كازمی لە گەڕانەوەی رووبەڕووی بارودۆخێكی دژوار دەبێتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپەڕی سكای نیوزی عەرەبی لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات، چاوەڕوان دەكرێت بارودۆخێكی دژوار لە بەغدا رووبەڕووی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانى عێراق ببێتەوە، بەهۆی ئەو رێككەوتنانەی لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا كردوویەتی.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تەمووز ماڵپەڕی سكای نیوزی عەرەبی لە راپۆرتێكدا پێشبینی دەكات مستەفا كازمی لەگەڵ گەڕانەوەی لە ئەمریكا رووبەڕووی بارودۆخێكی دژوار ببێتەوە، لەوانەیە هێزە میلیشیاكانی شیعە گرژیی و فشارەكانیان لە دژی كازمی زیاد دەكەن.

راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، هۆكاری هەڵكشانی گرژییەكان لەلایەن میلیشیاكانەوە ناڕۆشنی ئەو رێككەوتنانە دەبێت كە عێراق و ئەمریكا ئەنجامیان داوە. سكای نیوز باس لەوە دەكات تەنیا یەك خاڵ لە رێككەوتنەكان راگەیێندراوە، ئەویش بە خواستی میلیشیاكان نییە، كە پەیوەستە بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.

ئەمریكا و عێراق لەسەر ئەوە رێككەوتوون تا 31ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ هێزە جەنگاوەرەكانی ئەمریكا لە عێراق بكشێنەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە لە هێزەكانی ئەمریكا رۆڵی مەیدانیان نەبێت و تەنیا ئەركیان راوێژ و مەشقكردن بێت. ئەمە خاڵێكە كە میلیشیاكان رەتی دەكەنەوە و دەیانەوێ‌ كازمی پابەند بێت بەو بڕیارەی كە لە كانوونی دووەمی ساڵی 2020 پەرلەمانی عێراق دەریكردووە و دووپات لەسەر دەركردنی تەواوی هێزەكانی ئەمریكا دەكاتەوە.

سكای نیوز ئاشكرای لە سەروبەندی گەڕانەوەی مستەفا كازمی، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەق قودسی سوپای پاسداران بە نهێنی هاتووەتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ تەواوی لایەنەكانی شیعە كۆببێتەوە. جیا لەوەیش چاوەڕوان دەكرێت مستەفا كازمییش لە چەند رۆژی داهاتوودا  سەردانی ئێران بكات.

وەك لە راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ كراوە، پێویست دەكات كازمی دوو جۆرە دیدار ئەنجام بدات یەكەمیان لەگەل لایەنە عێراقییەكانە بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكان ئاگاداریان بكاتەوە، دووەمیشیان لەگەڵ ئێران دەبێت بۆ ئەوەی رازیان بكات بەو بەشە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و لە هەمان كاتیشدا داوا لە ئێران بكات بۆ ئەوەی گوشار بۆ سەر لایەنە عێراقیەكان دروست بكات تا لە سەروبەندی هەڵبژاردن بارودۆخەكان ئارام بكەنەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین