ئێران ئازاری بنەماڵەی کوژراوانی فڕۆکە ئۆکرانییەکە دەدات ئێران

نوچه‌نێت

دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران گوشاریان خستووەتە سەر چەند بنەماڵەیەکی کوژراوانی فڕۆکە گەشتییە ئۆکرانییەکە بۆ ئەوەی لە دیمانەی تەلەڤزیونیدا ئامادە بن و نکۆڵی لەو گوشارانە بکەن کە لەسەریانە.

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢١، تۆڕی میدیایی "ئێران ئێنتەرنەشنال" بڵاوی کردەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار گوتوویەتی لە ڕۆژانی ڕابردوودا کارمەندانی دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران لەگەڵ چەند بنەماڵەیەکی قوربانیانی فڕۆکە ئۆکرانییەکە پەیوەندییان گرتووە و داوایان لێکردوون ئەو ڕاپۆرتانە کە بڵاو بوونەتەوە و باس لەوە دەکەن کە حکومەتی ئێران ئەشکەنجەیان دەدات و گوشاریان دەخاتە سەر بۆ ئەوەی لە بەرانبەر کامێرەکانی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا قسە بکەن، ڕەت بکەنەوە.

کارمەندانی دامودەزگا ئەمنییەکانی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات [دەزگای هه‌واڵگریی] هەروەها داوایان لەو بنەماڵانە کردووە لە دیمانەیەکدا بەشدار بن و دان بەوەدا بنەن کە ڕاپۆڕتە بڵاوکراوەکانی میدیاکانی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە بارودۆخی کەسوکاری قوربانیان چەواشەکارین و ڕاست نین.

ئێران داوا له‌ كه‌سوكارى قوربانیان 
ده‌كات هاوكارى ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى بكه‌ن

 

هەندێ لە ئەندامانی ئەو بنەماڵانە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کراون و کاتێ سەردانیان کردووە، ئەشکەنجە دراون. 
لەم دواییانەدا ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکی تێر وتەسەلدا ڕایگەیاند بنەماڵەی کوژراوانی فڕۆکە ئۆکرانییەکە کە بە مووشەکی سوپای پاسداران کەوتە خوارەوە، لە ١٦ مانگی ڕابردوودا بەردەوام لەژێر گوشاری دەروونی دامودەزگا ئەمنییەکان و گوشاری دەزگای دادی ئێراندا بوون. 
چەند بنەماڵەیەکی تریش دوای بانگهێشتکردنیان ئاگادار کرانەوە کە چەندین سکاڵا لە دژیان تۆمار کراوە و داوایان لێ کراوە بۆ ئەوەی پەروەندەکانیان قورستر نەبن بێدەنگ بن و لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەکاندا هاوکاری بکەن. 
پێشتریش چەندین ڕاپۆرت سەبارەت بە بانگهێشتکردن، هەڕەشەکردن و ئەشکەنجەدانی هەندێ لە بنەماڵەکان بڵاو کرابوونەوە. 
بنەماڵەی قوربانیان کە داواکارییەکانیان بۆ لێپرسینەوەی دادگا و ناساندنی ئەو بەرپرسانەی لە کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیەدا دەستیان هەبووە، بێ وەڵام ماوەتەوە، داوای دادگاییکردنی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوە و ئەمیر عەلی حاجی زادە فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران دەکەن. 
ئۆکرانیا، کەنەدا و هەروەها ڕاپۆرتێرانی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ئێران بۆ یەکلاکردنەوە و ڕوونکردنەوەی پەروەندەی تەقاندنی مووشەک بۆ ئەو فڕۆکەیە هاوکاری نەکردووە و ئەو زانیاریانەی کە ڕادەستیان دەکات بۆ چەواشەکارین. 
٨ی شوباتی ٢٠٢٠ فڕۆکەیەکی گەشتی بۆینگ ٧٣٧ی کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئۆکرانیا بە ١٦٧ گه‌شتیار و ٩ کارمەندەوە، چەند کاتژمێرێک دوای هێرشی مووشەکی ئێران بۆ بنکەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق و ماوەیەکی کۆرت دوای فڕینی ئەو فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی تاران، لانیکەم بە دوو مووشەکی سیستەمی بەرگری هێزەکانی سوپای پاسداران کرایە ئامانج و کەوتە خوارەوە.
جێگری بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەنادووە، سوپای پاسداران بە بێ ئەوەی هیچ بەرپرسیاریەتییەک لە ئەستۆ بگرێت ١٧٦ کەسی کوشتووە و ئێستا دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماریی ئیسلامی ئازار و ئەشکەنجەی ئەندامانی بنەماڵەی قوربانیان دەدەن.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین