ئەمریکا لە وەڵامنەدانەوەی ئێران نیگەرانە ئێران

نوچه‌نێت

ند پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئێوارەی چوارشەممە گوتی واشنتۆن لەوەی کە ئێران وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەربارەی دۆزینەوەی کەرەستەی ئەتۆمی ڕانەگەیێندراو لە شوێنە نهێنییەکاندا ناداتەوە، بە جدی نیگەرانە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئیران ئێمروز" بڵاوی کردەوە، پرایس لە میانەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە کاریگەری دیداری "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکانی ترۆئیکای ئەوروپی لەسەر ناچارکردنی ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی گوتی: "ناتوانم پێش کۆشکی سپی لەو بارەوە قسە بکەم، بەڵام پێم وایە دەتوانم ئەوە بڵێم کە بێ گومان لەو دیدارەدا سەبارەت بە ئێرانیش قسە دەکرێت... ئێمە چاوەڕوانین ڕۆبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لە ڕۆژانی داهاتوودا بگەڕێتەوە بۆ ڤیێنا، ڕەنگە هەر ئەم هەفتە، خولی شەشەمی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لەگەل ئێرانییەکان ئەنجام بدات".

ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نووسیویەتی، پرایس سەبارەت بە هاوکارینەکردنی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند: "ئێمە سەبارەت بە ڕادەستنەکردنی زانیارییەکان لە لایەن ئێرانەوە بۆ ئاژانس زۆر نیگەرانین. ئێران بە پێی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئاژانس بەڵێنی داوە وەڵامی پرسیارەکانی بداتەوە".

ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە وێرای دەربڕینی پشتیوانی واشنتۆن لە لێدوانەکانی گروسی و داواکاری لە ئێران بۆ وەڵامدانەوە، گوتیشی: "پێویستە ئێران بە تەواوەتی و بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هاوکاریی بکات و ئەو هاوکارییە دوا نەخات. ئێمە ئاگادارین ئێران و ئاژانس ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوودا هەمدیسان دەربارەی ئەو پرسانە گفتوگۆ بکەن و ئێمەیش لە نزیکەوە چاودێری دەکەین".

پرایس وێرای ڕاگەیاندنی ئەوەی کە واشنتۆن بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشانی خۆی سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە، گوتی: "کاتێ ڕۆبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، بگەڕێتەوە بۆ ڤیێنا، ئەو دەرفەتەی دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ڕووسیا و چین کە هێشتا ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمین، دیدار و گفتوگۆ بکات".

پرایس هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران و ئەوەی کە ئایا ئەمریکا بەرنامەیەکی بۆ خێراکردنەوەی گفتوگۆکانی ڤیێنا بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن هەیە یان نا، گوتی: "ئێمە ئەوەمان قەبووڵە کە ئەوە گرفتێکە کە دەبێت چارەسەر بکرێت و هەڵبەت تا ئێستاش بە جدی سەرنجمان بەو بابەتە داوە، بەڵام هەڵبژاردنەکان ناتوانن کاریگەری لەسەر ئەو پرسە دابنێن".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەدا ڕایگەیاند: "تا کاتێ ئێران بە تەواوەتی نەکەوێتە ژێر چاودێری و تاقیکردنەوە، مەترسی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی بەردەوام لە ئارادایە". 
پرایس جەختی کردەوە: "ئێستا ئێران خۆی دەبوێری لە جێبەجێکردنی مەرجە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و توانیویەتی لە هەندێ تەکنۆلۆژیا و لەوانە ئامێرە پێشکەوتووەکانی پیتاندن کەڵک وەربگرێت و ڕێژەیەکی زۆر یورانیۆمی پیتێندراو پاشکەوت بکات، ئەوەش وای کردووە ئەو وڵاتە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نزیکتر بێتەوە. ئێمە لەوە ڕازی نین".

پرایس وێرای ئاماژە کردن بەوەی کە دیپلۆماسی باشترین ڕێگای ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمییە، ڕایگەیاند: "باشترین ڕێگا بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە ئێران هیچ کات بە چەکی ئەتۆمی هەڕەشە لە ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی تر ناکات، دیپلۆماسییە".

ڕافائێل گروسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕۆژی دووشەممە هەفتی حوزەیران لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای بڕیاردانی ئاژانس گوتی، سەرەڕای ڕێککەوتنی پێشوو، ئێران وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی نەداوەتەوە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین