داوا له‌ رێكخراوێكى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كرێت سه‌ركۆنه‌ى ئێران بكات ئێران

نوچه‌نێت

بنەماڵەی قوربانییانی گەشتی هێڵی ئاسمانی ئۆکرانیا، رۆژی چوارشەممە لە بەرانبەر بنکەی رێکخراوی فڕۆکەوانی نێودەوڵەتی (ئیکائۆ)، کۆ بوونەوە و داوایان له‌و رێكخراوه‌ كرد سه‌ركۆنه‌ى ئێران بكات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە یه‌كی تەمووز، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، ئەو بنەماڵانە دەڵێن داوا لە ئەنجومەنی ئیکائۆ (ICAO) کە سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە دەکەن، سەرکۆنەی کۆماری ئیسلامیی بکات، بە هۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢ی هێڵی ئاسمانی ئۆکرانیا لە رۆژی هه‌شتی شوباتی ٢٠٢٠دا.

ئەو ئەنجومەنە لە تویتێکدا نووسی: "بنەماڵە و هاوڕێیانی قوربانییانی گەشتی پی ئێس ٧٥٢ لە هەڵوێستنەگرتن و کەمترخەمی ئیکائۆ لە ماوەی ١٨ مانگی رابردوودا ناڕازین. لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامیی بە خستنەخوارەوەی گەشتی ٧٥٢ بە جددی یاسا نێودەوڵەتییەکانی فڕۆكه‌وانى پێشێل کردووە، ئیکائۆ ئەو کردەیە ئیدانە نەکردووە".

ئیکائۆ وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو کۆبوونەوە، تەنیا لە تویتێکدا نووسی: "ئیکائۆ دەیەوێت جارێکی تر سوپاسی ئەنجومەنی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی گەشتی پی ئێس ٧٥٢ بکات بە بۆنەی نوێنەرایەتیکردنی چالاکانەی قوربانیانی ئەو رووداوە کارەساتبارە".

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی دەڵێن هەڵەی مرۆیی بووەتە هۆی کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیه‌ و تەنیا چەند کەسیان بە کەمتەرخەمی، پشتگوێخستنی رێنوێنییەکان و جێبەجێنەکردنی یاسا و رێساکان تۆمەتبار کردووە و تەنیا یەک کەسیشیان دەستبەسەر کردووە.

بە پێچەوانەوە، ٢٧ کەس لە ناڕازییانی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە و کەسوکاری قوربانییانان دەستبەسەر و زیندانی کردووە و چەند کەسیانی ئەشکەنجە داوە.  حکومەتی کەنەدا رۆژی ٢٤ی حوزەیران لە راپۆرتێکدا گوتی، خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٠ لە ئاسمانی تاراندا، بە هۆی کەمتەرخەمی، لێنەهاتوویی و رێزنەگرتن لە گیانی مرۆڤەکان لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بووە.

تیمێک لە پزیشکی دادى کەنەدا کە بەرپرسی لێکۆڵینەوە دەربارەی بەڵگە و زانیارییەکان، و لەوانە زانیارییە نهێنییەکان دەربارەی کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە بوون، رایگەیاند: دەستی بە بەڵگەیەک نەگەیشتووە کە دەری بخات بەرپرسانی ئێران فەرمانی تەقەکردن لەو فڕۆکەیانە دابێت یان پێشتر پلانیان بۆ داڕشتبێت".

سەرەڕای ئەوە، ئەو تیمە لە راپۆرتەکەی خۆیدا نووسی: "ئەوە هەرگیز بە واتای پاکانەکردن بۆ کۆماری ئیسلامیی و بەرپرسیارنەزانینی لە بەرانبەر مەرگی ١٧٦ مرۆڤدا نییە".

ئەنجومەنی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی فڕۆکەی پی ئێس ٧٥٢ لە راگەیێندراوێکدا، لە بڵاوکردنەوەی راپۆرتی تیمی لێکۆڵینەوەی کەنەدا پێشوازی کرد، بەڵام گوتی بە هۆی دەسپێڕانەگەیشتنی لێکۆڵەرانی کەنەدا بە بەڵگەکان لە ئێران، ئەو راپۆرتە کەموکۆڕی تێدایە.

عومەر غەبرا، وەزیری گواستنەوەی کەنەدا رۆژی ١٩ی حوزەیران لە لێدوانێکدا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئیکائۆ، سەرکۆنەی ئێرانی کرد. غەبرا گوتی: "دەمەوێت راشکاوانە و بە توندی ئیدانەی کۆماری ئیسلامیی بکەم بە هۆی ئەو کردەوانەی کە بووە هۆی کوشتنی ١٧٦ مرۆڤی بێتاوان و جۆری کاردانەوەی لە بەرامبەر ئەو کارەساتە و خۆدزینەوەی لە بەرپرسیاریەتی".

ئەو فڕۆکەیە کە زۆرێک لە سەرنشینەکانی بەرەو کەنەدا دەچوون، رۆژی هه‌شتی شوباتی ٢٠٢٠، بە دوو مووشەکی سوپای پاسداران کەوتە خوارەوە.

بەرپرسانی ئێران، کە چەند کاتژمێر پێشتر، وێڕای ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە هێرشی مووشەکییان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجام دابوو، تا سێ رۆژ دوای ئەوە، بە درۆ دەیانگوت، فڕۆکەکە بە هۆی "کێشەی تەکنیکی" کەوتووەتە خوارەوە.


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین