توركیا سەركردە هەواڵ

نوچه‌نێت

میدیاكانی جیهان ئەمڕۆ ئاشكرای دەكەن، توركیا عەبدولرەشید دۆستومی ناردووەتەوە ئەفغانستان، كە بە یەكێك میرانی جەنگ دەناسرێت و ئاژانسێكی جیهانیش لە وەسفی دۆستوم دەڵێ‌، "دۆستوم بە گۆڕینی بیڕوڕای سیاسی و وەحشیگەری لە جەنگ ناسراوە".

ئەمڕۆ شەممە حەوتی ئاب، ئاژانسی فڕانس پرێس راپۆرتێكی لەسەر گەڕانەوەی عەبدولرەشید دۆستوم سەركردەی ئۆزبەكی بۆ ئەفغانستان بڵاوكردووەتەوە، چەندان رۆژنامەی تری وەك شەرق ئەوسەت و ئەحوالی توركی و عەرەبی لەندەنی هەواڵی گەڕانەوەی دۆستومیان بۆ ئەفغانستان بڵاوكردووەتەوە.

دوستۆم بەوە تۆمەتبار لە كۆنتینەر دوو هەزار كەسی لە تاڵیبان كوشتووە


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە فڕانس پرێسی وەرگرتووە، عەبدولرەشید دۆستوم چەند مانگێكە لە توركیا چارەسەری وەردەگرێت و لەوێش لەگەڵ هەر یەكە لە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا و خوڵوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا كۆبووەتەوە.
راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن توركیا دەیەوێ‌ دوای كشانەوەی هێزەكانی رۆژئاوای لە ئەفغانستان، رۆڵێكی كاریگەری لە ئەفغانستان هەبێت بۆیە تا ئێستا دەستبەرداری بیرۆكەی پاراستنی فڕۆكەخانەی كابول نەبووە كە گوایە دەیەوێ‌ ئەركەكەی لە ئەستۆی هێزەكانی توركیاوە بێت.

توركیا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی شەڕی تایفەگەری زیندوو دەكاتەوە


راپۆرتەكەی فڕانس پرێس باسی لەوە كردووە، كاتێك توركیا لە نزیكیبوونەوە لە بزووتنەوەی تاڵیبان شكست دەهێنێ‌، ئێستا سەرقاڵی ئەوەیە كارتی ململانێی نەژادی و رەچەڵەكی بەكاربهێنێ‌، بۆیە بایەخ بە عەبدولرەشید دۆستوم دەدات، چونكە دۆستوم سەربە ئۆزبەكەكانە و بزووتنەوەی تاڵیبانیش لەناو پەشتووەكانە، ركابەرییەكی تووندیش لەنێوان ئەم دوو رەچەڵەكە هەیە.
دۆستوم لەدایكبووی 1954 و لە باكووری ئەفغانستان جەماوەرێكی زۆری هەیە و ئێستایش زێدەكەی كە ناوی شبرغانە لەژێر هەڕەشە و هێرشی بەردەوامی تاڵیبانە، بۆیە  فڕانس پرێس باس لەوە دەكات رۆژی چوارشەمی رابردوو دۆستوم رەوانەی ئەفغانستان كراوەتەوە و بڕیارە لەگەڵ ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەفغانستان كۆببێتەوە.
لەنێوان ساڵانی 2015 و تا 2019 عەبدولرەشید دۆستوم جێگری ئەشرەف غەنی بوو، بەڵام دواتر لێی هەڵگەڕاوەتەوە و پشتی تێكردووە. راپۆرتەكەی فڕانس پرێس باس لەوە دەكات دۆستوم بە گۆڕینی بیروڕای سیاسی و وەحشیگەری لە جەنگەكان ناسراوە و تەنانەت بەوە تۆمەتبارە لە ساڵی 2001 نزیكەی دوو هەزار چەكداری تاڵیبانی لە كۆنتێنەر كوشتووە، بەڵام ئەو هەمیشە ئەو تۆمەتانە رەت دەكاتەوە. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین