ئێران هۆشدارى به‌ ئاژانسى وزه‌ى ئه‌تۆمى ده‌دات ئێران

نوچه‌نێت

کازم غەریب ئابادی، نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیێنا، ڕاپۆرتە نوێیه‌کەی سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بە "تاک لایەنانە" و "بێ بنەما" وەسف کرد و هۆشداری دا ئەو ڕاپۆرتە نوێیەی ڕافائیل گروسی دەتوانێ ڕێگری بکات لە پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.

ئەمڕۆ سێشەممە هەشتی حوزەیرانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی کەناڵی "ئێران ئەنتێرنەشنال" بڵاوی کردەوە، ئەو لێدوانەی نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیێنا دوای ئەوە هات کە ڕافائل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕۆژی دووشەممە لە یەکەمین ڕۆژی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای بڕیاردان کە هەموو وەرزێک بەڕێوە دەچێت، وێرای ئاماژەکردن بە خۆبواردنی کۆماری ئیسلامیی لە وەڵامدانەوە بە پرسیارەکانی ئاژانس، ڕایگەیاند زۆر نیگەرانە لەوەی کە ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکان پەردەپۆش دەکات.

گروسی لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا بۆ ئەنجومەنی باڵای بڕیاردان گوتی دوای چەند مانگ، ئێران هێشتا ڕوونکردنەوەی پێویستی دەربارەی دۆزینەوەی گەردی ئەتۆمی لەو سێ بنکەدا کە ئاژانس پشکنینی بۆ کردووە، نەداوە.

بەڵام نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وەک کاردانەوە لە بەرانبەر ئەو ڕاپۆرتەی گروسی، گوتی "هاوکاریی ئەرێنی، پێویستی بە ژینگەی لەبار و خۆبواردن لە داوەریکردنی پێشوەختە و دەربڕینی نیگەرانی درۆیینە و هەروەها خۆبواردن لە گەورەکردنەوەی چەند پرسی بچووکە کە گرنگییەکی ئەوتۆیان نییە".

غەریب ئابادی جەختی کردەوە کە "هەڵوێست و ڕاپۆرتە نوێکەی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەرخەری ڕوانگەی تاک لایەنەی سکرتاریەتی ئەو ڕێکخراوەیە سەبارەت بە هاوکارییەکان لەگەڵ ئێران و پشتگوێخستنی ئاستی هاوکاریی نێوان تاران و ئاژانسە، و ئەوە دەتوانێت ببێتە کۆسپێک بۆ درێژەدان بە هاوکارییەکانی نێوانمان لە داهاتوودا".

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین