ئەحمەدی نەژاد هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێرانی بایکوت کرد ئێران

نوچه‌نێت

مەحموود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، کە لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە وەک کاندیدی نەشیاو ناسراوە و لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن دوور خراوەتەوە، بۆیه‌ ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد ڕایگەیاند لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری ناکات و پشتیوانی لە هیچ کاندیدێک ناکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی ئایاری ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ڕادیۆ فەردا" بڵاوی کردەوە، ئەحمەدی نەژاد بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک گوتی "خەڵک ئەوەندە داوا و پێداگرییان کرد خۆم کاندید بکەم کە ئیتر نەمدەتوانی داوکارییان پشتگوێ بخەم، دەرئەنجام تەسلیمی داواکاری بەرفراوانی خەڵک بووم و سەرەڕای ئەوەی لە بارودۆخی وڵات ئاگادار بووم، ناوی خۆم وەک کاندید تۆمار کرد".

ئەحمەدی نەژاد وێرای ئاماژەکردن بەوەی کە پێشتر دوو جار "بە بێ هیچ هۆکارێک" ڕەت کراوەتەوە گوتی، "بە هۆی بارودۆخی وڵات و وەک ڕێزگرتن لە خەڵک بێدەنگ بووم بەڵام ئەمجارە لەسەر داوای خەڵک هاتمە ناو هەڵبژاردنەکان. ڕامگەیاند ئەگەر ڕەت بکرێمەوە بێ گومان لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار نابم، ئەو هەڵبژاردنە بە فەرمی ناناسم و پشتیوانی لە هیچ کەس ناکەم".

سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا وێرای ئاماژەکردن بە لیستە بڵاوکراوەکەی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور گوتی، "ئەمجارەیش هەمدیسان ناوی منیان سڕییەوە و لیستێکی دیاریکراو و یەکلایەنەیان خستە بەردەم خەڵک. دووبارە لە سەرانسەری ئێرانەوە خەڵک پەیوەندییان گرت و دیارە بێ هیواییەکی گشتیی لە کۆمەڵگە سەری هەڵداوە".

ئەحمەدی نەژاد ئەو پرسیارەی کرد: "بۆچی منتان ڕەت کردەوە یان بە گوتەی خۆتان بۆچی شیاو نیم؟ دوو جار بە دەنگی زۆرینەی خەڵک بەرپرسیاریەتی ئیدارەدانی وڵات کەوتە ئەستۆی من. ئایا لە تێپەڕاندنی ئەرکەکاندا خۆم دزییەوە یان لە ئیدارەدانی وڵاتدا لاواز بووم؟".

ئەو قسانەی ئەحمەدی نەژاد لە کاتێکدایە کە هەر دوو هەڵبژاردنەکە کە ئەو بووە سەرۆک کۆمار مشتومڕی لێ کەوتەوە و ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی ئەحمەدی نەژاد لە ساڵی ٢٠٠٩دا بووە هۆی خۆپیشاندانی بەربڵاوی خەڵک و بزووتنەوەی سەوز و دەرەنجام، دەستبەسەرکردنی ڕابەرانی ئەو خۆپیشاندانەی لێ کەوتەوە.

ئەحمەدی نەژاد لە درێژەدا گوتی کە ڕەتکردنەوەی ئەو "بێ ڕێزی بە خەڵک و پێشێلکردنی دەستوورە و من لەسەر قسەی خۆمم. دەبێ بێن و لە تەلەڤزیۆندا، لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆدا کە خۆیشم تیایدا بەشدار بم، ڕایبگەیێنن کە بۆچی منیان ڕەت کردووەتەوە، با وەڵامیان بدەمەوە".

ئەوە یەکەمین جارە کە کاندیدێکی ناسراو و بەرپرسێکی پێشووی کۆماری ئیسلامیی، هەڵبژاردنەکان بایکوت بکات.

ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور جگە لە ئەحمەدی نەژاد، دوو بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتە، واتە عەلی لاریجانی و ئیسحاق جەهانگیری بە شیاو نەزانی بەڵام ئەو دوو کاندیدە تەنیا به‌یاننامه‌یه‌كیان دەرکرد و داوایان لە خەڵک کرد لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن.

ڕۆژی سێشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ڕایگەیاند دامودەزگا ئەمنییەکان دەستیان هەبووە لە ڕەتکردنەوەی بەربڵاوی کاندیدەکان و تۆمەتباری کردن بە دەستێوەردانی لە ڕادەبەدەر لە ڕێگای پێدانی ڕاپۆرتی درۆ و کاریگەریدانان لەسەر بڕیارەکانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستووڕ.

سادق ئامۆلی لاریجانی کە خۆی ئەندامی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورە گوتبووی: "هەرگیز بڕیارەکانی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور بە ئەندازەی ئێستا لاواز نەبوون، هەم بۆ پەسەندکردنی کاندیدەکان و هەم ڕەتکردنەوەیان. هۆکاری ئەو پاشاگەردانییە تا ڕادەیەکی زۆر، دەستێوەردانی دامودەزگا ئەمنییەکان لە ڕێگای نووسینی ڕاپۆرتی درۆ و کاریگەریدانان لەسەر بڕیارەکانی ئەنجومەنە".

بایکوتکردنی هەڵبژاردنەکان لە لایەن ئەحمەدی نەژادەوە لە کاتێکدایە کە ڕیفورمخوازانیش ڕایانگەیاندووە بە هۆی ڕەتبوونەوەی کاندیدەکەیان لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە، هیچ کاندیدێکیان لەو هەڵبژاردنانەدا نییە.

لیستە بڵاوکراوەکەی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور شۆکێکی گەورە بوو بۆ بەرەی ڕیفۆرمخوازان و هەروەها هەندێ لە لایەنەکانی بەرەی محافیزەکار و زۆرێک لە چالاکانی سیاسیی و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەم دوو ڕۆژەی دواییدا، ئیبراهیم ڕەییسی، سەرۆکی دەزگای دادیان وەک براوەی پێشوەختەی هەڵبژاردنەکان ناساندووە.

ڕەئیسی کە ڕۆژی چوارشەممە هەڵمەتەکانی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان دەست پێکرد پاڵپشتی بەشێکی زۆر لە دامەزراوەکانی حکومەتی لەگەڵە و هێشتا لە پۆستەکەی خۆی، واتە سەرۆکی دەزگای داد، نەکشاوەتەوە.

هەندێ لە چالاکان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێشنیازیان کردووە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کاندیدی براوە پێشوەختە دیاری کراوە، هەڵبژاردنەکان بەڕێوە نەچن و چەندین ملیار تمەن کە بڕیارە لە هەڵمەتەکاندا خەرج بکرێ، بدرێ بە خەڵکی هەژار و ڤاکسێنی پێ بکڕدرێ.

بۆ سێزدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری کە بڕیارە ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ بەڕێوە بچێت،  ٥٩٢ کەس ناویان تۆمار کردبوو و ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور لە کۆتاییدا هەفت کەسی پەسەند کرد.

ژینگەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران بە هۆی کێشەی بەربڵاوی ئابووری، کاریگەرییەکانی کۆرۆنا، سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئەو چەند ساڵەی دوایی و هەروەها ئازاد نەبوون و نادادوەرانەبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان زۆر سارد و سڕە.

هەرچەندە ئەمجارە کاندیدی زیاتر ڕەت کراونەتەوە بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردوودا، هیچ کاندیدێک جگە لە کەسایەتییە سیاسییەکانی سەر بە حکومەت، مۆڵەتی کاندیدبوونی پێ نەدراوە.

ئەم خولەی هەڵبژاردنەکان لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە لەم دواییانەدا چەندین خۆپیشاندان لە سەرانسەری ئێران، لەوانە خۆپیشاندانەکانی شوباتی ٢٠١٨، ئابی ٢٠١٨ و تەشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چوون و خۆپیشاندەران هەم لە دژی ڕیفۆرمخوازان و هەم محافیزەکاران دروشمیان دەگوتەوە.

 


 


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین