د.ئارەزوو حەسەن: پزیشكانى ددان له‌ كوردستان ركابه‌رى له‌گه‌ڵ پزیشكانى وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن تەندرووستی
دکتۆرە ئارەزوو حەسەن پزیشکی پسپۆری ددان كه‌ نیشته‌جێى هه‌ولێره‌، له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ "نوچه‌نێت" باس له‌ چه‌ند لایه‌نێكى گرنگى ته‌ندورستى ددان ده‌كات و له‌باره‌ى جوانكاریی ده‌ڵێ، "پزیشكانى ناوخۆ ركابه‌رى له‌گه‌ڵ پزیشكانى وڵاتانى پێشكه‌وتوو ده‌كه‌ن".

 


سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

 

ده‌كرێ سه‌ره‌تا وه‌ك بیرهێنانه‌وه‌یه‌ك باس له‌ گرنگى ددان بكه‌ین بۆ ژیان و ته‌ندروستى مرۆڤ؟

ددان پێکهاتەیەکی گرنگی جەستەی مرۆڤە چەندان ئەرکی گرنگی هەیە، له‌وانه‌ بەشدارە لە کرداری هەرسکردن زۆربەی منداڵان بەهۆی ئازاری ددان تووشی کێشەی هەرسکردنی خۆراک دەبن. زۆرجار گەورەکانیش بەهۆی نەبوونی ددان ناتوانن قۆناغی یەکەمی هەرسکردن لە ناو دەم بە رێکوپێکی ئەنجام بدەن، بۆیە بەردەوام توشی ئاوسانی سك و چەندین گرفتی تایبەت بە هەرسکردن دەبنەوە. له‌به‌ر ئه‌وه‌ گرنگە وەك چۆن ددانی هەمیشەیی پارێزگاری لێ دەکرێت ئاواش ددانی شیری پارێزگاری لێ بکرێت.

بۆنى ناخۆشى ده‌م
ئه‌گه‌ر هۆكاره‌كه‌ى ددان بێت
چاره‌سه‌ر ده‌كرێت
 

دووەم ئەرکی ددان، لەکرداری ئاخافتن بەدی دەکرێت. ددان دەبێتە هۆی رێكبوون لە دەربڕینی وشە زۆرجار بەهۆی بچووکی یاخود بەهۆی نەبوونی ددانی پێشەوە گرفت دروست دەبێت لە دەربڕینی چەندان وشە.  
ددان بەرپرسە لە جوانی سیمای دەم وچاوی مرۆڤ، دەکرێ یەکەمین واجهەی جوانی نیشاندانی روخساری مرۆڤە، کە کەسایەتییەکی تایبەت دەبەخشێ بە مرۆڤ. ئەوانەی کێشەی ددانیان هەیە لە روانگەی کۆمەڵایەتی و دەروونی هەست بە کەموکوڕی و شەرمەزاری دەکەن.

هۆکاری کلۆری ددان چییە؟

وەکو هەموو جەستەی مرۆڤ کە پێویستە پاك رابگیردرێ. ددانیش پێویستیە پارێزگاری لێ بکرێت، راستە ددان بە رواڵەت لە ئێسك رەقترە بەڵام زۆر هەستیار و ناسکە.
دوای ئەوەی پاشماوەی خۆراك لەسەر ددان و لابەلای ددانەکان بەجێ دەمێنێت بەکتریا دەست بە شیکردنەوەی ئەو خۆراکانە دەکات. ترشه‌ڵۆكێك دروست ده‌بێت كه‌ میناى ددان كون ده‌كات و مینایش ره‌قترین چینى ددانه‌. لەو کاته‌ کلۆربوون دەست پێدەکات. تەنها پڕکردنەوە  چارەسەرە بۆ نەمانی ئەم کێشەیە .

چۆن پارێزگاری لە دەم و ددان بکەین؟

ده‌بێت وه‌ك ددانى هه‌میشه‌یى
پارێزگارى له‌ ددانى شیرى بكه‌ین
 

بۆ پارێزگاریکردن بەر لە کلۆربوون رووبدات. بە رێگای شوشتن و بەکارهێنانی داوی ددان، دووربین لە بەکارهێنانی داری ددان چونکە دەبێتە داخورانی ئێسکی ددان. نابێ خواردنی سارد و گەرم لە یەك کاتدا بخورێت، نەخواردنەوەی گازییەکان، دوورکەوتنەوە لە خواردنی شیرنەمەنییەکان، بۆ منداڵ بەکارهێنانی فلۆرای بۆ بە‌‌هێزکردنی ددانەکانی، بەکارنەهێنانی مەمەی شیری وشك بۆ منداڵ بە تایبەت لە شەو دەبێتە کۆبوونەوەی بەکتریا و کلۆربوونی ددان. رێگریکردن لە مژینی پەنجە، چونكه‌ هۆکارێکە بۆ نارێکی ددانەکان.

ئایا ته‌نیا ددان ده‌بێته‌ هۆى بۆنى ناخۆشى ده‌م؟

چەندان هۆکار دەبنە هۆی بۆنی دەم وەك کێشەی (لەوزەتێن، هەوکردنی گەدە، هەوکردنی پوك، کلۆربوونی ددان) ئەگەر هۆکاری تایبەت ددان بێت پاش چارەسەرکردن بۆنی دەم و ددان نامێنێت، چونکە بۆنی دەم هۆکارێکە بۆ بێزارکردنی کەسی بەرانبەر و نا ئاسوودەیی تاك. چەندان غەر‌غەرەی تایبەت بۆ بۆن خۆشکردنی دەم هەیە سەره‌ڕای ئەوەی کە هەوکردنی پوکیش ناهێڵێت.

دەگوترێ ئێستا پزیشکی ناوخۆ له‌ بوارى ددان لەرووی جوانکاریی و تەکنەلۆجیا کێبرکێی دەرەوە دەکەن؟

به‌ڵى ئه‌مه‌ راسته‌، پزیشکانی ناوخۆ پێشبرکێی پزیشکانی جیهانی دەکەن. زانستی  پزیشکی ددان له‌ كوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، بگرە زۆر بە تواناترن لە پزیشکانی بیانی .

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین