هه‌ڵاوسان له‌ عێراق به‌ رێژه‌ى 8% به‌رزبووه‌ته‌وه‌ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق ئاشكراى كرد، هه‌ڵاوسان به‌ به‌راورد به‌ ساڵى رابردوو به‌ رێژه‌ى 8.1% به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و ته‌نیا له‌ مانگى ئابى رابردوویش به‌ رێژه‌ى 1.1% به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19ى ئه‌یلوول وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق له‌ راگه‌یێندراوێكدا رێژه‌ى به‌رزبوونه‌وه‌ى هه‌ڵاوسانى خستووه‌ته‌ڕوو ده‌ڵێ، "له‌ مانگى رابردوو (ئاب) به‌ رێژه‌ى 1.1% به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و به‌ به‌راورد به‌ مانگى ئابى ساڵى رابردوویش هه‌ڵاوسان به‌ رێژه‌ى 8.1% به‌رزبووه‌ته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ دروستى ئه‌و ئامارانه‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى پلاندانان ده‌ڵێ، "ده‌زگاى ناوه‌ندى ئامار، له‌میانه‌ى به‌شى ژماره‌ پێوانه‌ییه‌كان، مانگانه‌ هه‌ڵده‌ستى به‌ ئاماده‌كردنى ژماره‌ پێوانه‌ییه‌كان بۆ نرخى به‌كاربردراو، به‌ شێوه‌یه‌كى مه‌یدانى چاودێرى گۆڕانى نرخه‌كان ده‌كات، كه‌ زیاتر له‌ 333 شتومه‌ك له‌ ته‌واوى پارێزگاكان له‌ خۆ ده‌گرێت و ئه‌م شتانه‌یش 88% قه‌باره‌ى خه‌رجى ته‌واوى خێزانى عێراق پێكده‌هێنن".

دواتر به‌ ئامارى ورد زانیارى له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى هه‌ندێك شتومه‌ك ده‌خاته‌ڕوو له‌وانه‌:

خواردن و خواردنه‌وه‌ ناكحولییه‌كان به‌ رێژه‌ى 4.5% به‌رز بوونه‌ته‌وه‌، سه‌وزه‌ به‌ رێژه‌ى 21.7% به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و میوه‌ به‌ رێژه‌ى 2.3%، نان و گۆشت و دانه‌وێڵه‌ به‌ رێژه‌ى 0.9%، ماسى به‌ رێژه‌ى 0.6%، ماست و په‌نیر و هێلكه‌ به‌ رێژه‌ى 0.5 ، به‌شى خواردنگه‌ و هوتێله‌كان به‌ رێژه‌ى 2.6% به‌رزبوونه‌ته‌وه‌.
به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ دوایین مانگى ساڵى رابردوو عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى دارایى نرخى دینارى به‌رانبه‌ر به‌ دۆلار دابه‌زاند، ئه‌وا  نرخى شتومه‌ك له‌ بازاڕه‌كانى عێراق به‌رزبووه‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین