له‌ وه‌رزێكدا 223 پێشیلكاریى له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان تۆماركراون ئێران

نوچه‌نێت

لە ماوەی وەرزی رابردوودا (بەهاری ٢٠٢١)، لانیکەم ٢٢٣ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە.

رۆژی شەممە 26ی حوزەیران، ماڵپەڕی "رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لە ماوەی وەرزی بەهاری2021 دا، لانیکەم 223 حاڵەتی پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە لەماوەی وەرزی رابردوودا، 60 کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی و12 کەسیان گیانیان لە دەست داوە. لەو 12 کەسە حه‌وت کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و چوار کۆڵبەر بە هۆی رووداوی سرووشتی و هەروەها کۆڵبەرێکیش لەئاکامی لێدان و کوتانی لەلایەن هێزەکانی تورکیا گیانی لە دەست داوە. هەروەها، 48 کۆڵبەر بریندار بوون کە 40 بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران بریندار کراون.

بە پێێ ئامارەکانی هەنگاو، لانیکەم سزای سێدارەی حه‌وت بەندکراوی خەڵکی شارەکانی سەڵماس، ئیلام، دیواندەرە، ورمێ و شنۆ جێبەجێ کراوە کە دوو کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و پێنج کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان ئەو سزایەیان بە سەردا سەپاوە. هەروەها، لەو ماوەیەدا چوار بەندکراوی خەڵکی شاباد، ورمێ و بۆکان لە بەندیخانەکانی ئەو شارانەدا بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشكیی و هەروەها ئەشکەنجە گیانیان لە دەست داوە.

هەر لەو ماوەیەدا، 7 هاووڵاتی لە سنووری شارەکانی بانە، سەردەشت، کرماشان، شاباد، نەوسوود، قەسری شیرن و مەریوان بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی و سێ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

سێ هاووڵاتیی مەدەنی کوردیش لە شارەکانی شنۆ، کەرەج و رەبەت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و دوو هاووڵاتیش لە سنە و رەبەت بریندار کراون.
بە پێێ ئەو راپۆرتە، لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا، لانیکەم 97 هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی دەستبەسەر کراون. هەروەها، 21 هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسیی، مەزهەبی و مەدەنی سەرجەم سزای 193 ساڵ و 9 مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

هەروەها، لانیکەم 23 کرێکاری خەڵکی شارەکانی کەڵاتەرزان، ئیلام، مەریوان، کرماشان، سەردەشت، سنە، سەقز، موژ، سەحنە، ورمێ و شاباد لە کاتی کارکردن و بە هۆی رووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین