی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە. بۆیە، دوای ئەوەی سەعید قاسمی و مورتزا ئاقا تێهرانی (دوو لایەنگری حکومەت) بە ئاشکرا هەڕەشەیان لە هەموو ناڕازایانی هەڵبژاردنەکان کرد و وتیان بە توندی لە شەقامەکان هێرشیان دەکرێتە سەر، قسەکانیان ڕەخنەی لێکەوتەوە. بە گوتەی جەلال میرزایی، چالاکی سیاسیی ڕیفۆرمخواز، لێدوانەکانی کەسانێک وەک قاسمی و ئاقا تێهرانی "ورووژێنەرن و دەبنە هۆی سەرهەڵدانی ڕووداوی نەخوازراو لە وڵاتدا".

کەڵکەڵەی بڕەوپێدان بە هەڵبژاردنەکان
بەشێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی کە پێیان وایە زمانی هەڕەشە مەترسیدارە، بە دەربڕنێکی نەرمتر داوایان لە خەڵک کردووە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن. 
ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی ناوخۆ بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ڕۆژی هەڵبژاردنەکان، کۆبوونەوەیەکی بە بەشداری یاریدەدەرانی سیاسیی پارێزگارەکانی هەموو ئێران بەڕێوەبرد. بەو بۆنەوە جەمال عارف، یاریدەدەری سیاسیی وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند ئەرکی سەرەکی وەزارەتخانەکەی بریتییە لە "بەڕێوەبردنی تەندروست و ئەمنی هەڵبژاردنەکان". 
بە گوتەی جەمال عارف یەکێکی تر لە ئەرکەکانی وەزارەتی ناوخۆ، "بڕەوپێدان" بە هەڵبژاردنەکانە. عارف ڕایگەیاند بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتە جێ متمانەکان نزیکەی ٤٠٪ی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار دەبن، بەڵام گوتیشێ: "پێویستە هەوڵ بدەین ئەو ڕێژەی بەشداریکردنە بگاتە پلەیەکی بەرزتر".

ڕەئیسی دەبێ ١٦ ملیۆن دەنگ بە دەست بێنێت

 


بناژۆخوازان (محافیزەکاران) پێیان وایە تاقە ڕێگای دەستەبەرکردنی زۆرینەی دەنگەکان بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی، کشانەوەی کاندیدە محافیزەکارەکانی ترە. لە هەڵبژاردنەکانی خولی پێشوودا، ژمارەی دەنگەکانی ڕەئیسی ١٦ ملیۆن ڕاگەیێندران. محافیزەکاران نیگەرانن ئەگەر ئەمجارە ڕێژەی دەنگەکانی کەم بکات، دەبێتە هۆی ئابڕووچوون. بۆیە "گوشاری دۆستانە"یان خستووەتە سەر سەعید جەلیلی بۆ ئەوەی لە بەرژوەندی ڕەئیسی بکشێتەوە. مەهدی چەمران، ئەندامی شورای شاری تاران، گوتوویەتی: "ئاواتی من ئەوەیە جەلیلی لە قازانجی ڕەئیسی بکشێتەوە". 
بەڵام سەعید محەمەد، یەکێک لەو کاندیدانەی کە ڕەتکراوەتەوە و ئێستا پێداگرانە و ڕەنگە بە هیوای وەرگرتنی پۆستێکی سەرەکی لە کابینەی داهاتوودا خۆی لە ڕەئیسی نزیک کردووەتەوە لە که‌ناڵی تلگرامی تایبەت بە خۆی نووسیویەتی کە دووپاتکردنەوەی دروشمی "ڕەئیسی دەنگ دەهێنێت"، پیلانێکە بۆ "دڵساردکردنەوە". سەعید محەمەد دەڵێت: "پێدەچێت ئەو دڵساردکردنەوە بەرۆکی تیمی میدیایی ئیبراهیم ڕەئیسیشی گرتووە و گوایە خاترجەمن. بەڵام دۆخەکە بە هیچ جۆرێ لە قازانجی ڕەئیسیدا نییە و بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکان پیویستی بە کێبەرکێی هەمەلایەنەیە". 
لە کاتێکدا ئیمام جمعەی ئیسفەهان ئاماژەی کردووە هەڵبژاردنەکانی سووریا نموونەن و هیوای خواستووە ٩٥٪ی خەڵک دەنگ بە لایەنێکی تایبەت بدەن (وەک بەشار ئەسەد)، غوڵام ڕەزا مسباحی موقەدەم، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی گوتەیەتی "ئەنجومەنی هاوپەیمانێتی محافیزەکاران تەنیا یەک کاندید بە خەڵک دەناسێنێت (ڕەئیسی) بەڵام خەڵک مافی خۆیانە بە هەر کەس پێیان خۆشە دەنگ بدەن"... هەروەها دەڵێت: "ئەوەی کە کاندیدە محافیزەکارەکانی تر لە قازانجی ڕەئیسی لە هەڵبژاردنەکان بکشنەوە یان لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا بمێننەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە". 
چەند ڕۆژ پێش ئێستا، مورتەزا ئاقا تێهرانی کە ئەندامی "بەرەی پایداری"یە گوتبووی کشانەوەی سەعید جەلیلی ژیرانەیە و ڕایگەیاندبوو: "لە پێغەمبەری ئیسلام دەگێڕنەوە کە فەرموویەتی ئەگەر دوو کاندید هەبن و یەکێکیان بزانێت کە لایەنی بەرانبەر لەو باشترە بەڵام بەو حاڵەش لە شانۆکەدا بمێنێتەوە، خایینە".


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین