نێچیرڤان بارزانى له‌ شانشینى مه‌زن ناوخۆیی

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشته‌ له‌نده‌ن و بڕیاره‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران و چه‌ندان به‌رپرسى ئه‌م وڵاته‌ كۆبێته‌وه‌، به‌ گوته‌ى چاودێرانى سیاسى سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ریتانیا گرنگییه‌كى تایبه‌تى خۆى ده‌بێت بۆ هه‌رێمى كوردستان، به‌ تایبه‌تى كه‌ ده‌زانرێت پێشتر به‌ریتانیا پاڵپشتى خۆى بۆ سه‌رخستنى سیاسه‌تى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان راگه‌یاندووه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ى ئه‌یلوول نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان گه‌یشته‌ به‌ریتانیا و بڕیاره‌ سه‌ردانه‌كه‌ى سێ رۆژ بخایه‌نێ. ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌یێندراوێكدا باس له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى ده‌كات و ده‌ڵێ، " سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ میانى سه‌ردانه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان بۆریس جۆنسۆن سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرانى ده‌ره‌وه و به‌رگرى و به‌رپرسانى دیكه‌ى به‌ریتانیا كۆده‌بێته‌وه‌ و بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنى بواره‌كانى هاریكارى و هاوبه‌شیى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا، شه‌ڕى دژى تیرۆر، دۆخ و سه‌قامگیریى عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى تاوتوێ ده‌كه‌ن".
ئه‌و سه‌ردانه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دواى قبووڵكردنى بانگهێتشنامه‌یه‌كى فه‌رمى دێت، كه‌ پێشتر دومنیك راب وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا له‌ كاتى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ هه‌ولێر له‌سه‌ره‌تاى مانگى حوزه‌یرانى رابردوو پێشكه‌شى نێچیرڤان بارزانى كرد بوو، بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانى به‌ریتانیا بكات.
په‌یوه‌ندى نێوان هه‌رێمى كوردستان و به‌ریتانیا مێژووییه‌كى درێژى هه‌یه‌ و هه‌ر دوو لایش ستایشى یه‌كتر ده‌كه‌ن، ئه‌و كاته‌ى راب سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانى كرد و دیدارى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى گوتى، "ئێمه‌ دۆستى گه‌لى كوردین، په‌یوه‌ندییه‌كى مێژوویمان هه‌یه‌ و چه‌ندان ئاسته‌نگ رووبه‌ڕوومان بووه‌ته‌وه‌" راب ستایشى هه‌رێمى كوردستانى كرد و گوتى، "من له‌و باوه‌ڕه‌م هه‌رێم ده‌توانێ رووبه‌ڕووى مه‌ترسییه‌كانى داعش بێته‌وه‌ و ئێمه‌یش له‌ هاوكارى پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بین".
نێچیرڤان بارزانیش ئه‌و كات گوتى، "به‌ریتانیا رۆڵێكى سه‌ره‌كى هه‌بووه‌ له‌ بونیادنانى ناوچه‌ى ئارام له‌ ساڵى 1991، كه‌ ئه‌مه‌یش سه‌ره‌تایه‌كى نوێى بوو بۆ هه‌رێمى كوردستان، له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌ریتان له‌ ته‌واوى بواره‌كان به‌رده‌وامه‌".

به‌رپرسێكى به‌ریتانیا:
نێچیرڤان بارزانى له‌سه‌ر ئاستێكى فراوان 
هاوكاره‌ بۆ یه‌كخستن و ئاشتكردنه‌وه‌


جیا له‌ پاڵپشتى به‌رده‌و‌امى به‌ریتانیا بۆ هه‌رێمى كوردستان و  گه‌لى كورد، چاودێرانى سیاسى پێیانوایه‌ به‌ریتانیا هاوشێوه‌ى فه‌ڕه‌نسا و ئه‌مریكا و وڵاتانى تر، سیاسه‌تى نێچیرڤان بارزانی به‌لاوه‌ په‌سه‌نده‌ و پێشتر به‌رپرسانى به‌ریتانیا به‌ راشكاوى باسیان له‌وه‌ كردووه‌، له‌وانه‌ جیرمى هه‌نت وه‌زیرى پێشووى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا، ئه‌و كاته‌ى نێچیرڤان بارزانى وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵبژێردرا گوتى، "خۆشحاڵم نێچیرڤان بارزانى وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵبژێردرا، ئه‌و هاوكاره‌ بۆ یه‌كخستن و ئاشتكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستێكى فراوانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق".
نێچیرڤان بارزانى ئه‌و كاته‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان بووه‌ له‌ ساڵى 2014 سه‌ردانى به‌ریتانیاى كردووه‌،  جگه‌ له‌ دیدارهى ئه‌م جاره‌، جارێكى تریش له‌ هه‌ولێر دیدارى له‌گه‌ڵ بۆریس جۆنسن كردووه‌. ماڵپه‌ڕى ئیلافى عه‌ره‌بى كه‌ له‌ به‌ریتانیایه،‌ ئه‌مڕۆ راپۆرتێكى له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا باس له‌وه‌ ده‌كات ئامانجى یه‌كه‌مى سه‌ردانه‌كه‌ى به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندى دووقۆڵى نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ به‌ریتانیایه‌ و خاڵى دووه‌میش دۆسیه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆره‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین