سێ کاندیدی هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ئێران کشانەوە ئێران

نوچه‌نێت

لە کاتێکدا سبەی هەینی (١٨ی حوزەیران) هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئێران بەڕێوە دەچن، لە ماوەی یەک رۆژدا، سێ کاندیدی سەرۆک کۆماریی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن کشانەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١، کەناڵی تەلەڤزیۆنی "ئێران ئێنتەرنەشنال" بڵاوی کردووە، ئێستا موحسین رەزایی، ئیبراهیم رەئیسی، ئەمیر حسێن قازی زادە هاشمی و عەبدولناسر هێمەتی لە هەڵمەتەکاندا ماونەتەوە.

موحسین مێهر عەلیزادە، رۆژی سێشەممە بە ناردنی نامەیەک بۆ وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە هەڵبژاردنەکان کشایەوە. عەلیزادە رۆژێک پێش کشانەوە گوتبووی بۆ جێگیرکردنی حکومەتێکی کارامە، دەستپاک و خەمخۆر تا دوایین هەناسەم خۆڕاگری دەکەم.

مێهر عەلیزادە، رۆژێک دوای کشانەوە، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دوای تێپەڕینی نزیکەی سێ هەفتە کێبڕکێی پڕووکێنەر و جێگای مشتومڕ و تێبینی و دوای پێشبینیکردنی ئەوەی خەڵک مەیلێکی ئەوتۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا نییە، هەست دەکەم نە من و نە کاندیدەکانی تر نەمانتوانیوە ژینگەی گونجاو و پێویست بۆ چوونەدەرەوە لە بارودۆخی ئێستا بخوڵقێنین".

هەروەها سەعید جەلیلی رۆژی چوارشەممە بە ناردنی نامەیەک بۆ وەزارەتی ناوخۆ، کشاوەتەوە. جەلیلی رایگەیاندووە  پاڵپشتی لە ئیبراهیم رەئیسی دەکات و لە قازانجی ئەو کشاوەتەوە. عەلیڕەزا زاکانی کاندیدێکی تری سەربە بەرەی موحافیزەکار، رۆژی سێشەممە کشانەوەی خۆی راگەیاند.

ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور لە ناو ٥٩٤ کەسدا کە ناوی خۆیان بۆ کاندیدی سەرۆک کۆماریی تۆمار کردبوو تەنیا حه‌وت کەسی پەسند کرد و ئێستاش لەو حه‌وت کەسە سێ کەسیان کشانەوە. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین