د.سه‌رگوڵ مه‌غدید: نابێت خانمان بۆ لێزه‌ر بچنه‌ ئه‌و سه‌نته‌ره‌ى پزیشكى لێ نییه‌ دیمانە و راپۆرت

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

د. سه‌رگوڵ مه‌غدید، پسپۆڕى پێست و جوانكارى و لێزه‌ر له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌ت، هۆشدارى به‌ خانمان ده‌دات، له‌وه‌ى بۆ لێزه‌ركردن نه‌چنه‌ ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ى كه‌ پزیشكى پێستى لێ نییه‌، ده‌شڵێ، "لێزه‌ر دوو زیانى هه‌یه‌، یه‌كیان پێست ده‌سووتێنێ، ئه‌ویتریان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌ خراپى بكرێت سوودى بۆ كه‌سه‌كه‌ نابێت".

چەند جۆر لێزەر هەیە؟

باشتره‌ ئافره‌تى دووگیان لێزه‌ر نه‌كات
 

بە شێوەیەکی گشتی لێزەر  جۆری زۆرە. بەڵام ئەوەی ئێستا ئێمە باسی دەکەین لێزەری موولابردنە، لێزەری لابردنی موو ئەوەی ئێستا بە زۆری لێرەدا بەکاردێت ئەويش دوو جۆرە، جۆرێکیان لای هاووڵاتیان بە لێزەری گەرم (دایۆد) ناسراوە، ئەویتریش بە لێزەری سارد(ئەلیکساندرایت) ناسراوە. لەگەڵ ئەوەش جۆرێکی تر هەیە لە پێشووتر زیاتر بەکاردەهات ئێستا زۆر کەم بۆتەوە، بەڵام هەندێ کلینیك و سەنتەر هەندێ شوێن ئێستاش هەر ئەو جۆرە بەکاردەهێنن. کە لەراستیدا لێزەر نییە پێی دەگوترێ (ئای پی ئێڵ).

ئەو ژنانەی لێزەر دەکەن بۆ کام بەشی جەستەیان زیاتر لێزەر ئەنجام دەدەن؟

كاتى ده‌وێ تا لێزه‌ر ته‌واوى مووه‌كان لابدات
 

ژنان حەز بە نەمانی هەموو مووی جەستە دەکەن، بۆیە زۆربەی ئەوانەی کە باری داراییان باشە لێزەری بۆ هەموو جەستەیان ئەنجام دەدەن. بەڵام بەشێکی زۆریشیان تەنیا لێزەری دەموچاویان دەکەن. لە پاڵ ژنانیش پیاوانیش ئێستا بۆ نەمانی هەندێ مووی بەشی جەستەی روویان کردۆتە سەنتەرەکان، و لێزەر ئەنجام دەدەن. بە تایبەت مووی گوێ و مل و دیاریکردنی خەتی ریش و سمێل. 

 بەکارهێنانی لێزەر لە لایەن هەندێ سەنتەر بە ناشارەزایى پێشبینی چ زیانێکی تەندروستی لێده‌كرێنت؟

ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی و پرۆفیشناڵ لە لایەن کەسێکی شارەزا بەکاربێت و هەموو خوێندنەوەیەکی بۆ کرد بێت، چونکە هەر ئامێرێکی لێزەر چەند خوێندنەوەیەکی هەیە دەبێت بە جوانی رێکبخرێت، بەگوێرەی پێست و رەنگی پێست و رەنگی موو و تەنکی مووەکە و بەهێزی مووەکە. ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی بە رێکوپێکی دابنرێت، نە لە ژنان نە لە پیاوان هیچ زیانێکی نابێت. لێزەر تاکو ئێستا هیچ زیانێکی وای نەبووە، بەڵام ئەگەر لە لایەن کەسێکی ناشارەزا بکرێت، کە لە ئێستادا هەندێ سەنتەر و شوێن پەیدابوونە هەر کەسە لە شوێنی خۆی لێزەر دەکات، تاکە شت روو بدات لەو حاڵەتانە ئەوەیە کە بە شارەزای ناکرێت لەوانەیە پێستەکە بسووتێنرێت یانیش کەسی وا هەیە، لە چەند شوێنێکی جەلسەی لێزەری کردووە، هیچ سوودێکی لێ نەبینیوە، مووەکانی هەروەکو خۆی ماوە هیچ سوودێکی لێ نەبینیوە. ئەوەش دیارە کە لێزەرەکەی بە شێوەیەکی رێکوپێک بۆ نەکراوە یان خوێندنەوەی لێزەرەکەی لەگەڵ جۆری پێست و رەنگەکەی دیاری نەکراوە. بۆیە باشتر وایە نەچنە ئەو شوێنانە کە پزیشكی لێ نییە یاخود کەسی شارەزا کارەکەی ناکات، باشتر وایە هاووڵاتیان خۆیان لەو شوێنانە بپارێزن .

 

ئێستا خانمان حه‌ز ده‌كه‌ن ته‌واوى جه‌سته‌یان لێزه‌ر بكه‌ن
 

زۆربەی ئەو گرفتانەی کە لە رێگای لێزەر چارەسەر دەکرێت، دەکرێ بە رێگای دەرمانیش چارە بکرێت، دەگوترێ زیادبوونی مووی ئافرەتان لە رووخسار لە ئەنجامی هەندێ کێشەی تەندروستیەوەیە، ئەگەر ئەو کێشانە چارەسەر بکرێت تا چەند لێزەر سوودی دەبێت؟چەند ئێوە نەخۆشەکان ئاگادار دەکەنەوە بۆ ئەوەی بە شێوازی تر چارەسەری خۆی بکات نەوەك بە لێزەر؟

تاکو ئێستا هیچ دەرمانێکی وانییە، بڵێین مووی لادەبات بە رێژەی ١٠٠٪دا و سوودی زۆری هەیە. هەندێ جۆری کرێم هەیە کە مووەکە لاواز دەکات یاخود کەمی دەکاتەوە، بەڵام ئەویش بەقەد لێزەر سوودی نابێت. بۆ هەندێ شوێن نەبێت کە نەخۆشەکە سوودی لێ ببینێ بۆ نموونە مووی دەموچاوی بەڵام ناتوانرێت بۆ هەموو جەستەی بەکاری بێنێت و مووەکە لەناو ببات. ئەگەر کەسێک کێشەی هۆرمۆناتی هەبێت یان مووە زیادەکانی بەهۆی کێشەی هۆرمۆنات یاخود بوونی کیسە لەسەر هێلکەدان و هەندێ کێشەی ژنانە هەیە بەهۆی ئەوانەوە موو زیادەکانی دەبێت پێش ئەنجامدانی لێزەر کێشەکانی چارەسەر بکات بۆ ئەوەی سوود لە لێزەرەکە ببینێت، ئەگەر نا سوود لە لێزەرەکە نابینێت ئەگەر کێشە سەرەکییەکە چارەسەر نەکات. ئەو ئافرەتانەی کە کێشەی ناتەواوی سووڕی مانگانەی هەیە یاخود کەسەکە منداڵی نابێت باشترە سەرەتا چەند پشکنینێک و سۆناری بۆ ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی دڵنیا ببینه‌وە کە کێشەی نییە ئینجا دەست بە جەلسەکانی لێزەر بکات.

ئەگەر ئافرەتێک دووگیان بێت ئاساییە لێزەر بکات ؟

لە ئافرەتی دووگیان هەتاکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەک نەکراوە کە بڵێت لێزەر زیانی هەیە یانیش بیسەلمێنێ زۆر سەلامەتە لە ئافرەتی دووگیان، باشترە لە ئافرەتی دووگیان لێزەر ئەنجام نەدرێت. لەبەر ئەوەی هۆرۆمۆناتی جەستە گۆڕانکارییان بەسەر دێت لە کاتی دووگیانیدا. رەنگە لەو حاڵەتەش سوود لە لێزەرەکە نەکات، لەو کاتەشدا ئێمە وەکو پزیشکی پێست لەو کاتانەدا خۆمان بەدوور دەگرین لە ئەنجامدانی لێزەر.

دەتوانین بڵێین بە لێزەر مووەکان بنبڕ دەکرێن؟

لێزەر مووەکان بنبڕ ناکات دەتوانین بڵێن لاواز و تەنکی دەکات، ماوەیەکی زۆری پێویستە، ئەگەر بیەوێت مووەکە بنبڕ بکات. ئەوەش لە کاتێکدا دەبێت کە چەند جەلسەیەکی سەرەتایی هەیە نەخۆشەکە هەمووی ئەنجام دەدات، ئینجا دوای ئەوەی کە جەلسەکانی سەرەتای تەواو کرد لەدوای ئەوە رەنگە پێویست بکات ساڵێ جارێك یاخود دووجار ئەوپەڕی سێ جار ئەنجامی بدات.

زۆر جار باس لەوە دەکرێت کەسانێک تەنیا لە رێگای خوول فێری لێزەر دەبن و سەنتەر دەکەنەوە؟
 

پیاوانیش روویان له‌ سه‌نته‌ره‌كانى لێزه‌ر كردووه‌
 

ئێمە هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە هاووڵاتیان نەچنە هەموو شوێنێك، بۆ ئەنجامدانی لێزەر. هەمیشە لێزەر لە شوێنێك ئەنجام بدات کە پزیشکی لێبێت. ئەو کەسەی کە لێزەری بۆ دەکات دەبێت کەسێك بێت لە بەشی پزیشکی بێت، خوولێکی باشی کردبێت لەسەر ناساندنی ئامێرەکانی لێزەر و شارەزاییەکی باشی هەبێت، بۆ ئەوەی دوور بێت لە کێشەکانی لێزەر و سووتانی پێست یاخود هاووڵاتیەکە سوود لە لێزەرەکە نەکات.

هەندێ لە خانمان گلەیی ئەوەیان هەیە بەهۆی تیشکی زۆرەوە، پێستیان  تووشی پەڵە بووە، ئەوەش لە دەرئەنجامی ئەوەی کە لێزەرەکە دەکات پسپۆر نییە لەو بوارەدا؟

پێشتریش باسمان کرد، ئەو حاڵەتانەی لە ئەنجامی سووتانی پێستەکە دروست دەبێت و رەنگی پێستەکە ئاسایی نابێتەوە، رەنگی تۆخ دەبێت. بێگومان لەو کاتە روو دەدات کە کەسەکە لێزەرەکە ئەنجام دەدات و شارەزای نییە لە بوارەکە. چونکە لێزەر دەبێت لە لایەن کەسێك بکرێت کە خوول و دەورەی بینیبێت بتوانێت ئامێرەکە بە باشی بناسێت، بەگوێرەی کەسەکە پلە و ژمارەی ئامێرەکە بۆ خودی کەسەکە دەگۆرێت.

چ کەسانێک زیاتر سوود لە بەکارهێنانی لێزەر دەبینن؟

لێزەر زیاتر بۆ ئەو کەسانەی مووەکانیان زیاتر رەش و رەقە باشتر سوودی لێ دەبینن، لێزەری سارد هەموو مووەکان لادەبات و بە‌هێز بێت یاخود لاواز یان رەش بێت بەڵام باشترە ئەوانەی کە مووەکانیان زۆر لاوازن باشترە نەیکەن، چونکە هەندێ جار لەگەڵ ئامێری لێزەری گەرمەکان، لەگەڵ گەرمی تیشکی لێزەرەکە لەوانەیە مووەکانی زیاتر بە‌هێز بووە، بەهۆی ئەو تیشکە گەرمەی کە بەر پێست دەکەوێت. ئامۆژگاری نەخۆش دەکەین کە ئەوەی مووی کەمە لێزە لێبدات، بە جیهازی سارد بەشێوەیەکی باشتر سەلامەترە، ئامۆژگاری نەخۆشەکانیش دەکەم ئەگەر مووەکە زۆر لاواز بێت لێزەری ناوێت و نەیکات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین