ئایا ئه‌مریكا ده‌توانێ چین و رووسیا له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست راوه‌ستێنێ؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ناکرێ بابەتی پاشەکشەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەها لێکبدەینەوە کە بۆ رێکخستنەوەی سەنگەربەندییە، یان ئەوەی ئیدی پێویستی بە مانەوەی نییە لەم ناوچەیە، لەبەر ئەوەی گوایە ئیدی ئەم ناوچەیە گرنگیی خۆی لەدەست داوە، چونکە ئەم ناوچەیە خاوەنی سامانێکی زۆر و زەوەند و پێگەیەکی جیۆ-ستراتیجیی ئەوتۆیە کە ئاستەمە چۆڵکردنی قەرەبوو بکرێتەوە.

کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بێ ئامادەسازییەکی شایستە، شکۆی ئەمریکا دەشکێنێت، بە تایبەت کە کشانەوەکە هاوکاتە لەگەڵ پەلکێشانی تاڵیبان و دەستبەسەرداگرتنی رووبەرێکی فراوانی وڵات.

کشانەوەکەی ئەمریکا لە ئەفغانستان هاوکاتە لەگەڵ کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق و ناوچەی کەنداو، هەروەها هاوکاتە لەگەڵ رووبەڕووبوون لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها هاوکاتیشە لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی یەمەن و هەوڵی رێککەوتن لەگەڵ ئێران.

ئیدی ویلایەتە یەکگرتووەکان توانای نەماوە لە چەندین ناوچەی جیهاندا خەریک بێت بە پێکدادان و جەنگی خوێناویی درێژخایەن

 

ئیدی ویلایەتە یەکگرتووەکان توانای نەماوە لە چەندین ناوچەی جیهاندا خەریک بێت بە پێکدادان و جەنگی خوێناویی درێژخایەنی بێ ئەنجامەوە، بگرە بەهۆی ئەم کردەوانەوە هەم تووشی گرفتی زۆر بووە و هەم تێچووی زۆریان هەبووە، زۆریش ئەمریکایان ماندوو کردووە، ئەوە لەکاتێکدا کە چین و رووسیا بوونەتە مەترسیی هەرە گەورە لەسەر پایەی ویلایەتە یەکگرتووەکان.

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە: ئایا ئەمریکا بە کام رێگا دەتوانێت ئەم دوو هێزە گەورەیە لە قاڵب بدات؟ ئایا پشت دەبەستێت بە خستنەگەڕی ئەم هێزە پاشەکشە پێکردووانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی، لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و دەریای چیندا؟

ئایا پێشبینی ئەوە دەکرێت ئەمریکا بە هێزی سەربازی رووبەڕووی چین و رووسیا ببێتەوە؟ ئەمریکایەک کە خۆی دوور دەخاتەوە لە شەڕکردن لە بەرانبەر هێزگەلێکی نا نیزامی و کەمچەک لە عێراق و ئەفغانستان، بڵێی بیەوێت بەرانبەر رووسیا و چین بکەوێتە جەنگ و ئەوەی لە عێراق و ئەفغانستان بۆی بەدەست نەهات بیەوێ لەو دوو وڵاتە زلهێزە بەدەستی بهێنێت؟ وەڵامەکە بێگومان نەخێرە.

پرسیارێکی دیکە ئەوەیە ئایا بە گەمارۆدانان لەسەر رووسیا و چین هیچی ئەوتۆی دەستدەکەوێت؟ بۆ ئەمەش نموونەی ئێرانمان هەیە کە سزای تاقەتپڕوکێن و درێژخایەنی بەسەردا سەپاند و کەچی ئامانجی خۆی نەپێکا؟ نەک ئەوە بەڵکو بەهۆی ئەم گەمارۆیانەوە ئێران پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ چین و رووسیا پتەوکرد و نیمچە هاوپەیمانێتییەکی سەربازی و سیاسی و ئابووریشی لەگەڵ پێکهێنان.

هەروەک سەپاندنی سزاکان بەسەر سووریاشدا بێ ئەنجام بووە و پاڵی بە سووریاوە ناوە زیاتر مل بنێ بەرەو رۆژهەڵات و بەستنی گرێبەستی ئابووری لەگەڵ هەریەکە لە چین، رووسیا و ئێران، لە لوبنانیش تەنانەت فشارە ئابوورییەکان نەیانتوانیوە هاوکێشەی هێزەکان بگۆڕن.

کەواتە ئایا سەپاندنی سزا بەسەر دوو هێزی مەزنی وەکو رووسیا و چیندا دەتوانێت بەرهەم بدات؟ سەختە وەڵامی ئەمە بە بەڵێ وەربگرین! چونکە هەر سزدانێکی چین کاری نەرێنی لە خودی ئەمریکاش دەکات، هەروەک چونکە چین ناوچەی پیشه‌سازیی جیهانە، مەحاڵە بتوانرێت رۆڵی پشتگوێ بخرێت یان جێگرەوەی بۆ پەیدا ببێت لە ماوەی نزیکی داهاتوو.

هەروەک رووسیاش ٤٠٪ی پێداویستیی وزەی ئەوروپا دابین دەکات و ئەوەندەی نەماوە هێڵی گواستنەوەی گازیی دووەم لەگەڵ ئەڵمانیا بکاتەوە. هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا چەندین سزای ئابووری، سیاسی و مێدیاییان خستە سەر رووسیا و ئەنجامی ئەوتۆش بەدەستەوە نەهات.

تەنانەت کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیاش لەوەدا شکستی هێنا لە چارەسەری تەواوەتی ئەو قەیرانە زۆر و ئاڵۆزانەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەن، بە تایبەت لە ئۆکرانیا و سووریا.

بۆ یەکەمجاریشە سەرۆک پوتین هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات دژ بە پەیمانی ناتۆ ئەگەر ئەوان بەرەو سنوورەکانی رووسیا پەلبهاوێن، ئەوەش تووندترین هەڕەشەی رووسیایە دژ بە کۆکردنەوەی هێزەکانی ناتۆ لە نزیک ئۆکرانیا و بیلاڕووسیا.

کاتێکیش کەشتیی جەنگیی بەریتانی لە نیوەدورگەی کریمیای دەریای رەش نزیکبووەوە، فڕۆکە جەنگییە رووسییەکان بەسەریاندا سووڕانەوە، ناچار کەشتییە جەنگییە بەریتانییەکە بە خێرایی ناوچەکەی چۆڵ کرد، بە تایبەت کە فڕۆکە رووسییەکان تەقەی هۆشدارییان ئاراستە کرد!

لە بابەتی سووریاشدا، پوتین مەرجی دانا کە لە بەرانبەر گەیاندنی هاریکاری بە ناوچەی ئیدلیبی ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارییەکانی سووریادا، دەبێت سەروەریی سووریا بسەپێنرێت بەسەر کێڵگەکانی نەوت و گازی سروشتی لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵات و هەروەها هەڵگرتنی سزاکانی سەر حکومەتی سووریا. پوتین دەڵێت چۆن دەبێت لەلایەکەوە هاریکاری مرۆیی بگەیەنرێتە ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارییەکان، کەچی لەو لاوە گەمارۆی ئابوری بسەپێنرێت بەسەر خەڵکی سووریادا.

ئەوەش کە لە کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان بایدن و پوتیندا نە کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی هاوبەش هەبوو نە راگەینێدراوی فەرمی، ئاماژەی ئەوەیە شکستیان هێناوە لە گەیشتن بە دەرەنجامێکی روون، هەروەها ئاماژەیە بە بەردەوامیی گرژیی و هەڵچوونەکان بەبێ هەبوونی ئاسۆیەکی چارەسەر لە رێگای گفتوگۆ، هەڕەشەی سەربازی یاخود سزای ئابوورییەوە.

ئەوەی روونە ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پشت دەبەستێت بە هێزى نه‌رم "سۆفت پاوەر" بۆ دانانی فشاری سیاسی و مێدیایی لەسەر بەرامبەرەکانی، هەروەها رەواجدان بەوەی ناوی ناوە بەها دیموکراسییەکانی ئەمریکا، ئەوە جگە لە بەکارهێنانی کارتی هۆنگ کۆنگ و تایوان و ئیگۆرەکانی چین، هەروەها له‌ رووسیاش کارتی ئەلێکسی ناڤالنی بەرهەڵستکار و وروژاندنی هەندێک نائارامی لەناو رووسیا، بەڵام ئەمانە بۆ ئه‌مریكا ئەنجامی گەورە نادەن بەدەستەوە.

بۆیە کشانەوەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشانەی ئەوەیە کە ئیدی ئەمریکا توانای بەردەوامیدان بەم هەموو رووبەڕووبوونەوانەی نەماوە و دواجار ئەم پاشەکشەیە دەبێتەهۆی بەهێزکردنی دژبەرانی ئەمریکا و نیگەرانکردنی هاوپەیمانانی ئەمریکا.

سه‌رچاوه‌: ئه‌هرام

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین