هاووڵاتیانی ئێران بۆ ڤاكسین روو له‌ وڵاتان ده‌كه‌ن ئێران

نوچه‌نێت

دوای ئەوەی چەند وڵاتێک رایانگەیاند ئامادەن بێ بەرانبەر ڤاکسینی کۆرۆنا به‌ گەشتیاران بده‌ن، کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار لە ئێران دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی ریکلامی "گەشتی کوتانی ڤاکسین".

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا" بڵاوی کردەوە، زیاتر لە یەک ساڵە بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و داخرانی سنوورەکان و راوەستانی پێدانی پاسپۆرت و گرانبوونی تێکت، گەشتەکان بۆ دەرەوەی ئێران راوەستاون. 
لە لایەکی ترەوە، سەرەڕای ئەوەی چەند وڵاتێک، و لەوانە یەکێتی ئەوروپا بڕیاری کردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی سنوورەکان و رێگەدان بە چوونەناوەوەی ئەو گەشتیارانەیان داوە کە ڤاکسینیان کوتاوە، بەڵام هێشتا لە ئێران گەشتکردن بۆ دەرەوە دژوارە.

جگە لەوەی کە ئێران هێشتا یەکێکە لەو وڵاتانە کە مەترسی کۆرۆنای لەسەرە، یەکێتی ئەوروپا و چەندین وڵاتی تریش، لە ئێستادا تەنیا رێگای چوونە ناوەوە بەو گەشتیارانە دەدەن کە ئەو ڤاکسینانەیان کوتابێت کە کە رێکخراوی تەندروستی وڵاتەکانیان دانیان پێدانابێتن، واتە ڤاکسینی ڤایزەر/بیونتک، مۆدرێنا، ئەسترازینکا و جۆنسۆن ئەند جۆنسۆن کە بە گشتی لە ئێراندا دەست ناکەون.

سەرەڕای ئەوە، دەستپێکردنی کوتانی بێ بەرانبەری ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بۆ هاووڵاتیانی بیانی لە چەند وڵاتێک و لەوانە لە وڵاتی ئەرمینیا، بووەتە هۆی پەرەسەندی ریکلام و پڕۆپاگەندە بۆ "گەشتی کوتانی ڤاکسین" لە ئێراندا. بنکەی ئۆنلاینی ئوراسیانێت رایگەیاندووە ئەرمینیا زیاتر لە مانگێکە مۆڵەتی کوتانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، تەنانەت بۆ هاووڵاتیانی بیانیشی بە یەکێک لە ناوەندەکانی کوتانی ڤاکسین داوە و بە بێ ناونووسی پێشوەختە و بە شێوەی بێ بەرانبەر ڤاکسین دەکوتێت.

بەگوێرەی ئەو ماڵپەڕە کە هەواڵەکانی ناوچەی ئوراسیا دەگوازێتەوە، کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە شەقامی سەرەکی ئیروان، پایتەختی ئەرمینیا، لە وێستگەیەکدا ئەنجام دەدرێ کە لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتەدا چالاکی دەکات. بەگوێرەی ئەو ماڵپەڕە، زۆربەی ئەو کەسانەی سەردانی ئەو وێستگەیە دەکەن هاووڵاتیانی پۆلۆنیا، ئێران، رووسیا و چینن.

لە ئەرمینیا سێ ڤاکسینی ئەسترازینکا، سینوفارم و سپوتنیک دەکوترێن، گەرچی زۆربەی گەشتیارانی ئێرانی کە لەو ماوەیەدا سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە دەڵێن، ڤاکسینی ئەسترازینکایان کوتاوە.

لە لایەکی ترەوە، لەم دواییانەدا بەرپرسانی ئیمارات رایانگەیاندووە، بە بێ بەرانبەر ڤاکسین به‌ گه‌شتیاران ده‌ده‌ن. میدیاکانی ئیمارات باس لەوە دەکەن زیاتر لە ٨٠٪ی دانیشتوانی وڵاتەکەیان ڤاکسینیان وەرگرتووە.

رووسیایش یەکێتی ترە لەو وڵاتانە کە رایگەیاندووە ڤاکسین بۆ گەشتیاران دەکوتێت، بەڵام وەک ئەرمینیا و ئیمارات کوتانی ڤاکسین بێبەرانبەر نابێت و پێویستە بڕە پارەیەک بدەن.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین