تەنگژەکەی دەریای رەش چەندە هاوشێوەی تەنگژە مووشەکییەکی کووبایە؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

گرژییە سەربازییەکانی دەریای رەش هەر لە دەوروبەری نیوەدورگەی کریمیاوە دەگوزەرێن، نیوە دورگەیەک کە رووسیا داگیری کرد و خستییە ناو سنووری خۆی، بەڵام ئەمریکا و بەرەی رۆژئاوا رەتیدەکەنەوە دان بەوەدا بنێن ئەوە خاکی رووسیایە و دەڵێن کریمیا داگیرکراوە.

ئەوە بوو کاتێک رووسیا ناڕەزایی دەربڕی لەسەر ئەوەی کەشتیی جەنگیی (دیفێندەر)ی بەریتانیا سنوورە ئاویەکی دەوڵەتی رووسیای بەزاندووە و گەیشتووەتە نزیک کریمیا، بەریتانیا وەڵامی دایەوە و وتی کەشتییە بەریتانییەکە لە هەرێمی ئاویی ئۆکرانیادا بووە نەک رووسیا، چونکە بەریتانیا دان بەوەدا نانێت کە کریمیا خاکی رووسیایە. رووادوەکەش لە چوارچێوەی مانۆڕێکی سەربازیدا بوو بە بەشداریی ئۆکرانیا و وڵاتانی پەیمانی ناتۆ کە مۆسکۆ وەکو هەڕه‌شەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ئاساییشی خۆی هەژماری دەکات و تەنانەت ئاماژەشی کرد کە ئەگەری وەڵامدانەوە بە چەکی ئەتۆمییش هەیە و نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە پتەوکردنی هێزەکانی ناتۆ لە ناوچەکانی نزیک بە سنووری رووسیا، ئەمەش تەنگژەی مووشەکیی کووبامان بیردێنێتەوە کە لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو لەنێوان ئەمریکا و سۆڤیەت روویدا و ئەوەندەی نەمابوو سەربکێشێت بۆ جەنگی ئەتۆمی!

ئەوەی لە دەریای ره‌ش روویدا لەوانەیە تاقیکردنەوەی رۆژئاوا بێت بۆ زانینی توانای رووسیا

 

هەراسانکردن بوو یان تەنیا تاقیکردنەوەی هەڵویستی رووسیا؟

سەرۆکی  رووسیا وردەکاریی ئەم گرژییەی نێوان وڵاتەکەی و وڵاتانی رۆژئاوای بەمجۆرە روونکردەوە "کەشتییە جەنگییە بەریتانییەکە و فڕۆکە هەواڵگرییە ئەمریکییەکە هەوڵیان دا توانای سیستمی بەرگریی رووسیا تاقی بکەنەوە، کارەکەشیان بە هەماهەنگی و هاوبەشی ئەنجام دا، ئامانجیان ئەوە بوو بزانن رووسیا چی دەکات ئەگەر سنوورە ئاوییەکانی ببەزێنرێن. کەشتیە جەنگییەکە بە رۆژدا هات و پێشتر فڕۆکەیەکی هەواڵگریی ئەمریکی نێردرابوو، کە لە دوورگەی کریت-ەوە هاتبوو، فڕۆکەکە چاودێریی ئەوەی دەکرد بزانێت چۆن رووسیا مامەڵە لەگەڵ کەشتییە جەنگییەکە دەکات، تەماشایان دەکر کە فڵان ئامێر کەی دەستبەکاردەبێت و ئەوەی دیکەیان چۆن دەکەوێتە کار، چۆن ئامرازەکان کار دەکەن و ئەرکیان چییە؟".

ڕەتکردنەوە لەلایەن بەریتانیاوە

بەریتانیا تۆمەتەکانی پوتینی رەتکردەوە و وتی: کەشتییکە خەریکی جموجوڵیکی ئاسایی بوو لە ئاوی نێودەوڵەتیی نزیک کەناراوەکانی کریمیا، بەریتانیاش دان بەوەدا نانێت کە کریمیا بەشێکە لە خاکی رووسیا و بۆیە وای دادەنێ کەشتییەکە لە سنووری ئاویی ئۆکرانیادا بووە و کەشتیەکەش لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا هەڵسوکەوتی کردووە.

تەنگژەی مووشەکەکانی کووبا


ڕووداوەکانی دەریای رەش و هەڕەشەی رووسیا بە وەڵامدانەوەی ئەتۆمی، تەنگژەی مووشەکیی کووبامان بیردێنێتەوە کە لە تووندترین رووبەڕووبوونەوەکانی سەردەمی جەنگی سارد بوو.ڕیشەی ئەو تەنگژەەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە لە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٦١ مووشەکی ئەتۆمیی لە هەریەکە لە ئیتاڵیا و تورکیا بڵاوکردەوە و لە ١٩٥٨یش مووشەکی ئەتۆمیی لە بەریتانیا جێگیرکردبوو، هەموو ئەوانەش پلانێک بوون کە لە چوارچێوەیاندا وڵاتانی ڕۆژئاوا دەیانتوانی بە ١٠٠ مووشەکی ئەتۆمی لە مۆسکۆ بدەن! لە بەرانبەردا کاتێک هەوڵی ئەمریکا بۆ رووخاندنی رژێمی فیدڵ کاسترۆ و داگیرکردنی کووبا لە ئۆپراسیۆنی کەنداوی بەرازەکان شکستی هێنا، رووسیا دەستێوەردانی کرد بۆ هێنانی مووشەکی مەودامامناوەند کە دەیانتوانی لە کووباوە بە ئاسانی زۆرینەی خاکی ئەمریکا مووشەکباران بکەن.

لە کاردانەوەی ئەمەدا ئیدارەی جۆن کەنەدیی سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کرد گەمارۆ بخرێتە سەر کووبا و داواشیکرد بە زوویی بنکە رووسییەکان و مووشەکەکانیان لە کووبا لاببرێن، لە وەڵامدا خرۆشۆڤی سەرۆکی سۆڤیەت بە راشکاوی ئەم داوایەی ئەمریکای ڕەتکردەوە.

دواتر بە ناوبژیوانیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەردوولا گەیشتنە ڕێککەوتنێک کە بەو پێیە سۆڤیەت مووشەکەکانی لە کووبا کشاندەوە، لە بەرانبەردا کەنەدی بەڵینی دا کووبا داگیر نەکات، دوای ساڵێکیش ئەمریکا چەکەکانی خۆی لە تورکیا نەهێشت.

تەنگژەی کووبا تاقیکردنەوە بوو یان تەمێکردن؟

لەماوەی تەنگژەی مووشەکیی کووبادا خەڵکی لە بارێکی پڕ ترس و لەرزدا دەژیان و ڕۆژانێکی سەخت و ئاڵۆزیان تێدا بەڕیکرد، لە ترسی ئەوەی ببێتەهۆی جەنگێکی ئەتۆمی کە هەموو جیهان بگرێتەوە.

لێکچوون هەیە لەنێوان ئەو تەنگژەیە و تەنگژەکەی دەریای رەشدا. لە یەکەمیاندا سۆڤیەت رووبەڕووبوونەوەکەی گواستەوە بۆ کووبای دراوسێی ئەمریکا، لە تەنگژەکەی دەریای رەشیشدا بەریتانیا و ئەمریکا رووبەڕووبوونەوەکەیان گواستەوە بۆ ئۆکرانیای هاوسێی رووسیا!

ئەوەی لە دەریای ره‌ش روویدا لەوانەیە باڵۆنی تاقیکردنەوەی رۆژئاوا بێت بۆ زانینی توانای رووسیا لە بەرانبەر رۆژئاوا. تەنگژەی کووبا هێزی ئەمریکای دەرخست، لە تەنگژەی کریمیاش هەماهەنگیی ئەمریکا و بەریتانیا وەکو کردەیەکی تەمێکردن بوو بۆ رووسیا، هەروەک یەکەم لێکەوتەی کردەیی پەیماننامەی نوێی ناتۆ بوو لەنێوان بەریتانیا و ئەمریکا.

سه‌رچاوه‌ : الرایة
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین