بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و کاریگەرییەکانی لەسەر گه‌شه‌ى ئابووری جیهان شیکاری ئابوری

نوچەنێت

کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوی نرخی نەوت، لەسەردەمی دوای پەتای کۆرۆنا، گۆرانکاری لە ئاستی گەشەی ئابووری جیهان دروستکردووە، ئەمەیش بۆتە هۆی ئەوەی روانین و پێشبینی جودا لە لایان پسپۆڕانی ئابووری دروست بکات

 

بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی نەوت لە 6 ساڵی رابردوودا کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر گەشەی ئابووری جیهان جێهێشتووە، بە تایبەت لە دوای لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر بازارەکانی نرخی نەوت و شۆکە زیانمەندەکانی ئەو ڤایرۆسە لەسەر نرخەکانی وزە بە گشتی.

هاوکات ڕێکنەکەوتنی ئەندامانی ئۆپێک پلەس لە دواین کۆبوونەوەیدا، بۆتە هۆی دروستبوونی نادڵنیای لەسەر داهاتووی نرخەکانی نەوت و ڕووبەرووبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهانی بە شۆکێکی تری قەیرانی نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی وزەدا. ئەمەیش بۆتە هۆی لێکدانەوە و شرۆڤەی جودا لە زمانی و قەڵەمی شارەزایانی بواری وزەو پەرەپیدانی ئابووری لە جیهاندا. بەجۆرێک دوو دیدگا و پێشهاتی جودا لە بارەی داهاتووی گەشەی ئابووری، ڕۆژنامە ناوەندە لێکۆڵینەوەکانی تەنیوە و دابەس بوون بەسەر دوو بەرە:

بەرەی یەکەم: شرۆڤەکارانی بەرەی یەکەم پێیان وایە، هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، دووبارە بوژانەوەی گەشەی بازارەکانە دوای پەتای کۆرۆنا، ئەمەیش بۆتە هۆی زیادبوونی خواست و بەکاربردنی زیاتری نەوت لە لایان وڵاتانی ئابووری پێشکەوتوو، لە ئەنجامدا نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە.

بەرەی دووەم : زیادبوونی خواستی بەردەوام و گەشەکردنی بەو شێوەیەو وبەردەوامبوونی دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاستی هەڵئاوسان و زیانی کوشندە لە گەشەی ئابووری جیهانیدا.

تێربوونی نرخەکانی نەوت

پسپۆڕ و شرۆڤەکارانی ئابووری لە بارەی گەشەی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی  دوای لێکەوتەکانی کۆرۆنا دەڵین" بەرزبوونەوەی ئەم دواییەی نرخی نەوت، کاریگەریێکی ئەوتۆ لەسەر گەشەی ئابووری جیهانی دروست ناکات، هاوکات دووبارە بوژانەوە وگەشەی ئابووری وڵاتانی ئابووری پێشکەوتوو و زیادبونوی ئاستی بەکاربردن، پێکەوە بەرگەی ئەو بەرزبوونەوەیە دەگرن و نابێتە هۆی لێکەوتەی زیانبەخش بۆ گەشەی ئابووری جیهانی"

هەروەها ناوەندی Morgan Stanley پێشبینی دەکات ئەگەر لە ساڵی داهاتوودا نرخی نەوت بگات بە 75 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەوا گەشەی ئابووری جیهانی بە ڕێژەی ٪2.8  گەشە دەکات، بەلام سەرەڕای ئەو ڕێژەیە، گەشەی ئابووری ناگات بە بڕی ستاندار ی گەشەی ئابووری کە ٪3.2ــە.

سەبارەت بە پێشبینییەکانی بانکی ئەمریکا، گەیشتنی نرخی نەوت بە 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەوا ئابووری جیهان گەشەیەکی دوور مەودا بە خۆیەوە دەبینێت، بە هەمان شێوەی ساڵی 2005، وڵاتە ئابوورییە پێشکەوتووەکان توانای خۆراگرتنیان بەرامبەر بە ئەو بەرزبوونەیەوە دەبێت و لە دەرئەنجامدا ئابووری جیهان گەشە دەکات.

بەڵام جیاوازتر لە پێشبینی ناوەندە جیهانییەکان، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات، لە ساڵی داهاتوودا ئابووری جیهان بە ڕێژەی ٪6 گەشە بکات، ئەمەیش بەهێزترین و خێراترین گەشەیە لە چوار دەیەیی ڕابردوودا.

بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا لە نیۆرک،  هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ زیادبوونی خواست و کەمبوونەوەی ئاستی خستنەروو دەگەڕێنێتەوە، ئەمەیش هۆکار بووە لە پاڵپشتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ گەشەیەکەی نەرمی ئابووری جیهانی.

بە واتایەکی تر، هۆکاری کەمی کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەسەر ئابووری جیهان، خۆبەندە بە کەمی بەکاربردنی نەوت لە کەرتی خزمەتگوازری بەراورد بە کەرتە پیشەسازییە قورسەکان لە پێنچ ساڵی ڕابردوودا.

لە مێژووی سەدەیەک کاریگەریەکانی نرخی نەوت بۆسەر ئابووری وڵاتان، هەر بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەیەکی نرخی نەوت کاریگەری جودای لەسەر گەشەی ئابووری وڵاتان دەبێت، بە نموونە:

ئەمریکا

بە گوێرەی دواین راپۆرتی ئاژانسی وزەی ئەمریکی، هەر دۆلارێکی خەرجکراو لە لایان هاوڵاتیانی ئەمریکی لە 35 ساڵی رابڕوودا، نیو دۆلاری بۆ بەکاربردنی بەرهەمە نەوتییەکان بووە، بەڵام پەتای کۆرۆنا بووە هۆی پاشکەوتکردنی ئەو برە پارەیە لە لایان دانیشتووانی ئەمریکاوە، بۆیە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەنزین، نابێتە هۆی دروستکردنی کاریگەریەکی ئەوتۆ لەسەر داهاتی تاکەسی خەڵکی ئەمریکا و گەشەی ئابووریان.

لە هەمانکاتدا، بارودۆخی ئابووری ئێستای کەرتی وزەی ئەمریکا، جودایە بەراورد بە دەییەکانی رابردوو، چونکە لە ئێستادا ئەمریکا وەک بەرهەمهێنی سەرەکی ویەکەمە لەسەر ئاستی جیهاندا، جگە لەوەی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاو زیادکردنی کاری گەڕان و دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوتی لە ئەمریکادا، بۆتە هۆی ئەوەی ئەمریکا لە هاوردەکاری سەرەکییەوە ببێتب هەناردەکار، ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت، بەرزبوونەوەکانی نرخی نەوت لە قازانجی کۆمپانییایە ئەمریککیەکان دەبێت.

ئەورووپا

ئابووری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا بەوە دەناسرێن، کە هاوردەکاری سەرەکی وزەی وڵاتانن، ئەمەیش بۆتە هۆی ئەوەی هەر بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەیەک لە نرخی نەوت و ڕوودانی هەر قەیرانێکی وزە، مەترسی لەسەر ئاسایسی وزەی ئەو کیشوەرە دروست بکات، بەڵام بەراورد بە ساڵی 2004، ئەم هاوکێشەیە تا ئاستێک پێچەوانەوە بۆتەوە. پشتبەستی یەکێتی ئەورووپا بە وزەی جێگرەوە، ئاستی بەکاربردنی ئەورووپای بە نەوتی خاو کەمتر کردۆتەوە، بە نموونە، لە ساڵی 2021ــدا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لەو وزەی جێگرەوە بۆ ٪20 بەرزبۆتەوە، بەراورد بە ساڵی 2004 کە تەنیا ٪9.6 بووە.

ئەم گۆرانکارییەی پیشەسازی وزەی جێگرەوە لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا، فاکتەری سەرەکین لە پێشبینیەکانی شرۆڤەکاران و دارێژەرانی سیاسەتی ئەو وڵاتانە، بۆ هەڵکشانی گەشەی ئابووری بە ڕێژیەکی بەرچاو. پێشبینیە تازەکان ئەوە دەخنە روو، تا کۆتایی 2021، گەشەی ئابووری وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بە رێژەی ٪4.2 بۆ ٪4.8 گەشە بکات، ئەمەیش بە واتایی گەرانەوەی بارودۆخی ئابووری یەکێتی ئەورووپا دێت بۆ پێش سەردەمی کۆرۆنا.

هاوکات ئەگەر نرخی نەوت بە تێكراییی 68.9 دۆلار بۆ هەر بەرمیلیک جێگر ببێت، ئەوا گەشەی ئابووری لە بوژانەوە بەردەوام دەبێت.

چین

جیاوازتر لە ئابووری سەرجەم وڵاتانی جیهان، گەشەی ئابووری چین، وێڕای لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا بۆ سەر بازارەکان بەرێژەی ٪8 بەرز دەبێتەوە، لەو بارەیەوە، بانکی وەبەرهێنانی فەرەنسایی دەڵیت" هەر بەرزبوونەوەیکی نرخی نەوت، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاییەکانی تر و ئاستی هاوردەکردن، بەڵام ئەگەر هاتوو ڕێژەی خۆ بژێوی ئەو وڵاتە پشبەست بێت بە بەرهەمی ناوخۆیی، ئەوا بەربوونەوەی نرخی نەوت کەمتر کاریگەری دروست دەکات".

 ئەم هاوکێشەیە بۆ وڵاتێکی وەک چین کە خاوەن دووەم زلهێزتری ئابووری جیهان و هەناردەکاری یەکەمی جیهانە لە رووی پیشەسازی و بازرگانییەوە، بە روونی دەریدەخات کە بۆ پرکردنەوەی خواستی ناوخۆیی پشت بە بەرهەمی ناوخۆی دەبەستێت.

لە دەرئەنجامی ئەو هاوکێشەیە، وڵاتی چین جگە لەوەی کە هاوردەکارێکی سەرەکیی نەوتی خاوە، بەڵام بەراورد بە ساڵی 2013، لە نیوەی دووەمی 2021ــدا، ئاستی هاوردەکردنی نەوتی خاو لە وڵاتی چین گەیشتە نزمترین ئاست.

ناوەندی S&P Global Platts، هۆکاری سەرەکی پشت کەمبوونەوەی خواستی چین بۆ نەوتی خاو دەبەستێتەوە بە سیاسەتی چین بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و دۆزینەوەی کێڵگەی نوی، جگە لەوەی بەکاربردنی نەوتی یەدەگی عەمبارکراو لە کاتی پێویست، ئەمەیش لە داهاتوودا چین دەکات بە خاوەن گەورەترین پاڵاوگەی عەمبارکردنی نەوت. ئەم هۆکارانەی باسکران، یارمەتیدەری ولاتی چینن بۆ پاراستنی بازاڕەکانی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

 

وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان

ناوەندی WSJ لە راپۆرتێکیدا بە وردی کاریگەریەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەسەر گەشەی ئابووری رووندەکاتەوە، لێکەوتەکانی بۆ هەر وڵاتێک دەخاتەڕوو، سەبارەت بە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان ، ناوەندە ئەمریکاییەکە پێی وایە، وڵاتانی ئابووری تازە پێگەیشتوو، زیانمەندی یەکەمن لە هەر بەرزبوونەوەیەک و نزمبوونەوەیکی نرخی نەوت، چونکە ئەو گۆرانکارییە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر بودجەی فەرمی حکوومەتەکانیان و لە بەرامبەردا نرخی کاڵا و خواردن بەرز دەبێتەوە، ئەمەیش دەبێتە هۆی بەکاربردنی پارەی زیاتر لە لایان خێزانەکانەوە.

وڵاتانی رووسیا و بەرازیل، دوو نموونەی زیندووی ئەو ئابووریە تازە پێگەیشتوانەن، کە قەیرانەکانی نرخی نەوت  بازارەکانی گرتن و  بووە هۆی بڕیاری زیادکردنی نرخی سوی بانکی لە لایان حکوومەتەکانیانەوە، لەپێناو پاراستنی هاوسەنگی لە رێژەی هەڵئاوساندا.

هەروەها ئەگەر وڵاتێکی وەک تورکیا بە نموونە وەربگرین، هەر بەرزبوونەوەیەک بە بڕی 10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکی نرخی نەوت، دەبیتە هۆی زیادبوونی کورتهێنانی بودجەی تورکیا بە بڕی 4 ملیار دۆلار، ئەمە جگە لەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان بە بڕی ٪0.5 زیاد دەکات، هەمان هاوکێشە لەسەر ئابووری وڵاتانی هیندستان و ئەفریقیا جێبەجێدەبێت.

لێکەوتەکانی گۆران لە نرخی نەوت تەنیا لە چوارچێوەی چەند وڵاتێک و ئابووریە پێشکەوتتوەکان خۆی نابینێتەوە، بەڵکو چەندین ڕەهەندی تری بەدوا دا دێت لەوانە:

گرفتە کۆمەڵاتییەکانی گۆران لە نرخی نەوتدا

بەرزی و نزمی لە بازارەکانی نەوتدا، بۆیە هۆی لێکەوتەی نێگەتیڤ لەسەر ئابووری وڵاتەکانی پشت بەستوو بە داهاتی نرخی نەوت. وڵاتانی بەرازیل و پاکستان، بە هۆی قەیرانی نرخی نەوت لەسەردەمی کۆرۆنادا، بووە هۆی کەمکردنەوەی رێژەی مووچەی هاوڵاتیانیان بە رێژەی ٪25، هاوکات عێراق و هەرێمی کوردستانیش، یەکێک بوون لەو وڵاتانەی کە نزمبوونەوەی نرخی نەوت، بووە هۆی دواکەوتن ولێبرینی ڕێژەیی لە مووچە خۆرانی.

سەرەرای لێکەوتە زیانمەندەکانی، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت  بۆ وڵاتێکی وەک رووسیا و سعوودیە، دەبیتە هۆی بەهێزکردنی بڕی نەوتی عەمبارکراویان و لە ئەنجامدا، ئەو وڵاتانە پەرە بە کیلگە نەوتیەکانیان ودەدەن لە پێناو زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و زێدەترکردنی پرۆژە خزمەتگوازارییەکان.

ئەنجام 

لە نێو ئەو ترس و دڵەراوکێیەی پسپۆڕ و شرۆڤەکارانی بواری وزەدا، گومان  و نادڵنیایی هەیە لە بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، ئەمەیش بۆ چەندی هۆکار دەگەڕێتەوە:

  • ڕێکنەکەوتنی ئەندامانی ئۆپێک پلەس لەسەر بڕی زیادکراو تا کۆتاییەکانی 2022.
  • گەڕانەوەی ئەمریکا و ئێران بۆ ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی خستەڕووی نەوتی ئێران بە بڕی 2.5 بۆ 3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
  • زیادبوونی ڕێژەی تووشبووانی کۆرنا لە ژێر ناوی جودای زنجیرەی پەتای کۆرۆنا، ئاستی خواست دەخەنە ریسکەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین