داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كرێت له‌ برى بودجه‌ى ئه‌مساڵ بودجه‌ى ساڵى داهاتوو ئاماده‌ بكات کوردستان- عێراق

سیهام میران – نوچەنێت

ئه‌مڕۆ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان كۆبووه‌ته‌وه‌ و له‌ راگه‌یێندراوێكدا ئاشكراى ده‌كات كه‌ نووسراوێك ئاراسته‌ى حكومه‌ت ده‌كه‌ن و داوای لێ دەکەن له‌برى بودجه‌ى ئه‌مساڵ بودجه‌ى ساڵى 2022 ئاماده‌ بكرێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17ى ئاب لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتى زیاد جه‌بار سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ كۆبووه‌ته‌وه‌ و به‌گوێره‌ى راگه‌یێندراوێكى فه‌رمى كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى په‌رله‌مانى كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ك باس له‌ پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان كراوه‌ و بڕیارێك له‌م باره‌یه‌وه‌ دراوه‌.

له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان هاتووه‌، " لیژنه‌ بڕیاریدا نووسراوێك ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بكات و تێیدا داواى ئه‌وه‌ بكات كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ برى ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢١ بۆ په‌رله‌مان، پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ى ساڵی ٢٠٢٢ ئاماده‌ بكات، بۆئه‌وه‌ى بتوانرێت له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌رى داهاتوودا له‌ كاتی یاسایی خۆیدا پڕۆژه‌یاساكه‌ بۆ په‌رله‌مان بنێرێت، هه‌روه‌ها لیژنه‌كه‌ داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كات له‌ برى ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ٢٠٢١، حكومه‌تی هه‌رێم دوو به‌یان مالی بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌م و دووه‌مى ساڵی ٢٠٢١ بۆ په‌رله‌مان بنێرێت و له‌ كۆتایی ساڵیش ژمێره‌ى كۆتایی و ڕاپۆرتی چاودێریی دارایی بۆ په‌رله‌مان ڕه‌وانه‌ بكات".

بڕیار بوو له‌ ناوه‌ڕاستى مانگى شوباتى رابردوو پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان بۆ ساڵى 2021 ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان بكرێت، وێراى ئه‌وه‌ى چه‌ند جارێك له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌ى له‌سه‌ر كراوه‌، به‌ڵام تا ئێستا ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان نه‌كراوه‌.

یاد جه‌بار سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مان له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت گوتى، "بێگومان نەتوانرا بودجه‌ ئامادە بکرێت، نەنێردرا بۆ پەرلەمانی کوردستان لە سەرەتایی ساڵەوە چاوەڕوانی پرۆژەیاساى بودجەی٢٠٢١ بگاتە پەرلەمانی کوردستان. وا ئێستایش ناوەڕاستی مانگی هه‌شته‌ تاکو ئێستا ئەو پرۆژەیە نەگەیشتووە، پرۆژەکە ئەگەر لە داهاتویەکی نزیك نەگات ئەو گرنگیەی نامێنێت".

له‌ لێدوانه‌كه‌ى سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان ناردنى هه‌ر پڕۆژه‌یاسایه‌كى بودجه‌ى بۆ په‌رله‌مان به‌ گرنگ زانى و گوتى، "بۆ ماوی حەوت تا هەشت ساڵ دەبێت پرۆژە یاساى بودجە نەهاتۆتە پەرلەمانی کوردستان، راستە ئەگه‌ر دوا بكه‌وێت گرنگی نامێنێت، به‌ڵام هەر کاتێکیش بێت باشترە لەوەی هەر نێتە پەرلەمانی کوردستان. لەبەر ئەوە ئێمە داوامان کردووە ئەگەر حکومەتی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەکەی بۆ ئامادە ناکرێت لە مانگی دە بە پێی پەیرەوە دەبێت پرۆژە بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ بگاتە پەرلەمانی کوردستان، ئەو کاتە ئەو پرۆژەیەمان بۆ بنێرن". 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین