شه‌مخانى داواى ده‌كردنى حزبه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌ كازمى ده‌كات ناوخۆیی

نوچه‌نێت

جارێكى تر عه‌لى شه‌مخانى سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئێران داواى له‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كردووه‌، هێزه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ده‌ربكات، ئه‌مه‌یش دواى ئه‌و هێرشانه‌ دێت كه‌ له‌ ماوه‌ى سێ رۆژ له‌سه‌ر یه‌كتر ئێران كردیه‌ سه‌ر سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان.

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13ى ئه‌یلوول بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌ عه‌لى شه‌مخانى سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئیَران له‌ دیدارێكدا له‌ تاران داواى له‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كردووه‌، كار بۆ ده‌ركردنى ئه‌و هێزه‌ كوردییانه‌ى ئێران بكات كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستانن.

تا ئێستا هه‌ڵوێستى كازمى 
له‌سه‌ر داواكه‌ى ئێران روون نییه‌

 

ئاژانسى ته‌سنیمى ئێرانى ده‌قى قسه‌كه‌ى عه‌لى شه‌مخانى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ حزبه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان به‌ "تیرۆریست" ناو ده‌بات و ده‌ڵێ، "جموجۆڵیان زیاد بووه‌ و مایه‌ى نیگه‌رانین و ناسه‌قامگیرى ئه‌منى له‌ سنووره‌كانى نێوان عێراق و ئێران دروست ده‌كه‌ن و بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌وانه‌ چه‌ك بكرێن و یه‌كسه‌ر له‌ خاكى عێراق ده‌ربكرێن".

 جگه‌ له‌مه‌ هیچ زانیارییه‌كى تر له‌سه‌ر دۆسیه‌ى حزبه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌، كه‌چى وه‌ك پێشبینى ده‌كرا ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ دیداره‌كه‌ى كازمى و به‌رپرسانى ئێران باس بكرێت و به‌ڵام تا ئێستا هه‌ڵوێستى كازمى به‌ روونى له‌م دۆسیه‌یه‌ ده‌رنه‌كه‌وتووه‌.

مسته‌فا كازمى دوێنێ 12ى ئه‌یلوول گه‌یشته‌ تاران، رۆژێك به‌ر له‌سه‌ردانه‌كه‌ى كازمى ئاژانسى سپوتنیكى رووسى پێشبینى كرد بوو، یه‌كێك له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى مسته‌فا كازمى بۆ ئێران دۆسیه‌ى حزبه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان بێت ، چونكه‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ سوپاى پاسداران و هێزه‌كانى ئێران گوشار و هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ و هه‌رێمى كوردستان زیاد كردووه‌.

 رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو محه‌مه‌د پاكپوور به‌رپرسى هێزه‌ وشكانییه‌كانى سوپاى پاسداران رایگه‌یاند، ده‌بێت حزبه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربكرێت و هۆشداریشى به‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و عێراق دا له‌وه‌ى ئێران به‌ تووندى وه‌ڵامى ئه‌و هێزانه‌ ده‌داته‌وه‌. دوو رۆژ دواتر واته‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو به‌رپرسێكى تر به‌ ناوى محه‌مه‌د ته‌قى به‌رپرسى باره‌گاى حه‌مزه‌ له‌ سوپاى پاسداران گوتى، "ئێمه‌ چه‌ند جارێك داوامان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، كه‌ ده‌بێت ئه‌و هێزانه‌ ده‌ربكرێن". ئه‌ویش هاوشێوه‌ى پاكپوور هه‌ڕه‌شه‌ى به‌كارهێنانى هێزى كرد.

 رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو هێزه‌كانى ئێران بۆردومانى ناوچه‌ى باڵه‌كایه‌تى و سیده‌كانیان كرد. دواتر دوو رۆژى تر ئێران بۆردومانى ئه‌و ناوچانه‌ى كرد. هه‌ر چه‌نده‌ كاتێك به‌رپرسانى سوپاى پاسداران هه‌ڕه‌شه‌ى زاره‌كیان كرد، به‌رپرسانى حزبه‌كانى رۆژهه‌ڵات پێیانوایه‌ بوو ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى ئێران ته‌نیا بۆ دروستكردنى فشاره‌، كه‌چى بۆردومانى سێ رۆژه‌كه‌ سه‌رنجى میدیاكانى جیهانى راكێشا، به‌ لێدوانه‌كه‌ى شه‌مخانیش ده‌رده‌كه‌وێت ئێران له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانى مكوڕه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌ حزبه‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌كان قسه‌ى بۆ ماڵپه‌ڕى ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ كردووه‌ و ئاشكراى كردووه‌ بۆردومانى سێ رۆژه‌ى ئێران هیچ زیانێكى گیانى نه‌بووه‌ و به‌ڵام زیانێكى ماددى زۆرى هه‌بووه‌. ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌یش كردووه‌ به‌ درۆنه‌كان پێشتر ئێران چاودێرى ئه‌و ناوچانه‌ى كردووه‌.

 ماڵپه‌ڕى ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌وه‌ دووه‌مجاره‌ عه‌لى شه‌مخانى ئه‌و داوایه‌ بكات و پێشتریش له‌ مانگى ئابى رابردوو له‌ دیدارێكى له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق داواى ده‌ركردنى هێزه‌ كوردییه‌كانى كردبوو.

شه‌رق ئه‌وسه‌ت:
تاران پێشوازى له‌ كازمى ده‌كات و میلیشیاكانیشى بۆردومانى هه‌ولێر ده‌كه‌ن
 

وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت جیاواز له‌ جاره‌كانى پێشوو، ئه‌م جاره‌ دۆسیه‌ى هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى كازمى بۆ تاران ئاماده‌یه‌ و ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌كانیش ئه‌مڕۆ كه‌ باسى سه‌ردانه‌كه‌یان كردووه‌ ئاماژه‌یه‌كیان به‌ هه‌رێمى كوردستان و حزبه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان كردووه‌، له‌وانه‌ رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئه‌مڕۆ راپۆرتێكى له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ى كازمى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ ناونیشانه‌كه‌ى هاتووه‌، "تاران پێشوازى له‌ كازمى ده‌كات و میلیشیاكانیشى هه‌ولێر بۆردومان ده‌كه‌ن". 

شه‌رق ئه‌وسه‌ت باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و سه‌ردانه‌ى مسته‌فا كازمى چه‌ند كاتژمێرێك دواى هێرشه‌كه‌ى سه‌ربه‌ فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر بوو كه‌ به‌ دوو درۆن ئه‌نجام درا. رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ ئه‌و هێرشه‌یش دواى ئه‌وه‌ هات كه‌ قاسم ئه‌عره‌جى راوێژكارى ئاسایشى نیشتمانى عێراق رایگه‌یاندبوو، كه‌ ئاگربه‌ستیان له‌گه‌ڵ میلیشیاكان كردووه‌ به‌وه‌ى ماوه‌یه‌ك هێرشه‌كانیان راده‌گرن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین