ئەردۆغان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان كۆده‌بێته‌وه‌ هەواڵ

نوچه‌نێت

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا له‌ دیمانه‌یه‌كى ته‌له‌ڤزیۆنى ئاشكراى كرد، چاوه‌ڕوان ده‌كات له‌ ماوه‌ى داهاتوودا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبانى ئه‌فغانستان كۆببێته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ توركیا عه‌بدولره‌شید دۆستومى ره‌وانه‌ى ئه‌فغانستان كردووه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى به‌ره‌نگارى پێشڕه‌وییه‌كانى تاڵیبان ببێته‌وه‌.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٢)ى ئابى (٢٠٢١) ماڵپەڕى (حوڕە) بڵاویكردووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆمارى توركیا لە دیدارێكى كەناڵى CNN TURK  گوتوویه‌تى، "ئاڵۆزییەكانى ئەو دواییەى ئەفغانستان و دۆخى گەلى ئەفغان نیگەرانیان كردووم. گفتوگۆكانى بەرپرسانى توركیاش لەگەڵ تاڵیبان بەردەوامە، بۆیە ئەگەرى ئەوە لە ئارادایە لە ماوەى داهاتوو پێشوازى لە هیبەتوڵا ئاخوندزادەى سەرۆكى تاڵیبان بكەم، بۆ چارەسەكردنى دۆخى ئەو وڵاتە".

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئەردۆغان ده‌ڵێ، "گفتوگۆكانى توركیا لەگەڵ تاڵیبان وەك بەشێكە لە دانوستانەكانى ئاشتى لە ئەفغانستان، ئەگەر لەسەر ئاستى باڵا لەگەڵ بەرپرسانى تاڵیبان سەركەوتوو نەبین بۆ چەسپاندنى ئاشتى، ئەمجارە ناتوانین ئاشتى لەو وڵاتە بەرقەرار بكەین".

هه‌فته‌ى رابردوو ئاژانسى فڕانس پرێس ئاشكراى كرد، كه‌ توركیا عه‌بدولره‌شید دۆستومى گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ ئه‌فغانستان، بۆئه‌وه‌ى به‌ره‌نگارى تاڵیبان ببێته‌وه‌. فڕانس پرێس و چه‌ند ئاژانسێكى تر ئاشكرایان كردووه‌ توركیا هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى كاریگه‌ريى خۆى له‌سه‌ر ئه‌فغانستان دابنێ.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین