خامنەیی بایكۆتكردنى هەڵبژاردنەکان به‌ دوژمنكاریى ده‌زانێت ئێران

نوچه‌نێت

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی هەڵمەتەکان و بانگهێشتەکان بۆ بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران، ڕابەری کۆماری ئیسلامیی، ڕایگەیاند بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکان بە بیانووی نالەباری دۆخی ئابووری یان پەشیمانی لە بەشدرابوون لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو هەڵەیە و جەختی کردەوە ئەگەر کێشە و گرفتێک هەیە، پێویستە بە هەڵبژاردنی دروست و دەنگدان بە کابینەیەکی خه‌ڵك یه‌كلایى بکرێتەوە نەک بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکان.

ڕۆژی هەینی چواری حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دەنگی ئەمریکا" بڵاوی کردەوە، خامنەیی لە لێدوانێکدا بە بۆنەی ساڵیادی مەرگی ڕوحۆڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی، وێرای ڕەخنەگرتن لە ڕوانگەی هەندێ لە بەرپرسانی سیاسیی ئێران سەبارەت بە "پێویستی سڕینەوەی ئایدۆلۆژیا و ڕۆیشتن بەرەو لیبرال دیموکراسی" یان لێکدژی "ڕێنوێنییە ئیسلامییەکان و دیموکراسی"، داواکردن لە خەڵک بۆ بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکانی بە "خواستی دوژمنان" وەسف کرد و داوای کرد خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن. 

قسەکانی خامنەیی لە دژی بایکوتی هەڵبژاردنەکان لە کاتێکدایە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین هەڵمەتی بەربڵاو بۆ دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی و بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکان و لەوانە هەڵمەتی "نە بە کۆماری ئسیلامیی"، "دەنگ بێ دەنگ" و "دەنگ نادەم" هاتوونەتە ئاراوە. 

ڕابەری کۆماری ئیسلامیی هەروەها نەیارانی دەسەڵاتی بە "عەلمانییە نائایینییەکان"، لیبرالە عەلمانییەکان" و "نەیارانی دیموکراسی ئایینی" وەسف کرد و بەرگری لەوەی کرد کە بە "دیموکراسی ئایینی" وەسفی دەکرد. 

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ناڕەزایەتی بەرفراوان لە لایەن بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی کاندیدەکان لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە و پشتیوانی خامنەیی لەو هەڵویستە، هاتنە ئاراوە. 

مەجید ئەنساری، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی، هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی بە "گاڵتەجاڕ" و "کارتۆنی" وەسف کرد. 

محەمەد جەواد حۆجەتی کرمانی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی شارەزایان، بە تانەوە داوای لە ڕابەری کۆماری ئیسلامیی کرد "بە کەڵکوەرگرتن لە دەسەڵاتی یاسایی و هەروەها دەسەڵاتی دەرەوەی یاسای خۆی ئەرکی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنە کارتۆنییەکاندا هەڵبگرێت و هەڵبژاردنەکان بەڕێوە نەچن". 

مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، وێرای بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکان، گوتی: "تاقمێکی دەسەڵاتداری گەندەڵ لە ناو وەزارەتی ئیتلاعات"دا هەن کە ئاشکرایان دەکات. 

پەروانە سەلەحشووری، نوێنەری پێشووی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند خەڵک لە بەشداریکردن لە خولەکانی پێشووی هەڵبژاردنەکان پەشیمانن و چالاکانی بنکەکانی هەڵبژاردنی ڕۆحانی لە بەرانبەر خەڵک شەرمەزارن. 

سەرەڕای ئەوە، گوتەبێژی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور ڕایگەیاند تاوانی کەمبوونی ڕێژەی بەشداری خەڵک لەم خولەی هەڵبژاردنەکان،  لە ئەستۆی ئەو ئەنجومەنە نییە. 

ڕابەری کۆماری ئیسلامیی کە پێشتر پشتیوانی خۆی لە ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور دەربڕیبوو، وێرای دڵدانەوەی چەند کاندیدێکی رەتکراوە، گوتی، "چەند کەسێک کە ڕەتکراونەتەوە زۆڵمیان لێکراوە و ڕاپۆرتی درۆ سەبارەت بە خۆیان و بنەماڵەکانیان بڵاو کراوەتەوە و دواتر سەلمێنرا کە ئەو ڕاپۆرتانە درۆ و ناڕاست بوون". 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین