ئه‌مریكا روونكردنه‌وه‌ به‌ ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش ده‌دات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

واشنتن لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تى رایگەیاندووە، ئامانجی ئەمریکا لە دوایین هێرشی ئاسمانی بۆ سەر میلیشیاکانی سەربە ئێران لە سووریا و عێراق، رێگریکردنه‌ لە هێرشی زیاتر بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە لایەن ئێران و میلیشیاکانى.

ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی حوزەیران، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوێنێ سێشەممە، لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، ئەو شوێنانەی کە لە سووریا و عێراق لە لایەن ئەمریکاوە کرانە ئامانج، سەر بە میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانن و مەبەست لەو هێرشە ئاسمانییە رێگریکردن لە هێرشی زیاتر بۆ سەر باڵەخانە و هێزەکانی ئەمریکا بووە.

ماددەی 51ی په‌یڕه‌وى رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەندامانی ئەو رێکخراوە هەر کردەیەک بە مەبەستی بەرگریکردن لە خۆیان لە بەرانبەر هێرشە سەربازییەکاندا ئەنجام بدەن، پێویستە خێرا 15 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی لێ ئاگادار بکەنەوە.

لیندا توماس گرینفیلد، نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتوویەتی، "لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکادا، دامەزراوە و بنکەکانی ئەو میلیشیانە کرانە ئامانج کە بەرپرسی ئەو هێرشانەن کە بە مووشەک و درۆن دەکرێنە سەر باڵەخانە و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق".

گرینفیلد لەو نامەیەدا کە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی ناردووە، نووسیویەتی، "ئەو کاردانەوە سەربازییە دوای ئەوە هات کە دەرکەوت، رێوشوێنە ناسەربازییەکان بۆ پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەکان و رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژیی و هێرشەکان، وەڵامدەرە نین".

هاوکات جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، نامەیەکی هاوشێوەی بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی ناردووە. بایدن لەو نامەیەدا نووسیویەتی، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیە هەر کات پێویست بێت، بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەکان یان هێرشەکان، ئۆپەراسیونی زیاتر ئەنجام بدات".

رۆژی دووشەممە  28ی حوزەیران، هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا کرانە ئامانجی هێرشی مووشەکی. بە گوتەی بەرپرسێکی سوپای ئەمریکا، لەو هێرشەدا 34 مووشەک بەرەو بنکەکانی ئەمریکا تەقێندران، بەڵام کوژراو و برینداری لێنەکەوتووە.

رەنگە ئەو هێرشە لە تۆڵەی هێرشی ئاسمانی رۆژی پێشووتری ئەمریکا لە سنوورەکانی سووریا و عێراق ئەنجام درابێت. ئەو هێرشە بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، ئەنجام درا.

لە کاتێکدا هێزە سەربازییەکانی عێراق و ئەمریکا لە نزیکەوە پێکەوە هاوکاریی دەکەن و سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەی هێزەکانی داعش لە عێراقن، حکومەت و سوپای عێراق سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیان کردووە.
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین